ڕوماڵێک لە بارودۆخی زیندانیانی سیاسی کوردستان… بەشی دووەم… نووسینی: کاوان قادر
زیندانیانی سیاسی توێژێکی مەحروم وقوربانی خوارەوەی کۆمەڵگەن. وەک خۆیان دەڵێن شەهیدی زیندوو هەموو ڕۆژێک دەمرن و زیندوو دەبنەوە بەتایبەتی هەست بکەیت بەناوی کوردایەتی و شۆڕشەوە فریودراویت و خەڵەتێنراویت، ماڵ وحاڵت ڕوخێنراوە و ئەنفال کراویت. هاوزیندانی وئەزیزەکانت لەپاڵ دەستی خۆتا لە سێدارە دراوە. تەمەنی جوانی و لاوێتیت وەک خەیاڵ پڵاوێک بە هەدەر چووە، لە بەندیخانەکاندا تەعزیب دراویت، برسی کراویت و سوکایەتیت پێکراوە، تا بەردەرگەی مردن ڕۆیشتویت، هەموو ئەمانە لە پێناو ئازادی وبەختەوەریدا، ئەوەش ئەنجامەکەی و بەختەوەرییەکەی کە لەژێر سایەی حوکمی ئەو حزبەی خەباتت بۆ کردوە هەست ئەکەیت بەکارهاتویت ئیستیغلال کراویت، هەر ئەوانەی بەناوی کوردایەتییەوە لاوی کوردیان بەکوشداوە ئەمڕۆ دەست درێژی دەکەنە سەر سفرەی خێزان ومناڵەکانت، دەمری وزیندوو دەبیتەوە، چونکە دەزانیت چی هەڵەیەکت کردوە چەند بێ ئومێد کراویت، دەڵێن ئیمەی زیندانیانی سیاسیان کردە پەیژە لەسەر ئازارو ئەشکەنجە وخوینی ئیمە بوون بە فیرعەون و ئەوەش پاداشتەکەمانە کە وەرمان گرتەوە. حاڵی زیندانیانی سیاسی هێشتا باشەکەیانە وەیلا بەحاڵی خەڵکی ئاسایی، من لام وایە ئەم هەموو ناڕەزایەتییە بەرەو شۆڕش لورەی گرتوە، تەنها کۆکردنەوەی ئەوێت. وەک لە بەشی یەکەمدا باسم کرد سەرەڕای ناکام مانەوەی تا ئێستای بەشێک لە زیندانیانی سیاسی کوردستان بۆ بەستنەوەی موچەکانیان کە پێویست بوو وەک زیندانیانی سیاسی عێراق ٢٥ ساڵ بێت، بەلام لە کوردستان گەیشتە ١٠ ساڵ وموچەکەیان بڕین، جارێکی تر ئەوەی سەلماند کە کۆمکار شکستی هێناو نەیتوانی نوێنەرایەتی زیندانیانی سیاسی بکات بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانیان، چونکە کۆمکاریش وەک هەردەزگایەکی تری بێ ناوەرۆک کە دەستکرد و دامەزراوی دەسەڵات خۆیەتی وحزب وحزبییەکان بەڕێوەی دەبەن، شکستی هێنا لەهەموارکردنەوە یاسای زیندانیانی سیاسی کوردستان، ئامانجەکەش لەم هەموار کردنەوەیە بۆ ئەوە بوو لە ١٠ ساڵەوە بکرێت بە ٢٥ ساڵ وەک هەموارکردنەوەکەی کە لە خواروی عێراق بۆ زیندانیانی سیاسی جێ بەجێ کرابوو. جگە لەوەی هەمیشە هەوڵی ئەوە دراوە موچەی زیندانیانی کوردستانیش هاوتای بەغداد بکرێتەوە وبچێتە سەر بەغداد. پاش ئەو شکستەی کۆمکار بەشێک لە هەڵسوڕاوان پەنا دەبەنە بەر مام جەلال کە نامەیەک بنوسێت بۆ نوری مالیکی ئەو سەردەمە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت بۆ پشتیوانی کردن لە مافەکانیان کە تیایدا داواکرابوو کە ئەوان مافی زیندانیانی کوردستان بدەن هاوشێوەی کوەیت و هەموو ئەو وڵاتانەی لەلایەن بەعسەوە زەرەرو زیانی بەرکەوتوە لەو سەردەمەدا. بەڕەسمی لەسەر ئەو پرسە نوری مالیکی فەرمانی بەدەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق کرد و داوای کرد ڕێکارە ئیداریی و مالییەکانی بگرنە بەر. ئەوەبوو لە ساڵانی ٢٠١١ بەدواوە نوسینگەیان لەشاری هەولێر کردەوە ناویان نا (مکتب تنسیق للاقلیم) کە سەر بە موئەسەسەی زیندانیانی سیاسی عێراق بوو لەو هەنگاوەدا کۆمەڵێک زیندانی تر پشتڕاستیان بۆ کرایەوەو کەوتنە لیستی موچە وەرگرتنەوە، بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند و شکستی خوارد و پەیوەندییەکە تێکچوو. دوا بەدوای ونبون و دیارنەمانی مام جەلال بەهۆی نەخۆش کەوتنەکەیەوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە چارەنوسی خەڵكی کوردستان لەسەر دەستی شەخس وەستاوە و ماف و پێویستییەکانی ژیانی خەڵک نەکراوە بە یاسا. لەوە بەدوا هیچ زیندانییەکی سیاسی پشتڕاستکردنەوەی بۆ نەکرا، لەبەدواچونێکی جدیدا دەرکەوت کە ١٠ ساڵ بەر لە ئێستا نوسراوێک ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوە کە کۆپییەکی بەردەست هەندێک لەهەڵسوڕاوانی زیندانیانی سیاسی کەوتبوو کە بەڕێوەبەری زیندانییە سیاسی یەکانی کوردستان کە خودی خۆیشی کاتی خۆی زیندانی سیاسی بووە! نوسراوی کردبوو بۆ وەزارەتی شەهیدانی هەولێر کە تیایدا داوای کردبوو نوسراوێک بەعەرەبی بنوسن بۆ موسسەی سجنائی سیاسی عێراق کە داوای لە بەغداد کردبوو کەچی تر پشتڕاستکردنەوە بۆ هیچ کەسێکی تازە نەکەن ئەگەر کتابی کۆمکاری زیندانیانی سیاسی پێ نەبێت، جگە لەوە بەڕێوەبەری کۆمکار بەسەردانێک بۆ بەغداد هەرچی فایل ودۆسیەی زیندانیانی سیاسی کوردستانی لەگەڵ خۆی هێنابۆوە بۆ هەولێر. ئەو دۆسیانەی کە کاتی خۆی بەغداد پشتڕاستکردنەوەی بۆ کردبوو، پاشان سیدییەک کە ناوی کۆمەڵێک زیندانی سیاسی تێدایە تەسلیم بە بەغداد دەکات کە هیچ کارێکیان بۆ نەکرێت، پاش ئەوەی ئەم لەپشتەوە چاڵ هەڵکەندنە و ئابڕووچونە کەشف دەبێت نیگەرانییەکی زۆر دەکەوتە ناو زیندانیانەوە کە داوای کردبوو موچەکانیان نەخرێنە سەر عێراق و ئێمە خۆمان لە کوردستان بۆیان دەکەین واتە موچەکانیان بنێرن بۆ ئێمە، ئێمە خۆمان پێیان دەدەین. ئەوە سەردەمانێک بوو زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی دەچونە بەغداد و دۆسیەکەیان بۆ جێبەجێ دەکراو وەک زیندانیانی سیاسی عێراق موچەیان وەردەگرت، بەڵام ئامانجی ئەمانەی کوردستان ئەوەبوو نیوەی زیاتری موچەی زیندانیان بۆخۆیان بدزن، ئەم هەوڵە قێزەونە وەک مێژووک بە نێوچەوانی بەرێوەبەرایەتی کۆمکارەوە تا ئێستاش ماوەتەوە بێ گومان بەڕێوەبەرایەتی کۆمکار نەک تەنها جێبەجێ کارە، بەڵکو سودمەندیش بوون. بەداخەوە دوای ئەو نوسراوەیە هیچ دۆسییەکی زیندانیان نەچوە پێشەوە نەیان هێشت بەغداد بیدات وخۆشیان نەیاندا، ئەو پلانەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمکار لەو هۆکارەوە سەرچاوەی گرتبوو کە کۆمەڵێک زیندانی سیاسی خۆیان ڕاستەوخۆ کاروبارەکانیان لە نوسینگەکانی عێراق لە موسڵ وکەرکوک و دیالە وبەغداد کاروبارەکانیان جێبەجێ دەکرد بۆئەوەی بە فلتەر وگومرگی هەرێمدا تێنەپەڕێت، فیعلەن ئەو هاوڕێیانەی هەستابوون بەو کارە بەهرەمەند بوون لە هەموو مافەکانیان وەک هەر زیندانییەکی خواروی عێراق، کۆمکاریش دەیویست ئەمە نەبێتە سوننەت وخۆیان دەست بەسەر موچەی زیندانیانی کوردستاندا بگرن و هەمیشە دەستەنەخواری خۆیانیان بکەن و کەی ویستیان بیدەن هەرکاتیش مەبەستیان بوو دوای بخەن یان نەیدەن. ئەوە بوو دوای ئەو کتابە هەموو کاروبارەکان وەستان وبۆ کەسی تریان نەکرد . لەژێر ڕۆشنایی یاسای ژمارە ١١ ی ٢٠١١ پەڕلەمانی کوردستان نزیکەی ٥٢٣٠ زیندانی موچەیان وەرگرت (مینحەی بۆ دەرچوو) پاشان لجنەی چاکسازیان دروستکرد بۆ مەبەستی پاڵاوتنێکی تر و بڕینی زیاتری موچە کە لە کۆی ئەو٥٢٣٠ کەسەی مینحەی بۆ دەرچوو بوو٣٦٠٠ کەس موچەیان بڕدرا بەهۆی ئەوەی دوو موچە وەردەگرن خانەنشینی وزیندانی، دەبێت یەکیکیان هەڵبژێرێت ئەوەی مایەوە و پشتڕاسکردنەوەی بۆ کراوە کە یەک موچە وەردەگرن ١٦٣٠ زیندانی یە کە یەک موچەیان هەیە. هەتا ئێستا کۆی گشتی ئەو کەسانەی زیندانی بوون و ناوەکانیان پشتڕاستکردنەوەی بۆ کراوە٢٥٧٠٠( بیست وپێنج هەزارو حەوت سەد ) کەسە کە تائێستاش چاوەڕوانن موچەیان بۆ دەربچێت، ساڵانە بۆ تازەکردنەوەی هەویەکەیان ١٠ هەزاریان لێ وەردەگرن لە هیچیش بەهرەمەند نابن. ئەم چاوەڕوانییە تەنها لەوەدا خۆی نابینێتەوە حکومەتی هەرێم خێرێکیان پێ بکات، بەڵکو بەردەوام خۆپیشاندان وگردبوونەوە هەیە هەم بۆ ئەوانەی کە موچەکانیان بڕدراوە یان هیچ موچەیەکیان وەرنەگرتوە تەنانەت ئەوانەشی کە موچە وەردەگرن موچەیەکی شەرمنۆکانەیە وە زۆر نزمترە لەوەی کە خێزانێک بتوانێت پێی بژی، بەشێوەی جۆراوجۆر ئەم دەنگی ناڕەزایەتی وبێزارییە لەڕێی سۆشیال میدیاوە گروپی ناڕەزایەتیان پێک هێناوە و تەنانەت کار گەیشتۆتە سکاڵاکردن لای مەحکەمەی فیدراڵی و وەهەروەها لێپرسینەوە و سکاڵاکردن لە دادگای سلێمانی لە دوو بەرپرسی وەزارەتی شەهیدان لەو خرۆقات وپێشێلکاریانەی دەرهەق بە زیندانیان وخێزانی شەهید وئەنفاکراوان دەکرێت. بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق مادەی ١٣٢ باس لە مافەکانی زیندانیانی سیاسی دەکات کە لە هەموو عێراقدا کاری پێ دەکرێت تەنها لە هەرێمی کوردستاندا نەبێت، عێراق دەڵێت موچەی زیندانیان لەو لەسەدا ٪١٧ یە دایە وهەرێم لێی بەرپرسیارە. وەک پێشتر باسم کرد حکومەتی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٨ ئەو یاسایەی هەموار کردەوە لە ١٠ سالەوە بۆ ٢٥ ساڵ تیایدا هاتوە زیندانیان قەرەبوو بکرێنەوە. ئەو بڕیارە تەنها باس لە موچە ناکات، بەڵکو هەموو مافەکانی تر وەکو بۆمانەوەی هەر ڕۆژێک لە زینداندا ٤٠ هەزاریان پێ دەدرێت جگە لە موچەکانی خۆیان، ٥ ملیۆن بۆ هەرکەسێک کە سەفەری دەرەوەی وڵات بکات، لە کوردستان هەندێک کار کراوە وەک ئەوەی ١٥ ساڵە زەوییان بەسەر هەندێک زیندانیدا دابەشکردوە لە ناوچەی سلێمانی کە موڵکی کەسانی ترەو خاوەنیان هەیە، نە دەتوانن مامەڵەی پێوە بکەن یان خانوی لەسەر دروست بکەن، بەڵام لە عێراق لەجێی ئەوە ٨٠ ملیۆنیان داوە بە زیندانیان وە سولفەی عەقاریشیان بەردەست خستوە کە کێشەی سەکەنی پێ چارەسەربکەن بەڵام لە کوردساندا تەنانەت موچەکەش نادەن.
ماویەتی