گرفتی سەرەکی بەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەم چییە؟… عەبدوڵا مەحمود

0

نزیکەی حەوت مانگە هەڵبژرادنی خولی شەشەمی پەرلەمان!! بەڕێوە چووە، کەچی هیچ نیشانەیەک لە بەرەپیش چوونی گفتوگۆگانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پیکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت!! لە ئارادا نییە. تەنانەت نە گەیشتوون بە لێک تێگەیشتنیکی هاوبەش. هۆکارەکانی نەگەیشتنی پارتی و یەکێتی بە ڕیکەوتن، بە جیا لە قاوانە کۆنەکان… وەکو “حکومەتی هاوبەش، هاوسەنگی راگرتن، بەشداری راستەقینە” و ڕیکەوتن لەسەر پۆستەکان و داهات و رادەی دەسترۆشتوویی لایەنەکانی پێکهێنانی حکومەتێکی سەراسەری… دۆخی ناوچەکەو ئەو ئاڵوگۆرانەیە کە لە ئاستی ناوچەکەدا پێکهاتووە. دۆخێک کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەوڵەتی عێراق و کاراکتەرە سەرەکیەکانی داناوە. ئەم ئاڵوگۆرانەش راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دۆخی هەرێم و هەردوو کاراکتەر و بکەری سیاسی سەرەکی” پارتی و یەکێتی”… داناوە.

لاواز بوونی پێگەی ئێران و هێزە نیابەتیەکانی لە ناوچەکە. حەماس لە فەلەستین و غەززە، حزب اللە لە لوبنان، حوسیەکان لە یەمەن، روخانی رژێمی بەشار ئەسەدو دارمانی پیگەی ئیران لە سوریا… هاوسەنگی هێزی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا گۆڕی. ئیرانی وەکو کارکتەرێکی سەرەکی پەراوێز خست، رۆڵی تورکیای بەرجەستەکردوە. ئیسرائیل وەکو لایەنێکی سەرکەتوو لە باری سەربازییەوە هەژموونی ئەوی لە ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەدوای خۆیدا هێناوە. وڵاتانی وەکو عەرەبستانی سعودی و قەتەر…لە لاوازی رۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا پێگەیان بە‌هیزتر دەبێت. مامەڵەیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلیدا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لە داهاتووی دوای جەنگدا، لەگەڵ ئیسرائیلدا بێ گرێ و کیشەی گەورەو قوڵ، دەچیتە پێشەوە.

لەگەڵ ئەوەدا ئەم ئاڵوگۆرانەی ناوچەکە بە دوا ویستگەی خۆیان نەگەیشتوون، بەڵام کاریگەری سەرەکیان لەسەر دۆخی سیاسی و ئەمنی و پیگەی عێراق هەیە. دارمانی پیگەی ئیران لە ناوچەکە، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر پیگەی دەسەڵاتی سیاسی چوارچیوەی هەماهەنگی و هیزە شیعە سیاسیەکانی ناو دەسەڵاتی عێراق هەیە، لەوەش زیاتر خودی هیزە باڵادەستە سەربازییەکانی عێراق، “حەشدی شەعبی” کە پایەکی سەرەکی پاراستنی دەسەڵاتی وابەستەی ئیرانە، هیشتا لە چوارچیوەی ئارایشدانەوەی دۆخی ناوچەکە و عێراقدا کەیسێکی کراوەیە. رۆڵی ئیران لە عێراقدا لەبەردەم ئاڵوگۆردایەو لەبەردەم هەژموونی گۆرانکارییەکان و گوشارەکاندا، بەرەو لاوازی مل دەنێت… ئەم دۆخەش بوار بە هێزەکانی تری دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندییەکانی ئیران و نەیارەکانی دەکاتەوە، وەکو بکەر و کاراکتەری سیاسی کەڵک لە دۆخەکە وەربگرن.

یەکێتی نیشتیمانی بە لاواز بوونی پیگەی ئیران لە ئاستی ناوچەکەو بەتایبەتیش لە ئاستی عێراقدا… روبەرووی ئاڵنگاری و تەنانەت چوونە ژێر پرسیاری هیزە تازە و کاریگەرەکان دەبێتەوە کە بەهۆی لاواز بوونی ئیرانەوە توشی دێت. پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دۆخی پاشەکشەی ئیران و هیزەکانی و باڵادەستی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکەدا، پیگەی بە‌هیز بوونی خۆی لە ئاستی عێراق و کوردستاندا دەبینێ. دەبێ ئەوەش زیاد بکەین هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەش، وەکو هیزیكی سیاسی و ناوچەیی نەیاری پارتی، پیگەی پارتی لەسەر ئاستی سەراسەری کوردستاندا بەهیز دەکات. نەمانی پەکەکە وەکو هیزێکی سیاسی و سەربازی و پڕ لق و پۆپی جیاجیا لە ئاستی سەراسەری کوردستاندا، گۆرەپان بۆ پارتی ئاوەڵا دەکات. جیا لەوانەش ئەگەر پرسی کورد لە دۆخی ئیستادا بەشیوەیەکی بەرجەستە هاتوتەوە ئارا، لەگەڵ ئەوەدا سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد دەیانەوێت کەڵك لەوە وەربگرن، بەڵام لەم کەیسەشدا، پارتی دەیەوێت زۆرترین دەستکەوت لەو پرسە وەربگرێت و بەتایبەتی کە هەمیشە خۆی بەخاوەنی “پرسی کورد” دەخاتە ڕوو، وەکو کارتێک لە ململانێی خۆی لەگەڵ بەغدادا بەدەستیەوە دەگرێت و لە بەرامبەر یەکتیشدا مزایەدەی پێوە دەکات.

هەموو ئەو پێشهات و ئاڵوگۆرانە بەسودی پارتییە، و پارتی دەیەوێت هەرچی زووە لەم هاوسەنگییە تازەیەدا حکومەت و کابینەی دەهەم پێک بێت و باڵادەستی خۆی بەسەر هەرێم و بریاری سیاسی کوردستاندا بهێڵێتەوەو زیاتری بکات. لە بەرامبەردا یەکێتی نیشتیمانی کە خاوەنی دەسەڵاتی زۆنێکی هەرێمە، نایەوێت لە هاوسەنگی هێزی ئیستادا حکومەت پێک بێت. بۆیە لە ڕیگای هێنانەگۆری پرس و داخوازی و تایبەت زۆرجار نا واقعی، دەیەوێت پرۆسەی پیکهێنانی حکومەت دوابکەوێت. بەتایبەتی یەکێتی ئەوە دەزانێت حکومەت بەبێ یەکێتی حکومەتیکی لاسەنگ و تاک زۆنی دەبێت و بەکردەوە زۆنی سەوز لە دەرەوەی حکومەت و کابینەکەی دەبێت. یەکێتی نیشتیمانی دەیەوێت ئەم دۆخە راگوزەرەی هەیە تێپەڕێت و کەشێک بێتە ئاراوە، کە هاوسەنگی لەگەڵ پارتی بەو ئاستە نەیەتە خوارەوە کە بەرگەی گورزەکانی داهاتوو نەگرێت… یەكیتی نیشتیمانی لەلایەکەوە چاوەروانی ڕیگەگرتن لە باڵادەستی تورکیایە لە ئاستی ناوچەکەدا و لەلایەکی تریشەوە ئومیدی خۆی بەستۆتەوە بە گفتوگۆکانی نیوان ئیران و ئەمریکاوە. ئەگەر ئیران و ئەمریکا بگەنە ڕێکەوتن دەروازە بۆ ئێران دەکرێتەوە بە شیوەیەکی تر و لە ئاستی تردا رۆڵی خۆی بگێرێت و وەکو قوتبیك کارایی خۆی لەسەر ناوچەکە هەبێت… دیارە بۆ ئەمریکا خاڵی سەرەکی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ئیران راگرتنی ئیرانە بۆ دژایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەو دوور راگرتنیەتی لە هاوپەیمانیەتی ستراتیجی و دوور مەودا لەگەڵ جەمسەری روسیاو چین. بەم پێیە ئەگەر ئەمریکا و ئیران ڕیک بکەون رەوەندی روولەخواری پیگەی ئیران لەناوچەکە دەوەستێت و هیزەکانی سەر بە ئیران، بواری خۆ نواندنیان لە دۆخێکی تازەو باشتردا دەبێت، لەو نێوەدا چ هیزە سیاسیەکانی وابەستە لە عێراق و چ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە پیگەیەکی ئارامتر و باشتردا، دەتوانن ململانێی نەیارە سیاسیەکانیان بکەن و بەشیک لە ویست و داخوازییە سەرەکیەکانیان بسەپێنن.

حکومەت و کابینەی دەیەم، تا ئەوکاتەی تای تەرازوی ئیستاو باڵانسی زاڵ، ئاڵوگۆری بەسەردا نەیەت، پێکهاتنی سەختە.

دیارە مەسەلەی پیکهێنانی حکومەت و کابینەی دەهەم، زۆرتر ویستی بۆرژوازی و باڵەکانیەتی، نەک خەڵکی کوردستان. لەدیدی چینی کرێکار و بەشی هەرەزۆری خەڵکی کوردستاندا، حکومەت و پەرلەمان لەوە پوچتر و بێ بایەخترە، مایەی لەسەر دابنێن. ئەزموونی نزیک بە سێ دەیەو نیووی رابردوو ئەو راستیەی جێگیرکردووە کە حکومەت و پەرلەمان، جیا لە دوو دیکۆر بۆ روپۆشی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی و شێواندی رای فەرمی دنیای دەرەوە شتێکی تر نییە. بۆیە خواستی چینی کرێکار و خەڵکی کوردستان پیکهێنانی حکومەت و پەرلەمان نییە، بەڵکو رزگاربوونە لەو دوو دەسەڵاتەی دەستی ناوەتە بننەقاقایان و ژیان و گوزەرانی دۆزەخ ئاسای بەسەردا سەپاندوون. دیارە حزب و لایەنی سیاسی لەناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد و بازنەی بەرژەوەندیەکانیاندا هەن لە لیک لە چەناگەیان دەڕژێت بۆ بەشداری و پۆست و بەشداری لە تاڵانی قوتی خەڵکی کوردستاندا… بەڵام خەڵکی کوردستان لەوە هوشیارترن ئەو هێز و لایەنانە بتوانن خۆڵ بکەنە چاویان.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.