”ژن، ژیان، ئازادی“ و ناتانیاهۆ!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

ناتانیاهۆ کە نوێنەری دەوڵەت و ڕاستێکی دینی و عیرقیە و تا ئێستا هەموو بەشەرییەتی ناوچەکەی ڕووبەڕوی تەنگانەیەکی گەورە کردۆتەوە و چەند میلیۆن دانیشتوانی غەززە و خەڵکی فەڵەستنی بە پێی سیاسەتی پاکتاوکردن و ئاپارتایدێکی بێشەرمانە لە منداڵ و پیر و گەنج  فەڵەستینی دەربەدەر و بێماڵ و حاڵ کردوە و گۆڕیونی بە ئاوارەی دەوار نشین، کە تەنانەت ڕێگەی کۆمەکە ئینسانیەکانیشی لێگرتون، خەریکە بێشەرمانە پۆز بە شیعاری خەڵکی ئازادیخوازی ئێرانەوە، بە شیعاری ژنان و کچان و میلیۆنان هاوڵاتی ئەو وڵاتەوە لێدەدا کە لە گۆڕنانی ڕژێمێکی تری دینی و کۆنەپەرستی هاوشێوەی دەوڵەتی مەزهەبی ئیسرائیل بەرزیان کردبوویەوە. ئەمە ئیهانەیەکی حەقیرانەی شعوری ئازادیخوازانەی ژنان و بەشەرییەتێکی تێنوی ڕزگاری لە حکومەتە دینی و کۆنەپەرست و چنگ بە خوێنە بۆرژواییەکانی وەکو حکومەتی ئاخوندەکانی ئێران و حکومەتی حاخامە چنک بە خوێنیەکانی وەکو دەوڵەتی نەژادپەرەستی ئیسڕائیلە.

تا ئێرە واقیعاتێکی تاڵ و دەردناک کە ئەم دوو هێزە کۆنەپەرەست و چنگ بەخوێنە دینی و مەزهەبیە بۆرژواییە سەپاندویانە بەسەر ژیان و چارەنوسی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی تەواوی ناوچەکەدا، گەواهیەکی زیندوی ئەم ڕاستیەیە کە تا ئەم هێزانە دەوڵەت بن و چارەنوسی ئەو کۆمەڵگەیانەیان لە دەست دابێ، نەک هەر ئازادی و خۆشگوزەرانی و پێکەوەژیان و بەیەکەوە هەڵکردن، بەڵکو تەنانەت ئیمکانی هیچ ئاسایش و ئارامیەکی پایەدار  لە ناوچەکە دا لە ئاسۆ دا نییە.

ئەگەر ڕزگاربوون لە حکومەتی ئاخوندە چنگ بەخوێنەکانی ئێران خەون و خواستێکی ڕەوا و ملیۆنی و مەرجێکی گرنگی ئارامی و ئاسایش  ڕزگارییەکی گەورەتری سۆشیالیستی و سکولار و ئازادیخوازانەیە لە ئێران و ناوچەکەدا، ئەوا بە  هەمان ڕاددەش ڕزگاربوون لە دەسەڵات و  حکومەتی نەژادپەرەست و چنگ بە خوێنی ڕاستی ئیسڕائیلی ئەمڕۆ و جڵەوکردنی و لغاوکردنی و کردنەدەرەوەی لە مەیدانی کێشمەکێشی سیاسی و دەسەڵاتی دەوڵەتی و ناچارکردنی بەوەی دەست لەو هەموو تاوان و کاولکارییە هەڵبگرێ مەرجێکی تری ڕزگاری مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێش و بەدیهاتنی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی ئارامتر و شایستەترە بە ژیانێک کە مرۆڤی ئەم سەردەمە شایەنیەتی.

پۆزلێدانی ناتانیاهۆ بە شیعاری “ژن، ژیان، ئازادی” کە شیعاری  چینی کرێکار و ژن و لاو و مرۆڤایەتی ئازادیخوازە لە ئێران بۆ ڕزگاری لە حکومەتی ئاپارتایدی دینی بۆرژوایی ئێران، ناتوانێ چارەی ئەو ئاپارتاید و پاکتاوکردن و قرکردنە سیستەماتیکە لە چاوی مرۆڤایەتیەوە بشارێتەوە کە ناتانیاهۆ و دەوڵەتە دینی و کەللەشەقەکەی بە بەرچاوی دنیا و بە پشتیوانی و چاوپۆشی ئەمریکا و دۆستەکانی تری دیموکراسی ڕۆژئاوا پیادەی دەکەن.

ئەم دوو هێزە ئەم دوو کابوسە لە هەردوو بەردا دەبێ بە هێزی ئینسانیەت کۆنتڕۆڵ بکرێن و پاساوە پوچە سیاسی و ئیدئۆلۆژیکەکانیان بۆ ڕاپێچکردنی چارەنوسی بەیەکەوە ژیان و بە یەکەوە هەڵکردنی مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێش بەرەو تونێڵێکی تاریکتر لەوەی تا ئێستا هەبوە و گەرمکردنی تەنوری جەنگ و کوشتار و وێرانکاری زیاتر، پوچەڵ بکرێنەوە و توڕهەڵبدرێن. ئەم جۆرە پاساوە پوچانە مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێش لە هەر ڕاچەنین و هاتنەمەیدانێکی جیددیدا لەگەڵ خودی ئەم ڕژێم و دەسەڵاتە دینی و کۆنەپەرەستانەدا فڕێدەداتە زبڵدانەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.