ژینگەی مەسرور بارزانی و ئاوەدانی و هەلی کاری قوباد تاڵەبانی دوو پۆپۆلیستی سەد بارە… نووسینی: کارزان ئەحمەد وەتمان
ئەمڕۆ داوام لە (chat gpt) ی کرد کە ڕاپۆرتێکی کورتم داتێ سەبارەت بە ژینگەی هەولێر (Air Quality Index) و ئەوەی وەڵامی دامەوە بەڕاستی شۆکهێنەر بوو، کە لە هەولێر لە جیاتی هەوای پاک خەڵکی ژەهر و پاشماوەی کارگە و پاڵاوگەکانی نەوت هەڵدەمژن، بۆیەشە ئێستا شێرپەنجە وەک هەڵامەتی لێهاتووە ڕێژەکەی یەکجار بەرزە بەراورد بە هەولێری پێش باڵەخانە و پاڵاوگە بەروارد، بە پیرە هەولێری خاوەن مێژووی کۆن. ئەوەش هەندێ وردەکاری لەسەر ژینگەی هەولێر:
* زیاد لە سەروو 100 کۆمپانیای نایاسایی هەن کە لە هەولێر کە بێ ئەوەی لە لایەن دەستەی ژینگەوە پەسەند بکرێن ئەوان کاری ڕۆژانەی خۆیان دەکەن و ژەهر بڵاودەکەنەوە.
* تەنیا لە ناوەڕاستی شاری هەولێر زیاد لە 1100 مۆلیدەی ئەهلی هەیە کە هەموو کەسێک دەزانێ زیانی مۆلیدەی ئەهلی لە ناو شاردا چ زیان و سەرئێشەیەکی هەیە بۆ خەڵکی، با باسی کارەی 24 کاتژمێری هەر نەکەین ئەوە دزیەکی ئاشکرایە بە کەڤەرێکی سەقافەت و مۆدێرنە، دەنا ئەو هەموو سەرچاوەمان هەیە باشە بۆ دەبێ کارەبای هەرێم لە کارەبای زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی گرانتر بێت؟
* هەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاوی ئۆتۆمبێل و نەبوونی ڕێنمایی و کۆنتڕۆڵکردنی هاوردەی ئۆتۆمبێل، گەورەترین کارەساتی ناوەتەوە کە ئەویش هەر بڵاوکردنەوەی ئەو هەمووە ژەهرەیە بە هەوادا.
خۆ ئەگەر بێت و باسی ئاوەدانیەکەی قوباد تاڵەبانی بکەین ئەوە دەبێ وەک شیعەکان کە چۆن لە عاشورادا بە خۆیاندا دەکێشن و هاواردەکەن ئێمەش دەبێ هەر وا بکەین، چونکە قوباد گۆڕستانێکی لەسەر جادە و بان و شەقامەکان داناوە بۆ خەڵکی و مردنیش هاکا هات و لەو ڕێگایە هەموومان پان بوینەوە بە جادەی خراپ و قۆڵت و چاڵ و مەترسی سەدا سەدی لۆری و بارهەڵگرەکان. من هەمیشە ڕاستیەکان دەڵێم ڕاستە لە هەولێر سەڕەرای پیسی ژینگەکەی و نەبوونی ئازادی، بەڵام بەراورد بە جادەکانی سنوری سلێمانی هێندەی ئاسمان و ڕێسمان جیاوازن. کاتی خۆی ئەم کاک قوبادە هاوشێوەی براکەی قوڕگی کەوت ئەوەندەی وت ئارامی و هەلی کار و ئاوەدانی.
ئێستاش نەک ئەوانەی جاڕی دان نەهاتنە کایەوە، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر و خەڵکی بێ حاڵ و ژیانتر و وێرانتر دەبن نە ئارامی هەیە و نە کار و نە ئاوەدانی. ڕۆژ نییە ئێمە دەیان هەواڵی جەرگبڕ نەبیستین کە خەڵکی توشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبن و کۆتاییان پێدێت.
جارێ با باسی ئارامی هەر نەکەم ئەرێ تخوا کێ بەهۆی ئەو هەمووە مافیا و کوڕی مافیاوە لە سلێمانی لە ژیانی خۆی ئەمینە؟ کەواتە قوبادیش لە پۆپۆلیستێک زیاتر هیچی دیکە نییە.
نە مەسرور نە قوباد لەگەڵ دەنگدەرەکانیان ڕاستیان کرد، ئەوان هاتن و پاڕانەوە لەبەردەمی دەنگدەرەکانیان و لە خەڵکی داوایان کرد کە دەنگیان بدەنێ و ئەوانیش متمانەیان ناشکێن، بەڵام داخی گرانم بۆ جاری سەدەم و هەزارەم درۆی خۆیان کرد و بەردەوامیشن.