ئامانج لەهێرشەکانی ئیسرائیل و کاردانەوەی ئێران،چییە؟… عەبدوڵا مەحمود

0

لەناوجەرگەی بەردەوامی گفتۆگۆکانی ئەمریکاو ئێران… دەوڵەتی ئیسرائیل بە پشتیوانی هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا هیرشێکی فراوانی کردە سەر دامەزراوە سەربازی و هەواڵگری و بنکە ئەتۆمیەکانی ئیران، لەم هیرشەدا دەیان فەرماندەی باڵای سەربازی و هەواڵگری و پسپۆری بواری فیزیاو ئەتۆمی کوژران، لەپاڵ ئەمانەدا دەیان هاوڵاتی سفیل بوونە قوربانیی. لەبەرامبەر بە هێرشی ئیسرائیلدا، دەوڵەتی ئیران لە رێگای سەدان درۆن و موشەکەوە ئیسرائیلی بۆمباباران کرد.

لەو نێوەدا ئەمریکا نەک تەنها پشتیوانی لەهێرشی سەربازی ئیسرائیل کرد، بەڵکو بەپێداگری لەسەر دانووستانەکان و بەردەوامی کۆبونەوەکان، ئیرانی غافڵگیر کرد و ژینگەی بۆ وەشاندنی گەورەترین گورز بۆ سەر ئیران سازکرد.

پاساوی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ هێرشەکانی سەر ئیران، بەردەوامی ئیران و هەوڵەکانیەتی بۆ دەستراگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، ئیرانیش پیتاندنی یۆرانیۆم و بە مافێکی یاسایی خۆی دەزانێت و وەکو خۆیان رایان گەیاندووە مەبەستیان کەڵک لێوەرگرتنیەتی وەکو سەرچاوەیەکی وزە.

ململانێی نیوان هەردوو لا لەسەر دەستراگەیشتنی ئیڕان بە چەکی ئەتۆمی و ڕیگەگرتن لەوەی ئیران بەو ئامانجە بگات، تەنها ویستگەیەک و پاساوێکی دیاریکراوە بۆ ململانێیەکی گەورەتر لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، لە هاوسەنگی هێزی تازەی ناوچەکەدا.

دەوڵەتی ئیسرائیل کە خۆی تاکە دەوڵەتی ناوچەکەیە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و لە پشتیوانی ئەمریکای خاوەن جبەخانەو بەکارهێنەری چەکی ئەتۆمی و وڵاتانی ئەوروپا بەهرەمەندە، دەیەوێت بە پاساوی نزیک بوونەوەی ئیران لە چەکی ئەتۆمی و خستنەروو وە قەبەکردنی هەوڵەکانی ئیران، مەترسی ئیران لەسەر داهاتووی ئیسرائیل و ناوچەکەو جیهان بخاتە روو، تا لەو رێگایەوە رەوایەتی بە هیرش و ملهوری خۆی لەناوچەکە بدات، ئەمەش ویستگەی دووەمی جەنگە، ئامانج لێی باڵادەستی خۆی و لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و جێگیکردنی ئەم باڵادەستیەیە.

ئەمریکا و دەوڵەتی ئیسرائیل لە هاوسەنگی هیزی تازەی ناوچەکەدا، بەکەڵک وەرگرتن لە لاواز بوونی پیگەی ئیران لەبەین بردنی توانایی هیزە نیابەتیەکانی لەئارایشی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، خوازیاری باڵادەستی بەسەر بەسەر تەواوی رۆژڵاتی ناوەراست و تەواوی ناوچەکەدان و دەیانەوێت ئەم ناوچەیە بەتەواوەتی بکرێتە زۆنێکی دوور لە هەژموون و باڵادەستی چین و روسیا. چ گفتۆگۆکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و چ هیرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئیران لە بنەرەتدا بەدوای ئەو ئامانجەوەیە.

بۆ دەوڵەتی ئیران، لە کاتێکدا پەڕو باڵەکانی لە وێستگەی یەکەمی جەنگی نیوان ئیسرائیل و حەماسدا، کراوە و هیزە نیابەتیەکانی لە حەماسەوە بۆ حزب اللە تیکشکاون، بەروخانی رژێمی بەشار ئەسەد، هەژموونی لە ئاستی ناوچەکەدا پاشەکشەی پیكراوە. هاوکات حوسیەکانی یەمەن و هیزەکانی حەشدی شەعبی لەبەردەم گوشار و هیرشی ئەمریکادان و خودی باڵادەستی بەسەر دەوڵەتی عێراقدا، دریژکراوەی برگەی یەکەمی جەنگەکەو ئامانجی دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەمریکایە.

ئیران لەم دۆخەدا پێویستی بە بەرگری لەخۆیەتی و نایەوێت لە ناوچەکەدا بە لاوازی بمێنێتەوە و جەمسەرەکانی تر باڵادەستیان لەناوچەکەو بەتایبەتیش ئیسرائیل پیگەی زاڵ و جێگیر بێت. بۆ ئیران دەستراگەیشتنی بەچەکی ئەتۆمی دەتوانێ نەک قەرەبوونی لاواز بوون و لەبەین چوونی هیزە نیابەتیەکانی بکاتەوە، بەڵکو دەتوانێت ئیران بکاتەوە بە یاریزانێکی کارا لە ئاستی ناوچەکەدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەفەرمی بناسێت، دیارە دەستراگەیشتنی ئیران بە چەکی ئەتۆمی بۆ بەکارهێنان و پیشبرکێی چەکی ناوکی نییە، بەڵکو بۆ جێخستنی باڵادەستی خۆیەتی وەکو جەمسەرو قوتبێکی ناوچەیی. 

ئیران وەکو دەوڵەتێکی کارا و جیو سیاسی و ستراتیجی و لەناوچەکدا، وە بەوێنەی جەمسەرێکی گەورە مل بەو پیگەیە نادات کە ئیستا بۆتە ئەمری واقع. ئیران هەم نیگەرانی باڵادەستی دەوڵەتی ئیسرائیل و هەم نیگەرانی باڵادەستی دەوڵەتی تورکیایە و هاوکاتیش پێگەی لە عێراقدا لەبەردەم هەرەشەی بەردەوامدایە، بۆیە دەیەوێت باڵانسێک لە نێوان خۆی و جەمسەرەکاندا لە رێگای ڕیکەوتن لەگەڵ ئەمریکا زامن بکات… واتە چ ئەمریکا و چ ئیران بەدوای بەرژەوەندی واوەتر لەپرسی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆمدایە.

دەوڵەتی ئەمریکا گێرانەوەی ئیران بۆ ڕیکەوتنی بەرجام و سنوردارکردنی تواناییەکانی بەدوای لاواز بوون و جڵەوکردنی هیزە نیابەتیەکانی، دوور راگرتنی ئیران لە هاوپەیمانیەتی دوور مەوداو ستراتیجی لەگەڵ چین و روسیا، پارێزراوبوونی بەرژەوەندیەکانی،  ئامانجی سەرەکیەتی… لەو نێوەدا پرسی چەکی ئەتۆمی و نیگەرانیەکانی ئیسرائیل لە دەست راگەیشتنی ئیران بە چەکی ئەتۆمی پرسێکی ترە.

ئەمریکا بە مەبەستی داسەپاندنی زۆرترین لە خواستەکانی و وەڵامدانەوە بە ویستی ئیسرائیلیش، دەیەوێت زۆرترین گوشار بەکاربهێنێت، ئەم هیرشەی ئیسرائیل بۆسەر ئیران هەنگاوێک لەو راستایەدایە.

ئەم هیرشەی ئیسرائیل و کاردانەوەی ئیران، بەدوور دەزانرێت ببێتە شەرێکی درێژ مەدودا، و پرسی روخاندنی رژێمی ئێرانێش لەئێستادا لە ئارادا نییەو ئەگەرێک نییە. بۆ ئەمەریکا و پشتیوانیشی لە ئیسرائیل، ئامانج ڕیکەوتنە لەگەڵ ئێران و ڕیگەگرتنە لەوە ئێران هەڕەشە بێت لەسەر بەرژەوەندیییەکانی لەناوچەکەدا کە بەدوای روخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و باڵادەستی ئیسرائیل، لاواز بوونی رۆڵی چین و روسیا، بەرەو سەر چووەو رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆتەوە بەشێک زۆنی باڵادەستی ئەمریکا… ئەمریکا دەیەوێت ئەو باڵادەستی و پیگەیەی جێگیر بکات.

دەوڵەتی ئیران لە ژێر گوشاری پیگەی لاوازبووی ئێستایداو بەهێرشی راسپێردراوی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە،  ناچارە بگەڕیتەوە بۆ ڕیکەوتن لەگەڵ ئەمریکادا. لەبەرامبەردا ئیران خواستی ئەوەی هەیە، وەکو هێزێکی کاراو ڕیگەپێدراو بە ڕیکەوتن لەگەڵ ئەمریکادا، لەناوچەکدا وەکو یاریزانیکی ناوچەیی بمێنێتەوە و جەمسەرێکی بەرەسمی ناسراوی ناوچەیی بێت لە گۆرەپانەکەدا. دەوڵەتی ئەمریکا لەو بارەیەوە کێشەیەکی نییە و دەیەوێت ئیران وەکو بلۆکێکی ناوچەیی لە بەرامبەر بە تورکیادا بمێنێتەوە بەو مەرجەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەناوچەکە نەخاتە مەترسیەوە و لە دەستراگەیشتن بەچەکی ئەتۆمیش بەمەبەستی سەربازی، دەست هەڵبگرێت… ئیران و ئەمریکا سەرئەنجام لەو چوارچیوەیدا بەڕیکەوتن دەگەن و هێرشی سەربازی ئیسرائیل و کاردانەوە سەربازیەکانی ئیرانیش دریژە ناکێشێت و کۆتایی پێ دێت.

ئەم پرۆسەیەو ئەم ئاڵوگۆرانە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دۆخی تەواوی ناوچەکە و بەدیاریکراوی لەسەر سوریا و تورکیاو عێراق و کوردستان و هاوسەنگی هیزە سیاسیەکانی دەبێت…  

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.