ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەردەم حەتمیەتی چارەنوسی خۆیدایە؟… ئیبراهیم حسێن

0

سەرەنجام هێرشی ئیسڕائیڵ بۆسەر دام و دەزگاکانی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکرد کە لە ئاکامی ئەم هێرشەدا چەندین کەسایەتی سەربازی و ئەمنی و ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی تێداچوون و بەوەش ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی یاری لەسەر کارتی فەزای جەنگ و هەڕەشەی گۆڕانی بە هێزێکی ئۆتۆمی و ناوچەیی بکات کۆتایی پێهات.

پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەمە دەست وەشاندنێکی تاکتیکی و سەربازی دیاریکراوە بە مەبەستی مل پێکەچکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەرج و داخوازیەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆ دەستبەردار بوونی ئێران لە خەونی گۆرانی بە هێزێکی ناوچەیی ئەتۆمی و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ یانیش مەسەلەکە ئەم چوارچێوەیە تێدەپەڕێنێ و بابەتەکە پەیوەندی بە ڕێکخستنەوەیەکی ستراتیژیتری ناوچەییەوە هەیە کە چیتر لە چوارچێوەی ئەو مەرج و شەرتانەی پێشوتردا ناکرێ یەکلا بکرێنەوە؟

  یەکەم؛ ڕێکخستنەوەیەکی سەراپاگیر و ستراتیجیتری ناوچەکە کە تیایدا ئاسایشێکی ستراتیژیتر بێتە ئاراوە کە ئیسڕائیڵ گۆڕابێ بە کیانێکی قبوڵکراو پێویستی پێویستی تەسلیم بوونێکی بنەڕەتی ئیسلامی سیاسی و کۆماری ئیسلامی بە مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بە گشتی بە دواوەبێت جا بە هەر ڕێگەیەک بێت؛  چ لە ڕێگەی شکستێکی ستراتیژی سەربازیەوە بێت یاخود لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێگەی ڕێکەوتن و گفتوگۆ وە بێت. لە هەردوکی ئەم سیناریۆیانەدا شانسی جمهوری ئیسلامی بۆ مانەوە وەک ئەوەی کە تائێستا هەیە کەم و نزیک بە سفرە. جمهوری ئیسلامی یان دەبێ بگۆڕێ بە ڕژێمیکی رامکراو دەستەمۆ یان لەگەڵ حەتمیەتی چارەنوسی خۆی ڕووبەڕو بێتەوە. کۆماری ئیسلامی لە شکڵەی ئێستای خۆیدا وەک ڕێژێمێکی ئیسلامی ئیدیۆلۆژیک کە فەلسەفەی بوونی خۆی لەسەر دژایەتی غەرب و ئیسڕائیل و ئەمریکا بیناکردوە و بە کردەوەش نیشانیداوە کە ناتوانێ دەستبەرداری ئەم تایبەتمەندیە وجودیانەی خۆی بێت، لە هەر دووکی ئەم سیناریۆیانە دا دەبێ حەتمیەتی چارەنوسی خۆی ڕووبەڕوبێتەوە. بێگومان مەبەست ئەوە نییە کە لە خۆیدا ئەم جۆرە کردەوانە ببنە هۆی ڕژێم چەنجێکی خێرا و دەست بەجێ، بەڵکو ئەو هەلومەرج و داخوازیانەی کە لە ئارادان بۆ ڕێکخستنەوەیەکی ستراتیژیتری ناوچەکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕۆژئاوا پێویستی بە ئیسلامێکی سیاسی و کۆمارێکی ئیسلامی ڕامکراو و دەستەمۆ هەیە کە قبوڵکردنیان لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە واتە هاتنەپێشەوەی زیاتری حەتمیەتی مەرگی کۆماری ئیسلامیە لەو فۆرمەی ئێستایدا.

دوەم؛ پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆرژوازی ئێران تاچەندی تر سەرکێشیەکانی کۆماری ئیسلامی لەبەرامبەر غەرب و ئەمریکا قبوڵ دەکا و دەچێتەپشتی یاخود ئیتر ئەو بەشانەی تری بۆرژوازی ناڕازی و پڕۆغەرب ئیتر دەست بەکار دەبن بۆ ئەوەی لەم قەیرانی حەتمیەتی بوون و نە بوونەی کە کۆماری ئیسلامی تێیکەوتوە دەست بەکاری کۆکردنەوەی  هێز و تواناکانی خۆیان دەبن بۆ گوزار لە کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا؟

سێیەم؛ پرسیار و هەڕەشەیەکی تری وجودی کە لە هەر تەکان و ڕاچڵەکبنێکی سیاسی جیددیدا یەخەی کۆماری ئیسلامی دەگرێ ئەوەیە کە ئەم ئیسلامە و ئەم حکومەتە ئیدیئۆلۆژیکە دینییە پێچەوانەی سروشتە و ناکۆکە بە خواست و ویست و چاوەڕوانییە هەرە سادەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە و کەوتۆتە بەرکەوتنێکی زۆر قوڵ و چارهەڵنەگر. لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەیەکی حەفتا هەشتا میلیۆنی کە بە توندی مەیلی بە ئازادی و بە شێوە ژیانی ڕۆژئاوایی هەیە و لە پێناو بە دەستهێنانی ئەم لانیکەمانەی ژیان و ئازادی و خۆشگوزەرانی جەنگی خۆی و حوکمی خۆی لە دژی ڕاگەیاندوە.

گومانی تێدانییە کە خەڵکی کرێکار و ئازادیخواز کە بە خوێنی سەری ئەم ڕژێمە ئیسلامیە تێنون هەر فرسەتێک بە کار دێنن بۆ ئەوەی کاری کۆماری ئیسلامی یەکلا بکەنەوە. بە کورتیەکەی دەمەوێ بڵێم ئەم ڕژێمە لەگەڵ چەندین حەتمیەتی گەورە بەرەو ڕووە کە سەری ئەو سەری هەر کامیان حەتمیەت و پێویستی نەمان و لە ناوچونی کۆماری ئیسلامیە!

کۆماری ئیسلامی نە دەتوانێ لەسەر سەرکشیەکانی خۆی و لەسەر دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکا و ئیسرائیڵ سازش بکا و بگۆڕێ بە ڕژێمێکی دەستەمۆ کە وازی لە هاتوهاواری جیهادی ئیسلامی و تیرۆر و قودس و هێنابێ و نە لە ئێرانیش دا دەتوانێ واز لە خەسڵەت و فەلسەفەی بوونی وەک ڕژێمیکی دینی و ئیسلامی بهێنێ و تەسلیمی سکولاریزم و ئازادیخوازی گەورەی ئەمڕۆی ئێران بێت. تەسلیم بوون بە هەر کام لەوانە یەک مانای هەیە ئەویش کۆتایی کابوسی کۆماری ئیسلامیە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.