بۆ خۆیان حەڵاڵ و بۆ ئێمەش حەرام… سەرکۆ سڵێمان حسێن
کوردایەتیی و قسە زلەکانی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی و فرۆشتنەوەی بە خەڵک تەنیا دوو رۆژ بڕی نەکرد، ئەوەتا تەواوی بەرپرسانی هەرێم مووچەی مانگی پێنجیان بە تەوتین کراوی لەبەغدا وەرگرت، پشتیان کردە کەرامەت و ویژدان و کوردایەتی، جەژنانە و گیرفانی بەتاڵیشیان بۆ میللەتێکی رووت و رەجاڵ بەجێهێشت.
بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتی کە دەیان ساڵە لەسەر شان و پشتی میللەت خۆیان تێردەکەن و سەروەت و سامانیان بۆ دەیان نەوەی دوای خۆشیان بەجێهێشتەوە، کەچی بێ شەرمانە مووچە لە بەغداد وەردەگرن، بەڵام سوپاس و کەرامەت بۆ خەڵک بە رەوا دەبینن.
لە ناو حکومەتی عێراق و دامەزراوەکانیدا، سەدان بەرپرس و مووچەخۆری موفتی پارتی و یەکێتی هەیە، کە پێک دێن لە سەرۆککۆماری عێراق و جێگرەکەی، چوار وەزیری کورد لە حکومەتەکەی سودانی، چەندین بەرپرسی نزمتر لە ئەندامانی کارگێڕی و وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوە فیدراڵییەکان، لەگەڵ ٧٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و سەدانی دیکەی خانەنشینکراوی خولەکانی پێشوو، لەگەڵ پێنج لە ئەندامانی ئەنجومەنی حوکم، ئەمانە هەموویان مووچەکانیان لە رێگەی تەوتینەوە هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا وەردەگرن.
ئەم بەرپرسانەی پارتی و یەکێتی کە دێنە سەر شاشە، بۆ ختوکەدان و جووڵاندنی هەست و سۆزی خەڵکی، کوردبوون بەخەڵک دەفرۆشنەوە و هەرکەسێکیش ڕەخنەیەکیان ئاڕاستە بکات، بە عێراقچێتی و چاوێکی دووژمنانە سەیری دەکەن، بەڵام لە بیریان چووە خۆیان لە عێراق سەدان پۆست و ئیمتیازاتیان وەرگرتووە و مووچەش لەوان وەردەگرن.
هەندێک لە خەڵکی دەپرسێت، بۆچی وەرگرتنی مووچە بە ڕێگەی تەوتین هیچ زیانێک بە کەرامەتی ئەوان ناگەیەنێت، بەڵام بۆ مووچەخۆری ئاسایی زیان بە کەرامەتیان دەگەیەنێت.
هەندێک لە خەڵکی دیکە وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن، کەرامەت و ئەخلاق بۆ ئەوان، مووچەش بۆ ئێمە، چوونکە پێیان وایە کەسانێک کە زۆر باسی شتێکیان کرد و دووبارەیان کردەوە، ئەوا تیاندا نییە.
لە کاتێکدا دەبوو بەرپرسانی دەسەڵات، تا ئەوکاتەی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە دەکرا، وەرگرتنی مووچەی خۆیان لە بەغداد هەڵپەسێرن، بەڵام نەک ئەوە ناکەن، بەڵکو دێن و لە رێگەی بەیاننامەوە خەریکی وەڵام و وەڵام کارین، هێشتا لە هەڕەشە بێ بنەماکانیشیان دژی بەغداد بەردەوامن و دەمی خۆشیان پێ ناگیرێت.
لە سایەی ئەم دەسەڵاتەوە ١١ ساڵە بە خەڵک دەوترێت خۆڕاگر بن، مووچەخۆرانیش بەم بەرە جەژنانە تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان مووچەکانیانە و بەردەوامیش لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە لە سەنگەری چەوساندنەوەدان.