گرێبەستی نەوت وگازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو کۆمپانیا، بەڕێز شوان عومەر وەڵامی پرسەکەی داوەتەوە…
پرسی رۆژ: گرێبەستی نەوت وگازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دووکۆمپانیا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان (کە ماوەکەی پتر لەساڵێکە بەسەرچووە)، لەئەمەریکا لەگەڵ دوو کۆمپانیا بۆوەبەرهێنانی نەوت وگاز لەچەند شوێنی کوردستان گرێبەستی ئەنجامداوە.
بەڕێز د.شوان عومەر چاودێری سیاسی، بەکورتی بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.
پرسیار: بەپێی ئەزموونی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەو گرێبەستە چەندە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا دەبێت؟
پرسیار: ئایا ئەو گرێبەستە حکومەتی هەرێمی ودانیشتوانەکەی ناخاتەوە ناو دەورەیەکی تر لەکێشە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەبەغدا؟
د.شوان عومەر: لە بارەی دوایین گرێبەستی نەوت وگازی حکومەتی هەرێم، ناکرێ ئەم پرسە دابڕاو لە سیاسەتی گشتی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، وسیستەمی سەرمایەداری جیهانی سەیر وراڤە بکرێ.
حکومەتی هەرێم نوێنەرایەتی بەشێکی مشەخۆری چینی بۆزژوازی کوردستان دەکات، کە ئامانجی تاڵانکردنی هەرچی داهاتی کوردستان، و هێشتنەوەی دەسەڵاتی قەلەمڕەوی خۆیەتی. ئەمەش بە چەوساندنەوە و نابووتکردنی خەڵکی بێدەرامەتی کوردستان، و وابەستەیی خۆی بۆ سیستەمی بازاڕی سەرمایەداری جیهانی.
ئەم گرێبەستانەش هەوڵێکی نوێی دەسەڵاتدارانی هەرێمە بۆ ئەوەی جێ پێی خۆیان لە بازاڕی سەرمایەداری جیهانی بکەنەوە، ئەگەرچی لە پێگەیەکی زۆر لاوازیش دابێت. لەڕاستیدا ئەم سیاسەتە ئابووریە ئابڕووبەرانەیەی حکومەتی هەرێم بۆ داهاتووی کوردستان، و خەڵکەکەی مانای نەهامەتی زیاتر دەبێت، بۆ کوردستانیش داڕمانی زیاتری ژێرخانی ئابووری و خستنە ژێرباری قەرزی زیاترە.
لەسەر ئاستی عیراقیش، واژۆ کردنی ئەم گرێبەستانە، دەچنە خانەی پێشبڕکێی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ ئەوەی بەغدا لەسەر هەرچی زیاتری بەتاڵانبردنی سامانی ژێرژەمینی ئەم وڵاتە، کە بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی سیاسی و سەربازی عێراق بە بەراورد بە کوردستان، مەحکوم بە دۆڕانە، جگە لە مەترسی کێشکردنی کوردستان بۆ ئەگەری شەڕێکی دۆڕاو وماڵوێرانیەکی تر بۆ خەڵکی کوردستان.
جێی گاڵتەجاڕییە، گەر یەکێک هیوای بەم سیاسەتە ببەستێ و وابزانێت ئەم گرێبەستانە جیا لەوانەی پێشوو، کوردستان دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتری ئابووری و خۆشگوزەرانی و کەنارێکی ئارامتر. هەوڵی دووبارەکردنەوەی مێژوو هەم کۆمیدی و هەم تراژیدیش دەبێ.