موچە و کەرامەت!!… عەبدوڵا مەحمود
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە ١٥ ئایاردا له کۆنگرەی یەکگرتنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، وتارێکی پیشکەش کرد و لە بەشێکیدا لە پەیوەند بە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم و بەتایبەتی لەسەر موچە وتی:
“ئەم شێوەی رەفتارەی كە لەگەڵ مووچە، دەكرێ، لەمەودوا وەكوو مانگەكانی پێشتر كردوویانە، بە هیچ شێوەیەك قابیلی قەبووڵ نییە. من ئەمە بە ئیهانەی دەزانم! ئەم میللەتە لەبرسا شۆڕشی نەكردووە، كاكە تۆ كەرامەت و ئیرادەت هەبێت، هەموو وەختێك پارە دەبێ، بەڵام كەرامەت و ئیرادەت نەما، پارە چ قیمەتی هەیە؟ ئەمە دەبێ چارەسەر بكرێ و كەس ناتوانێ هەموو مانگێك ئیتر ئەی فڵان ئیمزای كرد و ئیمزای نەكرد، موافەقەتی كرد و موافەقەتی نەكرد. بۆ ئێمە دەرۆزەچین لەبەر دەرگای ئەوان؟”
ئەم پەیامەی بارزانی بۆ موچەخۆران کە کەرامەتیان لە بەرامبەر بە موچەدا بپارێزن… هەڵگری چەندین پەیامە. پەیامی یەکەمی ئەم لێدوانەی بارزانی شان خاڵی کردنەوەی خۆی و حزبەکەی و هاوبەشە سیاسیەکەی یەکێتی و سەرجەم بزوتنەوەی کوردایەتییە لە دابینکردنی موچە و خستنیەتی بۆ ئەستۆی حکومەتی بەغدا، لە کاتێکدا موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم و لەکوردستاندا خەریکی کارو دەوامن و سەرچاوەی سەرەکی داهاتیان موچەکەیانە.
پەیامی دووەمی بارزانی لەم پەیامەیدا خۆ بەخاوەنکردنی کەرامەتی موچەخۆران و بڕیاردانە بەناوی پاراستنی ئەو کەرامەتەو رەخنەگرتنە لە فەرمانبەران بەوەی دوای موچەکانیان دەکەن… ئەوە لەکاتێکدایە کەرامەتی هەر ئینسانێک بەر لەهەموو شتیک بەندە بە مافی ژیانکردن و بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی ئاسایی و زامن بوونی لانی کەمی پێداویستیەکانی. کە ئەمەش بەبێ بوونی داهات و موچەیەکی گونجاو لە توانادا نییە، ناکرێت باسی کەرامەتی ئینسان بکەیت بەبێ ئەوەی مافی ژیان و توانای وەڵامدانەوەت بە پێدوایستیە ژیارییەکانی خۆت و خێزانت هەبێت.
پەیامی سێیهەمی بارزانی… بە قەلغانکردنی موچەخۆرانی کوردستانە لە بەرامبەر بە دەسەڵاتی بەغدادا لە ململانیی حزبەکەی و بزوتنەوەی کوردایەتی لەسەر دەسەڵات وداهات لەگەڵ بەغداد.
بارزانی و دەسەڵاتەکەی ئەگەر بایی سەرە دەرزییەک هەستی بەرپرسیاریەتی بکەن، سادەترین کار ئەوەیە وەکو دەسەڵاتی سەرەکی هەرێم، وەڵام بەداخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لەپێش هەموویانەوە موچە و خزمەتگوزاری و ئاسایشی هاوڵاتیان بدەنەوە. دەسەڵاتێک نەتوانێت وەڵام بەم داخوازییە سادە و سەرەکیانە بداتەوە دەسەڵاتیێکی پوچە و شایانی توڕدانە.
دەسەڵاتێک لەوە تێ نەگات کە کەرامەت و شکۆی هەموو ئینسانێک بەندە بە بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی ئاسایی و توانای وەڵامدانەوە بە خواستە سەرەتاییەکانی خۆی و خێزانەکەی، نە لەمانای کەرامەت حاڵییە و نە لەمانای نەبوونی و برسێتی تێدەگات و لە جیگایەکی تر ژیان دەکات کەخاڵییە لە هەست کردن بە نەبوونی و برسێتی و گرانی و…تاد
ململانێی بەغدا و هەریم لەسەر بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم، ململانێی نییە لەسەر دابینکردنی موچەو خزمەتگوازارییەکانی خەڵکی کوردستان و لە پێشیانەوە فەرمانبەران. داهاتێک کە لە بەغداو دێت و هاتووە لەگەڵ داهاتی ناوخۆیی هەرێم، دەتوانێت موچەی موچەخۆران و خزمەتگوزارییەکان بە زیادەوە دابین بکات… بۆیە بارزانی مافی ئەوەی نییە لە ململانێی حزبەکەی وبزوتنەوەکەی لەگەڵ بەغدا موچەخۆرانی هەرێم بکاتە کارتی مامەڵە یان وەکو چەکی بەرگری بەکاریان بهێنێت.
کەرامەت و شکۆ هەموو ئینسانێک لە ئیرادە و تواناییەکەیدایە… جەماوەرێکی ملیۆنی لە هەرێمدا، بە مەبەستی پاراسنی شکۆ و هەیبەت و کەرامەتیان، هەموو رۆژێک ناچارن بچنە سەر کار و دەوام بکەن، تا ژیانی و خۆیان و خێزانیان زامن بێت و توانای وەڵامدانەوەی بە سەرەتاییترین پێداویستیەکانیان لە خواردن وخواردنەوە و خۆراک و جل و بەرگ و تەندروستیان هەبێت… ئەو دەسەڵاتەی بایی سەرە دەرزییەک شکۆو کەرامەتی هەبێت، ڕیگە نادات مافی ئەو ملیۆنان ئینسانە بە پاساوی پوچ و ململانێی لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا، بخوات و چاوی خۆ لێ بنوقێنی و لەوەش زیاتر بێت وانەی کەرامەت و شکۆ بە هاوڵاتیان بفرۆشێتەوە. باوک و دایک کە نەیان توانی وەڵامی خواستی مناڵەکانیان بدەنەوە هەست بە نارەحەتی و لاوازی شکۆیان دەکەن!! سەدان هەزار خێزان بە هۆی بێ موچەیی و بێکاریی و قەرزدارن و توانای دانەوەی قەرزەکانیان نییە و هەست بەلاوازی دەکەن لەبەرامبەر بەوانەی قەرزداریانن… ژیان کردن بۆ زوربەی هەرە زۆری موچەخۆران هێندە سەختە، تەنها کەسانێک هەستی پێدەکەن کە نەبوونییان چەشتووەو بەدەست نەبوونییەوە دەناڵێنن. بارزانی نوخبەی سیاسی دەسەڵات و بنەماڵەکانیان، کە نازانن نەبوونی چییە و لەسەر کێوێک لە سەرەوت و سامان دانیشتوون، مافی ئەوەیان نییە بەناوی خەڵکی کوردستانەوە باسی شکۆ و کەرامەت بکەن و داوایان لی بکەن پشودرێژ بن، برسی بن، بێ نان و خزمەتگوزاری بن… لە جێگای ئەوانە شکۆ و کەرامەتیان بپارێزن!!… چینی کرێکار و جەماوەری خەڵکی کوردستان لە شکۆ و کەرامەتیان کەم نییە. ئەوەی نیانە موچە و داهات و خزمەتگوزاریی و ژیانێکی شایستە بە شکۆ و کەرامەتیانە. ئەوەی ئەم دۆخە خوڵقاندووەو بەرپرسیارە، دەسەڵات و ئەو نوخبە سیاسی بنەماڵەیەیە، کە لەژێر ناوی شکۆو هەیبەت و کەرامەتەوە، هەرچی داهات و سامانی ئەو هەرێمەیان دەستیان بەسەردا گرتووە و نەک هەر خۆیان، بەڵکو کوڕ و کوڕەزاو نەوەکانیان بوونەتە ملیوێنەر و ملیاردێر و خاوەن کۆمپانیا و کەناڵی راگەیاندن و خاوەنی سەرمایەی خەیاڵین… ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی کەمترین شکۆ و هەیبەت و کەرامەتی بۆ گرنگ بوایە، ڕیگەی نەدەدا فەرمانبەرانی ژێر دەسەڵاتەکەی بێ موچە و برسی بن و لەوەش زیاتر داوایان لێ بکات شەری بەرژەوەندیەکانیان بۆ بگرنە ئەستۆ. کام یەک لەسەرانی پارتی و حزبەکانی هاوشانیان هەیە، جگە لەوەی داهات و سامانی کوردستانیان قورغ کردووە، موچە لە بەغدا وەرنەگرن یان خانەنشینی چەند ملیۆنی نەبن؟ لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە داواکاری پارتی و یەکێتی، لە بەغدا جگە شایستە دارایی و موچە چی تر بووە؟ پرسیار ئەوەیە ئەو هەموو پارانەوە و بەردەرگا گرتنەی بەغدا بۆ داهات و دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن خۆتانەوە، بە نیشانەیەک لە بێ شکۆیی و زەلیلی نابینن؟
خەڵکی کوردستان، مافی ژیانکردن و بەهرەمەند بوون لە خزمەتگوزارییەکان و ژیانێکی شایستەیان هەیە، ئەوەی رێگری لەم ویستە جەماوەرییە ملیۆنییە دەکات، دەسەڵاتی سیاسی هەرێمە و لەوەش زیاتر دەیەوێت لە ژێر ناوی شکۆ و کەرامەتدا، بێ دەنگ رایان بگرێت… شکۆ و کەرامەت و هەیبەت بۆ دەسەڵاتێکی سیاسی تەندروست هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتییە، نەک خۆدزینەوەو کیبەرکێی تاڵانی و دزی… زیاتر لە سێ دەهەیە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم کار لەسەر شکاندنی کەرامەت و شکۆی هاوڵاتیانی دەکات، لە ڕیگای برسیکردن و سەرکوتکردن و فریوکاری، کەچی مایە پوچ بووە… باسی پاراستنی کەرامەتی هاوڵاتیان بەوەی داوای موچە نەکەن و بێدەنگ بن، خۆی هەوڵێکە بۆ شکاندنی کەرامەت و شکۆی جەماوەری برسییکراو موچەدزراوی… کوردستان.