پاڵنەری هەڕەشەکانی بارزانی و پارتی لە بەغدا چییە؟ …عەبدوڵا مەحمود

0

لە کۆنگرەی یەکگرتنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان بارزانی لە چوارچێوەی وتارێکدا، رەخنەی لە مامەڵەی دەسەڵاتی فیدرالی عێراق گرت لە پەیوەند بە پرسی جێبەجێکرنی دەستور، موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم و لەوەش زیاتر کەوتە هەرەشە کردن لە بەرامبەر بەغدا. بەدوای ئەویشدا ریزی ورد و درشتی کادر و بەرپرسانی پارتی و هەمان قاوانی بارزانیان لێدایەوە و کەوتنە هەرەشە کردن لە دەسەڵاتی فیدرالی!! بەغدا.. هیشتا لە ناو گەرمەی هەرەشەکانیاندا بوون، کە تەیف سامی وەزیری دارایی بە نووسراوەی رەسمی نەک موچەی مانگی پێنج، بەڵكو رایگەیاند موچەی هەشت مانگی داهاتووش نانیریت، بەهۆی ئەوەی کە ئەو دەڵێت هەرێم موچەو شایستە داراییەکانی خۆی بە زیادەوە وەرگرتووە و پابەندی ڕیکەتنامەکان لەوانە رادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ، تەوتینی موچە… نەبووە.. تاد

بەدوای ئەم نووسراوەی تەیف سامی، کە لەناو جەرگەی تووندبوونەوەی هەرەشەکانی پارتیدا ئاراستەی دەسەڵاتی هەرێم کرا، ئاستی هەرەشەکانی پارتی و بەرپرسەکانی هەڵكشاوەو بریارە پارتی لەبەرامبەر بەو بریارەدا کۆبونەوەی سەرکردایەتی سازبدات و وەڵامی خۆی و کاردانەوەی خۆی بخاتە ڕوو. بەجیا لەوەی پارتی و چ بریارێک دەدات و چ کارت و ئەڵتەرناتیفێک بەدەستەوە دەگرێت، پرسی هەرەشەکانی پارتی لە بەغدا پێویستی بە هەڵوێستەیە.

لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە، چ پارتی بەوێنەی هێزی بریار بەدەست و چنگ گیر بوو لە جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵاتدراێتی هەرێم  و چ یەکێتی وەکو هیزێکی خاوەن دەسەڵاتی زۆنی سەوز، بە تەواوەتی قیبلە و دورنمای مانەوەی دەسەڵاتدارێتیان بەسەر هەرێمدا، بەستەوە بە بەغدا و دەسەڵاتی ناوەندییەوە. لەهەموو ئەو ماوەیەدا پرسی سەرەکی بۆ دەسەڵاتی هەرێم بوو بە پرسی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێم و دابەشکردنی موچە و بەرگریکردن لەوەی رێگایان پێبدرێت ئیدارەی هەرێم درێژە پێ بدەن، زوربەی هەرە زۆری داواو داخوازییەکانی پیش ١٦ ئۆکتۆبەر، لەگەڵ ١٦ ئۆکتۆبەردا، کۆتایی پێهات.

برگەی ١٦ ئۆکتۆبەر بەکردەوە بووە برگەی گێرانەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بۆ ساڵی ١٩٩١. لەدەست دەرهێنانی پانتایەکی گەورەی قەڵەمرەوی دەسەڵاتدارێتی بەتایبەتی لە کەرکوک و دەوروبەی و ناوچەکیشە لەسەرەکان، پاشان دەستکۆتاکردنیان لە دۆسیەی ئابوری و فرۆشتنی نەوت و غاز و پابەندکردنی دەسەڵاتیان بە بریارەکانی دادگای فیدرالی و ناچارکردنیان بە پەیوەست بوون بە دەستور و فیدرالیزم!!. چ پارتی و چ یەکێتی بەکردەوە ملیان بەو واقعە تازەیەدا، بەڵام لەپاڵ ملدانیان بەو واقعیەتە لە هاوسەنگی دوای ١٦ ئۆکتۆبەر، هێشتا دەستیان لە دزی و تاڵانی لە ڕێگای بازگەکان، بەتایبەتی بە قاچاغبردنی نەوت هەڵنەگرت و خۆشیان لە پابەند بوون بە بریارەکانی دادگای فیدرالی و ڕیکەوتنەکان لەسەر پرسی رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی، دزییەوە. دیارە لەم دۆسیەیەدا پشکی شیر بەر پارتی دەکەوێت، چونکە پارتی هەم جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسی وئابوری و بریاری هەرێمی بەدەستەو هەم لە بەرامبەر بە بەغدادا خۆی بە پرسی خەڵکی کوردستانەوە هەڵواسیوەو بەناوی هاوڵاتیانی هەرێمەوە لەگەڵ بەغدا مامەڵە دەکات.

لە هەموو ئەو ماوەیەدا پارتی نەک پەنای بۆ هەرەشە و خۆ دوورگرتن لە دەسەڵاتی ناوەندی نەبردووە، بەڵکو لەگەڵ یەکیتی لە پێشبركیی و خۆجوتکردن لەگەڵ بەغدا بووە، بەڵام ئەم ماوانەی دوای بەدیاریکراوی دوای ئاڵوگۆرەکانی چەند مانگی رابردووی رۆژهەڵاتی ناوەراست و لێکەوتەکانی لەسەر عیراق و دەسەڵاتی فیدرالی بەغدا، زمانی بەرپرسانی پارتی و گۆرانی بەسەردا هاتووە تا ڕادەی ناردنی پەیام و راگەیاندنی وتاری هەرەشە ئامیز.

ئەوەی وای لە پارتی کردووە کە گوشار لە بەغدا بکات و بارزانی باوک خۆی بێتە سەر خەت و هەرەشە بکات، بارزانی کوڕ گرێبەستی ١١٠ ملیاری واژۆ بکات… دوورو نزیک پەیوەندی بە موچەو دواکەوتنی موچە و هەوڵیک باشکردنی دۆخی هاوڵاتیانی کوردستانەوە نییە، پەیوەندی بە کەرامەت پارێزییەوە نییە، بەڵکو ئەوە پرسی موچە و یان روداوێک لە کەرکوک دەتوانێت پارتی بخاتە جوڵە و کاردانەوە. ریشەی لە گۆرانی هاوسەنگی و باڵانسی نوێدا هەیە، کە دۆخی ناوچەکە هێناویەتە ئاراوە. زومی هەرەشەکانی ئەمریکا لەسەر دەسەڵاتی بەغدا، بەدوای پەڕو باڵکردنی هیزە نیابەتیەکانی ئیران لە ناوچەکە. ئەو ئاڵوگۆرە سەرەکیەکەیە، کە پارتی دەیەوێت بەهرەبەرداری خۆی تیادا بکات.

هاوکات باڵادەستی تورکیا لە ناوچەکە، لاوازبوونی پێگەی ئیران، روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، زۆر بوونی هەژموومی ئەمریکا لە ناوچەکە و بوونەوەی بە یاریزانی زۆنەکە، هاتنەوە ئارای پرسی کورد، بریاری خۆ هەڵوەشاندنەوە و چەک دانانی پەکەکە بەوێنەی هێز و لایەنێکی باڵادەست لەناو بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی کورد لە ئاستی “کوردستانی گەورە” دا، پرسی پرۆسەی دانووستاندنی تورکیاو پەکەکە، هەسەدە و سوریا، تا دەگاتە پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە عێراق لەناو دڵی ئەم دۆخەدا… ئەو ئاڵوگۆرانەن کە پێگەی پارتی وەکو هیزو لایەنێکی لایەنداری جەمسەری سەرکەتوو لە دۆخی ناوچەکەو عێراقدا، بردۆتە سەرەوە. پارتی لەلایەکەوە دەیەوێت روڵی یاریچی لە پەیوەند بە پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی لەناوچەکە بگێرێت و لەلایەکی تریشەوە لە زۆنی دەسەڵاتی خۆیەوە ببیتە لایەنێکی گوشار لەسەر بەغدا، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی و بردنە سەری پیگەی قەڵەمرەوی سیاسی لە هەرێم و لە بریاریی سیاسییدا.

هەرەشەکانی پارتی بەتایبەتی لە ئاستی باڵای ئەو حزبەدا، تەنها گوشارێک نییە بۆسەر ناوەندی بریاری سیاسی عێراق لە پەیوەند بەموچەو شایستە داراییەکانی هەرێم، بەڵکو واوەتر لەوەیەو دەیەوێت بە کەڵک وەرگرتن لەدۆخی تازە لە رێگای خۆبەستنەوە بە پرسی کوردەوە، باڵانسی روو لەخواری دوای ١٦ ئۆکتۆبەر، کەمێک راست بکاتەوە و وەکو لایەنێکی سەرەکی هەرێم، و کاراکتەرێکی نوێ و بەپشتیوانی ئەمریکاو و تورکیا و بە دڵراگرتنی ئیران، حزوری سیاسی خۆی لە عێراقدا وەکو هاوبەشێک جێ بخات. جیا لەوانە هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ژێر سایەی دۆخی تازەدا ناتوانێت وەکو پیشوو بە سودی یەکلایەنەی جەمسەری ئیران بچیتە پیشەوە، لەم راستایەدا شانسی پارتی بۆ سات و سەودا لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق، کارتێکە بەدەستیەوە دەگرێت و هەرەشەکانی بارزانی پارتی پشتی بەو فاکتانە بەستووە. پارتی هەم دەتوانێت بکەوێتە سات و سەودا لەگەڵ لایەنەکانی شیعەی سیاسی وەکو بلۆکێک و هاوکات بە جیاجیاش لەگەڵ لایەنەکانی ناو ئەو بلۆکە… لەبەرامبەریشدا شانسی ئەوەی هەیە لەگەڵ هێزەکانی نەیاری شیعەی سیاسی چ وەکو بلۆک و چ وەکو لایەنی جیاجیا، بکەوێتە گفتوگۆ. هەر ئەو هەلومەرجەشە وای کردووە دەسەڵاتی سیاسی ناوەند و شیعەی سیاسی نەرمی بەرامبەر بە پارتی بنوینن و دادگای فیدرالیش هیواش تر مامەڵە لەگەڵ سەرپێچییە دەستوری و یاساییەکانی پارتی بکات.

گفتوگۆکانی نیوان ئیران و ئەمریکا لە هەلومەرجی ئیستادا چەندە بۆ عێراق چارەنووسازە، هێدەش بۆ پارتی و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، چارەنووسازە. ئەگەر ئیران و ئەمریکا بگەنە رێکەوتن و دەسەڵاتی سیاسی عێراق لە بازنەی هەیمەنەی تاک لایەنەی ئیران دوور بخەنەوە وبەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەناوچەکە لەلایەن ئیرانە نەکرێنەوە بە نیشانە. پیگەی ئیران لە رەوەندی پاشەکشەیەکی خێرادا، دەگۆرێتەوە بە یاریچیەکی ڕیگەپیدراوی ئاسایی ناوچەکە و ئەو کاتە پیگەی پارتی دوبارە دەکەوێتەوە بەردەم پێناسەیەکی ترەوە. دیارە ئەگەری ڕیکەوتنی ئیران و ئەمریکا، بە‌هیزەو شانسی ئەوەی ئیران حزوری لەلایەن ئەمریکا لە ئارایشی تازەدا لە ناوچەکەدا بەفەرمی بناسرێت، پێشبینکراوە.

لەهەموو حاڵەتەکاندا، پارتی دەیەوێت وەکو کاراکتەرێک لە ئاڵوگۆرەکانی ئیستاو لیکەوتەکانی لەسەر عێراق و کوردستاندا، بەدەستی بەتاڵەوە دەرنەچێت و لە ئاکامی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئیرانیشدا، شەتەک نەیەتە دەرەوە، لە عیراقی داهاتوودا، لایەنێکی کاراو ئامادە بێت و بەشێک بێت لە دیزاینی نوێی عێراق بەپێی پیگەی بۆرژوازی کورد.

دیارە نابێت ئەوە نادیدە بگیرێت کە لەهەموو حاڵەتێکدا، عێراق وەکو دەوڵەت جێگای گرنگیپێدان و مامەڵە لەگەڵ کردنە، چ لەلایەن دەوڵەتەکانی ناوچەکەو چ لەلایەن ئەمریکا و جەمسەرەکانی ترەوە… هەرێم زۆرتر وەکو کارت و گوشار قابیلی کەڵک لێوەرگرتنی هەموو هیزە ئامادە و دەرگیرەکانە لەسەر ئاستی ناوچەکە. 

Leave A Reply

Your email address will not be published.