کۆمۆنیزمی کرێکاری و پەکەکە!… نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە

0

هەر لەو کاتەوەی پ ک ک بنیات نراوە لە لایەن زۆر لەدەوڵەتەکانی جیهان و حیزبەکانی بۆرژوازی لە جیهان و ناوچەکە بە تیرۆریست ناویان بردوە، بەڵام کۆمۆنیزمی کرێکاری هەرگیز پ ک ک ی بە تیرۆریست ناو نەبردووە و زیاتریش هەڵوێستی دژایەتی لەگەڵ ئەو دەوڵەت وحیزب و ڕێکخراوانە هەبووە و لەسەرووی هەموویانەوە حکومەتی تورکیاو ئەردۆغانی فاشیستی بە تاوانباری یەکەم زانیوە. هەندێ جار خۆم لە نوسین و پۆستی سۆشیال میدیا و چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆن و رادیۆی پێشەنگ وتوومە تەنها تورکیا تاوانبارە. کۆمۆنیزمی کرێکاری لەو کاتەوەی ئۆجەلان دەسگیر کراوە داوای دەست بەجێ و بێ مەرجی ئازاد کردنی کردووە چ لە لایەن لیدەری کۆمۆنیزمی کرێکاری مەنسور حیکمەتەوە یا لە لایەن تەواوی ڕابەران و کادران و ئەندامان و لایەنگرانیەوە بووبێ. جا ئەمە بە نووسین و بەیاننامە وچاوپێکەوتن بووبێ یا بە ناڕەزایەتی دەربڕین لە شێوەی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی بەردەم سەفارەتەکانی تورکیا لە ناوەندی شارەکانی ئەوروپا وکەنەداو ئۆسترالیا بووبێ، بە تایبەت لەساڵی ١٩٩٩ لە کاتی ڕفاندنیدا، لەوکاتەدا هیچ حیزبێکی ناسیۆنالیستی و حیزبەکانی تر ئەو جورئەتەیان نەبوو هەڵوێست نیشان بدەن نەوەکا ئەوانیش بە پشتیوانیکردن لە تیرۆر ناوزەد بکرێن و بەرژوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمەریکاو ئیسرائیل وتورکیاوە بکەوێتە مەترسیەوە. ئێمە سەدان جار هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی عێراق وسوریامان ئیدانە کردووە، لەدژی داعش لە کوبانی پشتیوانیمان لە کچان و ژنان و خەڵکی چەکدار کردووە. لە کوردستانی عێراق لەدژی تیرۆر کردنی ئەندامان و لایەنگرانی پ ک ک و پەیەدە لە لایەن تورکیاوە هەڵوێست و ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە. ئەوەی لێرەدا مەبەستمە جیاوازی پ ک ک و کۆمۆنیزمی کرێکارییە و کامیان مرۆڤ دۆستانە و ئازادیخوازانە و ڕاشکاوانە هەڵوێستیان لە بەرانبەر ڕوووداوەکاندا هەبووە. کاتێ کۆمۆنیستەکان تیرۆر کراون ئەوان هیچیان نەوت و هیچ ئیدانەیەکیان نەکردووە. نەزیر عومەر کادری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە ١٩٩٣ لەدهۆک تیرور کرا پ ک ک هیچی نەوت. شاپور و قابیل دوو ئەندامی ڕابەری کۆمۆنیزمی کرێکاری لەهەولێر لەساڵی ١٩٩٨ تیرۆر کران پ ک ک هیچی نەوت. پێنج ئەندام و کادری حیزبی کۆمۆنیست لە سلێمانی لەتەمووزی ساڵی ٢٠٠٠ تیرۆر کران پ ک ک هیچی نەووت. هێرش کرایە سەر بنکەو بارەگاکانی کۆمۆنیست وڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری منداڵان ، پ ک ک هیچی نەووت. نەک تەنها لە بەرانبەر تیرۆرو پەلاماری کۆمۆنیستەکان پ ک ک هیچی نەوتووە، بەڵکو لە بەرانبەر تیرۆری لایەنەکانی ترو ئازادیخوازان و ڕۆژنامە نوسان هیچی نەووت و ئیدانەی هیچیانی نەکردووە. نە بۆ سەردەشت عوسمان ونە بۆ سۆران و نەبۆ عەبدولستار تاهیر شەریف ونە بۆ محمدی حەلاق و کاوە گەرمیانی نەبۆ تیرۆری کادری حیزبی شوعی و حیزبی ئاشوری لەدهۆک و نەبۆ فەرهاد فەرەج …هتد، پ ک ک هیچی نەوت وە هیچ کردارو هەڵوێستێکی عەمەلی نیشان نەداوە. بیرم نایە پ ک ک هیچ هەڵوێستێکی بووبێ بەشێوەی فەرمی لە سەر گیراوانی بادینان لەکاتێکا پارتی بە تۆمەتی لایەنگری لە پ ک ک دەستگیری کردن پ ک ک لەسەر فەزای نائەمنی وکوشت وکوشتارەکانی پارتی ویەکێتی لە کوردستان هیچی نەووتوە. هەمیشە لایەنگران و دۆستانی پ ک ک لە سۆشیال میدیا خەریکی سووکایەتی کردن بوون بە کۆمۆنیزمی کرێکاری و ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبە. هەمیشە هەڵویستی ناکۆکیان هەبووە لەگەڵ سیاسەتی پ ک ک ەش لەبەرانبەر زۆر ڕووداوی ناوچەکە وەک ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧ ئەمانە، دژایەتی ڕیفراندۆمیان دەکرد و کۆمۆنیستەکانیان بە نۆکەری بارزانی دەزانی کەچی ڕابەرایەتی کەجەکە بەفەرمی پشتیوانی لەڕیفڕاندۆم کرد. دووەم لە بەرانبەر ڕووداوی غەززە کۆمۆنیستەکانیان بەلایەنگری ئیسلامی سیاسی حەماس دەزانی، کەچي بەفەرمی پ ک ک دژی ئیسرائیل بوو و قەتل وعامی فەلەستینیەکانی ئیدانە کرد. ئیتز نازانم سیاسەتی پ ک ک وایە خۆیان لەسەرەوە شتێ بڵێن و لایەنگرانیان شتێکی تر؟ لە بەرانبەر چەک دانانی پ ک ک ئۆجەلان پێش هەموو کەس پرسی بە بارزانی کرد و ڕاوبۆچوونی ئەوی وەرگرت کەچی لایەنگران و ئەندامەکانی هەمیشە دژی بارزانی بوون و بەنۆکەری ئەردوغان ناویان بردووە. ئەمانە بۆ وایە هۆکارەکەی ئەوەیە پ ک ک نوێنەری چینی بۆرژوازی کوردە، چونکە وەک لینین دەڵێت (بۆرژوازی هەمیشە دوودڵ وڕاڕایە)، ڕاشکاو نییە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە ناکرێ پ ک ک بە هێزێکی ڕزگاری بەخش و جێگای ئومێد چاو لێ بکرێ، بەڵکو وەک هێزێکی ناسیونالیست و سازشکارە و بەسەر مەسەلەی کوردەوە. هەرچەندە هەندێ سیمای پێشکەوتووخوازی هەیە بە تایبەت لە بەرانبەر مەسەلەی ژندا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ناتوانێ هۆکارێک بێت بۆ چارەسەری کێشەی ژن و کێشەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی وەک خۆیان ئیدیعای دەکەن بەپێی ئەو مێژوویەی هەیانبووە. لەسەرەتاوە حیزبێکی چەپ بوون بە ناوی کرێکارەوە بوون وازیان لە چەپ هێناو مانەوەی ناوی کرێکاریش هەر ڕەمزی بووە هیچ پروپاگەندەیەکی نەبووە بۆ کێشە وگرفتەکانی کرێکار تەنانەت ڕۆژی ١ ی ئایاری وەک ڕۆژی کرێکاری بۆ گرنگ نەبووە، ئەوەندەی یادی نەورۆزی بۆ گرنگ بووە وەک هەر حیزبێکی تری ناسیۆنالیستی ئەوەندە یادی یەکی ئایاری بۆ گرنگ نەبووە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.