ڕوماڵێک لەبارودۆخی زیندانیانی سیاسی کوردستان… نووسینی: کاوان قادر…بەشی سێهەم

0

لە دوا لێکدانەوەدا کێشەی زیندانیانی سیاسی بەشێکی دابڕاو نییە لە کێشەکانی تری کۆمەڵگەکەمان، لە خزمەتگوزارییەوە بگرە تا دەگاتە موچە. ئەوەی زیندانیانی سیاسی پێیان وایە دەبێت دەسەڵات ئەوەلییەت وجێگەو ڕێگەیەکی بەرزتریان پێبدات، دەسەڵات بە قەرزاری خۆیان دەزانن و هەمیشە دەیڵێنەوە کە دەسەڵات قەرزاری قوربانییەکانی ئەوانە، وبەشێکی بەهۆی ئەوانەوە بەو جێگەو ڕێگەیەی ئەمڕۆ گەیشتون! ئەم جۆرە بیرکردنەوەو هەستە بەتەواوی نیگەرانی کردوون. لەواقیعدا ئەم لێکدانەوەیە بەشێکی ڕاستی تێدایە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەم تەوەقوع وچاوەڕوانییە لەم دەسەڵاتە؛ وەهمێکی کوشندەیە. لە هەموو دونیادا ئەو حزب وبزوتنەوانەی لەدوای یاخی بوون بەدەسەڵات گەیشتوون ئەفزەڵییەتێک وجێگەو تەقدیرێکی تایبەتیان بۆ قوربانیانی بزوتنەوەکەیان داناوە، بۆ ئەوەی شەرعییەت بە بوونی مێژووی خۆیان بدەن،  ئەمانەی ئێمە لەوەش واوەتر چوون، نە پێویستیان بە دەنگی خەڵکە نە بەشەرعییەتدان، چونکە بێ هیچ ڕەقیبێک وچاودێرێک دەسەڵاتیان لە نێو خۆیاندا دابەشکردوە، کورد واتەنی (میللەت با سیر بخواو زوڕناکەش لێ بدات). زیندانیان لە لێواری مەرگ گەڕاونەتەوە، شیرازەی ژیانیان لەدەستداوەو بەشێکی بەرچاویشیان تا ئێستاش بە کەم ئەندامی ژیان بەسەر ئەبەن. لێرەوەیە کە مافی ڕەوای خۆیانە بەرهەمی قوربانییەکانیان بچننەوە وژیانێکی شایستەی ئینسانی لەئاست ماندووبوون وقوربانیدانەکەیان داوا بکەن.

پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر ئەم نەسڵە لە زیندانیان، وهەموو ئەوانەی بوون بە قوربانی زەبروزەنگی ڕژێمی، بەعس، برسیکردن وبێحورمەتی پاداشتەکەی بێت!؟ ئاخۆ ماف وخزمەتگوزاری هاووڵاتییەک سەر بەڕیزەکانی ئەوان نەبووبێتن دەبێت چۆن بێت؟

مافەکانی زیندانیانی سیاسی دەستورییە، و لەعێراقدا بەڕەسمی ناسراوە، زیانلێکەوتوانی دەستی ڕژێمی بەعس لە هەموو عێراقدا قەرەبوو دەکرێنەوە، تەنانەت خەڵكی کوەیتیش قەرەبوو کراونەتەوە کەلە ئەنجامی ئەو داگیرکارییەی ساڵی ١٩٩٠دا ڕوویدا، ئەم مافە دەستورییە، بەڵام تەنها لە کوردستان جێبەجێ ناکرێت. لە کاتێکدا ئەنفال وکیمیاباران وجینۆسایدێک کە ڕوویدا جیهانی شەرمەزار کرد، بەڵام یەکێتی وپارتی تەنها بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەک کارتێکی فشار بۆسەر بەغداد بەکاری دێنن. وەک دەڵێن (نان وپیازی پێوە دەخۆن).

هەرچەند قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی دەستی بەعس دەلیلەکەی ئینسان دۆستی حکومەتی عێراق نییە، بەڵکو ئەو دەستکەوتانە بەرەنجامی فشارو خۆپیشاندانەکانی خەڵکە لەسەر دەسەڵات، بەتایبەت ئەوەی لە ٢٠١٩ لەساحەی تحریر لە بەغداد ڕوویدا (بەخۆپیشاندانەکانی تشرین ناونرا)، بەڵام با ئیعتیراف بەم حەقیقەتەش بکەین کە بەداخەوە هێشتا زیندانیانی سیاسی کوردستان نەبوون بەو هێزی فشارە! بە زۆر هۆکار:  

یەکەم/ بەشێک لە زیندانیان هێشتا نەیتوانیوە دەستبەرداری ئەو مێژووە تەشکیلاتییە بن کە ئەمڕۆ بۆگەناوەکەی لە دەسەڵاتدا دەبینێت، کەچی شانازی بە ڕابردویەوە دەکات، ئەم هەستە وەک مۆتەکەیەک لە ژیانی نابێتەوەو ناتوانێت پەیوەست بێت بەڕیزی ملیۆنی بەشخوراوانی ئەم میللەتەوە کە مافیان دەخورێت، یەکێتی وپارتی تا سەر سفرەکەی دەستی درێژ کردووە، ئەو هێشتا دەڵێت شانازی دەکەم! واتە شانازی بە بەرهەمی خەباتەکەیەوە دەکات کە نائاگاهانە مەبەستی ئەم دەسەڵاتە فەرهود چییەیە. بێخەبەر لەوەی…

دوهەم/ ئەم حزبانە سیاسەتی (پەرتکەو زاڵبە) بەکاردێنن بۆ دووبەرە کی خستنە ناو کۆمەڵگە، و بەتایبەتیش زیندانیانی سیاسی. هەرکاتێکیش زیندانیان دەنگ بەرز بکەنەوە دوو معاشخۆری خۆیان دێننە مەیدانی سێرکەکەو ئازارەکانی زیندان دەگێڕنەوەو پێمان دەڵێن (ئەو ڕۆژانەی ئەمڕۆیان دروستکرد!) من پێموایە ئەم حزبانە هیچ خیانەتێکیان لە ئامانج و بەرنامەکەی خۆیان نەکردووە، ئەو کارە دەکەن کە لەشاخ کردوویانە، بۆیە ئەم دەسەڵاتە هیچ کات خۆی بە قەرزاری زیندانیان وشەهیدەکانی نازانێ.                        

سێهەم /خاڵێکی تر لە لاوازییەکان؛ کە بۆڕیزەکانی زیندانیانی سیاسی دروستبوو ڕێکخراوێکی وەک ( کۆمکاری زیندانە سیاسیەکانی کوردستان) کە ڕێکخراوێکی پیشەیییە تایبەتە بەزیندانیانی سیاسی ژێر دەستی حیزبی بەعس، پێکهاتوە لەحزب ولایەنەکانی هەرێمی کوردستان،  سەرەکیترین لایەن و هەوادارو ئەندامانی یەکێتی  پارتی شوعی سوشیالیست دروستبووە، بەتایبەتر زۆرترین پۆستەکان لەناو کۆمکاردا لەنێوانی یەکێتی وپارتی دابەشکراون و نوێنەرایەتی کراون، مێژووەکەی لێوان لێوە لە گەندەڵی ودزی تێوەگلاون. هەروەک بەپێی نوسراوی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان لێرەدا خراوەتە ڕوو بە ژمارە (٥٢١١) لەبەرواری (٢٠٢٠) هاتووە، لیژنەیەکیان پێکهێنا لەسەر بڕیاری داواکاری گشتی بۆ ئەو مەبەستەی پیاچونەوەی لە مەلەف وکارەکانی ڕێکخراوی کۆمکار بکات. لە ئەنجامدا قەبارەیەکی گەورەی گەندەڵیی هێنایە سەربەڕەکە، بۆ لێدان وئیعتیبار شکاندنی مەبدەئی ڕێکخراوبوون لە نێو زیندانیاندا. هەروەها وەک مەسەلەیەکی قانونی وسیاسی بەکارهات بەرامبەر بە گەندەڵکارانی لیستی سەوزو لیستی زەردو حیزبی شوعی وسوشیالیست زەحمەتکێشان کەلەدەستەی کارگێڕی ودەستەی باڵای کۆمکاری زیندانی سیاسیدا بوون. قەبارەی گەندەڵیەکە ئەو کاتە ئاشکرا بوو کە لیژنەی دیوانی چاودێری دارایی بۆیان ڕوون بۆوە کەلەساڵی (٢٠٠٧تاکوو کۆتایی ٢٠١٧) واتە ١٠ ساڵ لە ئیدارەی ئەو ڕێکخراوەیە ساڵانە لە٤٠٠چوارسەد ملیۆن دینار تاکوو نزیکەی ٨٠٠هەشت سەد ملیۆن دینار پارەیان سەرف کردوە! بەبێئەوەی هیچ خانوو یان دوکانێک یان پڕۆژەیەکی بازرگانیان بەناوی کۆمکارەوە دروست کردبێت، بەڵکوو هەرخۆیان شەرعیەتیان بەخۆیانداوە بەخواردنی ئەو داهاتە زۆرە کەبەشێکی لەپسولەی ئەندامان وەرگیرا بوو  وە مانگانەش نزیکەی ٣٢سی ودوو ملیۆن لەحکومەت وەرگیراوە. وایان لەئەندامان گەیاندبوو کەمەسروفاتی کۆمکار زۆر زۆرە بۆیە بەشیان ناکات. بەڵام دوای ئاڵوگۆڕی سەرۆکی کۆمکار لەکۆتایی ساڵی ۲۰۱۷کاتێک لیژنەی چاودێری دارایی سەیری مەسروفاتەکانیان کردون ئیدارە تازەکە ساڵانە تەنها ۳۲ملیون دیناریان سەرفکردوە، لەماوەی ساڵەکانی (٢٠١٨ -٢٠١٩- ٢٠٢٠ ) بەسێ ساڵ (٩٦) ملیونیان سەرف کردوە، ئەوکات ڕاستەوخۆ دەرکەوت کە لە ڕابردوودا لەنێوان ساڵەکانی (٢٠٠٧ تاکوو – ٢٠١٧) بە بەراورد بە مەسروفاتەکەی ئیدارەی تازە زۆر جیاوازە. لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا گەندەڵیەکی زۆر بەقەبارەیەکی گەورە کراوە، بەڵام ئەوەی لێرە جێگای سەرنج بوو لەگەڵ هیچ کەسێک لێپرسینەوە نەکرا. (دیزە بەدەرخونە کرا) هۆکارەکەشی بەبۆچونی چاودێران وڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندکاران ئەوە بوو دەستی حیزب کەوتە ناو ئەودۆسیانەی دادگا کە وەک هەردۆسیەکی تری گەندەڵی وتێوەگلانی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، وخواردنی پارە و داهاتی گشتی  شاردرایەوە. وە بۆ کڕینی وەلائی سیاسی بەقازانجی پارتی ویەکێتی لەدامودەزگاکانی حکومەتدا ئەو دۆسیانە بەگشتی دادەخرێن. ئەوەی بەلای زیندانیانی سیاسی یەوە گرینگە ئەوهۆکارە کان چیبوون وا لێکۆڵینەوەکان بۆڕای گشتی بڵاو نەکرایەوە وپەردەپۆش کرا . 

ئەوە ئەو پرسیارەیە زیندانیانی سیاسی بەدوای ڕاستیەکانیدا وێڵن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.