کرێکارێکی گۆرانیبێژ یان گۆرانێبێژێکی کرێکار؟… نەجم محەمەد

0

دیداری گۆرانیبێژێکم بینی لەیەکێک لەکەناڵە کوردیەکاندا، ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام گۆرانیبێژەکە کرێکار بوو  خەڵکی شاری کەرکوک بوو، دەنگیشی زۆرخۆش بوو، دەنگێکی سرووشتی زۆر خۆشتر لەودەنگانەی کەبە بەرنامەی کومپیوتەر و تەکنەلۆجیا دەسکاری دەنگیان کراوە. کرێکارە گۆرانیبێژەکە لەدیدارەکەیدا باسی موعاناتی کرێکاربوونی خۆی دەکرد و هاوکات باسی ئەزمونی هونەری خۆی دەکرد.

باسی خۆشەویستی وعەشقی خۆی دەکرد بۆ کیژێک، بەڵام بەهۆی نەبوونی ودەسکورتی و کرێکاریەوە کیژەکەی بۆ نەبووە وهاوسەرگیری لەگەڵ کوڕە دەوڵەمەندێک دا کردووەو ئەمی جێهێشتوە .

کرێکارە گۆرانیبێژەکە لەدیدارەکەیدا باسی خۆشەویستی نیشتیمان وشاری کەرکوکی دەکرد و گۆرانی بەباڵایاندا دەوت و هاوکات باسی نەهامەتی ودەردو ڕەنج وسەختی باروگوزەرانی ژیانی خۆی دەکرد لەشاری کەرکوک دا .

لێرە دا من کۆمەڵێ گومان وپرسیارو سەرنجم لادروست بوو لەسەر دیداری ئەو گۆرانیبێژە کرێکارەولەدڵەوە  خەفەتم بۆخوارد وئازارەکانی ئازاریان دام. هەرئەوکاتەگووتم بەخۆم خۆزیا دیدارەکە ڕاستەوخۆ دەبوو  تاپەیوەندیم بەبەرنامەکەوە بکردایەو بەو گۆرانیبێژە کرێکارەم بگوتایە:- کرێکارە بەڕێزەکە پرسیارت لەخۆت کردووە کەتۆ لەشارێکدا دەژیت کە دەریایەک نەوت لەژیر شارەکەتدایە کەچی تۆو هەزارانی وەک تۆ لێی بێبەشن وژیانێکی مەمرەمەژی دەژین؟!

پرسیارت لەخۆت کردوە سەرچاوەی ئەم  دەردوڕەنج ومەینەتیانەی تۆ چییە و کێ یە؟!

پرسیارت لەخۆت کردوە بۆچی تۆ ناچاری  کرێکاری بکەیت و کەچی کوڕانی بەرپرسانی شارەکەت وەک شازادەو وەلی عەهدەکانی کەنداو دەژین؟!

پرسیارت لەخۆت کردووە ئەو خۆشەویستیە پاکەت بۆشارەکەت ونیشتمانەکەت چ لەژیانی واقیعی گۆڕیویت؟! خۆ خۆ مناڵانی بەرپرسان وسەرمایەدارانی شارەکەت هیچ خۆشەویستیەکیان بۆشارەکەو نیشتمانەکەت نییە کەچی  ژیانێکی شاهانەیان هەیە تۆش ژیانێکی هەژارانە وایە یانا ؟

هۆکار چی بوو و کێ بەرپرس بوو لەوەی خۆشەویستەکەت بۆ تۆ نەبوو و کەسێکی سەرمایەدار لێتی برد؟

کرێکارە بەڕێزەکە تۆ دەبێ هوشیاری چینایەتی خۆت گەشە پێ بدەیت.. تۆدەبێ نیزامی سەرمایەداری باش بناسی  کەسەرچاوەی هەموو نەهامەتیەکانی تۆی مرۆڤە لەپێناو قازانج پەرستی خۆیدا، باکی لەهیچ شتێ نییە .

کرێکارە بەڕێزەکە من ناڵێم شارەکەت ونیشتمانەکەت خۆش نەوێ، بەڵام دەپرسم شارێک و نیشتمانێک کەپڕ سامان وداهات بێت و هێندە زۆر بێت کەبەشی هەموان بکات، ئەی بۆ تۆو هەزارانی وەک تۆ لێی بەهرەمەند نەبن و تەنیا کۆمەڵێکی کەم لێ ی بەهرەمەندبن ولەسایەیدا شاهانە بژین .

ئاخر شارێک ونیشتمانێک لە نەهامەتی ونەداری وڕۆژ ڕەشی وموعانات وئازارو گرتن وکوشتن وپێشێلکردنی ماف وئازادی وشکاندنی شکۆی مرۆیی وهتد شتێکی باشی پێ نەبەخشیبیت چۆن خۆشت بوێ چۆن ئینتیمات بۆی  هەببێت؟!

کرێکارە  ئازیزەکە بزانە لەسەر هەربستە زەویەکی ئەم گۆی زەویە تۆ خۆشگوزەران ژیایت و بەهرەمەندبووی لە ژیانێکی مرۆییانەی سەردەم و مافەکانت پارێزرابوو و ئازادو خاوەن بەهاو شکۆی مرۆیی ژیایت، بزانە ئەو جێگەیە شاری تۆیە نیشتمانی تۆیە .

کرێکارە ئازیزەکە ئەم شارو نیشتیمانە هی بەرپرسەکان وسەرکردەکان وسەرمایەدارەکانە، هی خەڵکی هەژارو کرێکارو زەحمەتکێش وخەڵکی ئاسایی نییە .

کرێکارە ئازیزەکە سەرکردەکان وبەرپرسەکان وسەرمایەدارەکان وهەندێ لە ئەدیب وهونەرمەندی موستەفیدو دەربار و جاش سیفەت شارو نیشتمانت لا پیرۆز وخۆشەویست دەکەن، لەپێناو بەرژەوەندی زیاتری خۆیاندا .

ئەوان تۆو هەزارانی وەک تۆ دەدەن بەکوشت لەسەر شارو نیشتمانەکەت لەجەنگە یەک لەدوایەکەکانیاندا لەپێناو کورس ودەسەڵات وسامان وسەرمایەدا. ئەوان تۆ وهەزارانی وەک تۆیان بۆ ئەوجەنگانە دەوێت بۆیە نیشتمان وشارەکەتان لا خۆشەویست و پیرۆز دەکەن و خەڵکانێک دەکەن بەدووژمنتان کەڕۆژێک لەڕۆژان نە دیوتانن ونە ناسیوتانن و نەکێشەتان لەگەڵیان هەبووە، لەژیر ناوی نەتەوەی جیا، مەزهەبی جیا،  دەتاندەن بەگژیەکداو یەکترتان پێ دەکوژن ومناڵەکانی خۆشیان نوقمی نازو نیعمەت و سەفەرو گەڕانن و شاهانە دەیان ژێنن.

کرێکارە  ئازیزە کە بزانە هیچ شتێک هێندەی خودی مرۆڤ پیرۆز نییە، کەتۆی کرێکاریش یەک مرۆڤێ پاکی .

کرێکارە ئازیزەکە تۆلەبنەماڵەیەکی کرێکارو زەحمەتکێشدا پەروەردە بوویت و هاتیتەدەر، تکایە دژی چینەکەی  خۆت بیرمەکەرەوە دژی چینەکەی خۆت هونەرمەکە .

بۆلەمەودوا داواکارم گۆرانی بۆ هوشیاری چینەکەت بڵێی، گۆرانی دژی نیزامی سەرمایەداری بڵێی، گۆرانی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵێی. گۆرانی بۆئازادی بۆ یەکسانی بڵێیت. گۆرانی بۆعەشق وخۆشەویستیەکی ئینسانی بڵێیت.    گۆرانی بۆژیانێکی باشتر بڵێی،  ئەی  کرێکارە گۆرانیبێژەکە ئەی گۆرانیبێژە کرێکارەکە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.