کۆتایهێنان بەشەڕلەشارى عەفرین تێکۆشانى هاوبەشى دەوێ عبدالرحمن رسول

0

کۆتایهێنان بەشەڕلەشارى عەفرین تێکۆشانى هاوبەشى دەوێ

عبدالرحمن رسول

لەدوایی هاتنە سەرکارى ئیسلامییەکان لەتورکیا، سەرکوت وئیستبداد وچەوسانەوەو داگیرکارى زۆر گەشەى کرد، هەرچەندە لەسەرەتادا بۆپڕوپاگەندەى هەڵبژاردنەکان پارتى دادو گەشەپێدانى تورکیا کەپارتێکى ئیسلامییە باسى ئاشتى وپێکەوە ژیانى گەلانى تورکیاى دەکرد، زۆر فرێوکارانە ودرۆزنانە خەڵکییان پەلکێشى دەنگدان کرد و دەنگیان پێدراو چوونە ناو پەرلەمان دەسەڵات، سیستەمیان کەوتەدەست، هەر بۆ ئەومەبەستەش حیزبە ئیسلامییەکانى باشوورى کوردستان ومەلاکانى وەک سەید احمد وعلى قەرەداغى  شیرینیان دەبەخشێ وە وئاهەنگى سەرکەوتنیان دەگێڕا بەبۆنەى هاتنە سەر دەسەڵاتى ئیسلامییەکانى تورکیا. هەروەک ئێستایان کەچۆن بەئاشکرا لەڕاگەیاندنەکانى تورکیاو ڕاگەیاندنە کوردییەکانى باشوورى کوردستاندا پشتگیرى وپشتیوانى لەهێرش وداگیرکارى سوپای فاشیزمى تورکیا دەکەن بۆ سەرشارى عەفرینى خۆرئاوای کوردستان دوعای پاراستن بۆسوپاى فاشیزمى دەوڵەتى تورکیا دەکەن کەبەشەڕو بۆردومانەکانیان ژنان ومناڵان وخەڵکى سیڤل وبێ تاوان دەکەن بەقوربانى وئاوارەو دەربەریان دەکەن. هەر لەسەرەتایى هەڵسوڕان وکارو چالاکى ئیسلامییەکانى تورکیا، کەسانى چەپ وکۆمۆنیست وئازادیخوازو پشکەوتنخوازى تورکیا بەخەڵکیان ڕاگەیاند کەسەرکردەى ئیسلامییەکان (ئوردوغان) درۆ لەگەڵ خەڵک دەکات و دەیەوێت خەڵک فریو بدات بۆ ئەوەى بێتە سەر دەسەڵات هەرواش دەرچوو لەدوای هاتنە سەردەسەڵاتى ئیسلامییەکان هەتا ئێستا بەهەزاران کەس لەسەر دەربڕینى بیروباوەڕى جیاواز لە سەرجەم نەتەوە جیاوازەکان زیندانى کراوە. هونەرمەندان وڕۆژنامەنووسان و نوسەران و ڕۆشنبیران وئازادیخوازان پۆل پۆل خراونەتە زیندانەکانى تورکیاوە. ساڵانە ڕێژەى سەرکوت وزیندانیکردنى کەسانى سیاسى و ڕاگەیاندکاران زیاتردەبێت. ساڵ لەدوای ساڵ هیواکانى چەسپاندنى ئاشتى وئارامى وئازادى لەتورکیادا لەلایەن پاڕێزەرانى سیستەمى ئیسلامی دەسەڵاتى تورکیا  زیاتر خامۆش دەکرێت.

 ئیسلامییەکانى تورکیا هەنگاو بەهەنگاو کۆمەڵگەی تورکیا بەرەو کەنارى نائارامى وهەڵایسانى شەڕ دەبەن، سوپای تورکیا بۆماوەى چەندین ساڵە بەردەوامە لەداگیرکارى وتەدەخولکردن بۆ بەزاندنى سنوورەکانى تورکیا بەرەوباشوورى کوردستان کەچەندین ساڵە بەناوى ئاشتى پارێزیەوە هاتۆتە بەشێکى زۆرى خاکى  باشوورى کوردستان کەبەدەست پێشخەرى ومیواندارى حیزبە دەسەڵاتدارەکانى باشوورى کوردستان هاتووە، بەڵام دەستى بەسەرداگرتووە. لەدوای دروست بوونى کاتنۆنەکانى ڕۆژئاوای کوردستانەوە چەندین جارە هێرش وپەلاماردانى بۆ کانتۆنەکانى ڕۆژئاوا ئەنجامداوە کە ویستویەتى داگیرى بکات، بەڵام بەهۆى بەرخودان وتێکۆشانى یەکگرتوانەو ئازایانەى خەڵکى خۆرئاوای کوردستان سوپایی تورکیا سەرکەوتوو نەبووە.

ئەوا ئەم جارەش دەوڵەتى فاشیزمى ئیسلامیی تورکیا هێرشى کردۆتەوە سەرکانتۆنى عەفرین، مەلاکانى تورکیا لەناومزگەوتەکانەوە فتواى جیهادیان لەدژى خەڵکى کورد زمانى شارى عەفرین ڕاگەیاندووە دوعای سەلامەتى وسەرکەوتنیان بۆسوپای داگیرکەرى تورکیا کردووە. لەڕۆژانى هەینیدا مەلاکان وتارى ئاگراوى وفتواى جیهاد لەدژى خەڵکى عەفرین و خۆرئاواى کوردستان دەدەن، ڕێپێوان سازدەکەن هاوار دەکەن بۆهاندانى خەڵک بۆ بەشداریکردنى لەشەڕ.

دەوڵەتى فاشیستى تورکیا به‌پاساوی دەرکردنى  هێزەکانی پەیەدە کە بە درێژکراوەی پەکەکەیان دەزانێت دەستی داوەتە هێرش و لەشکرکێشی سەربازی بۆسه‌ر شاری عه‌فرین،  لەلایەکەوە تۆپخانەکانی بە خەستی تۆپببارانی شارو گوندەکانی ناوچەکە دەکەن و لەلایەکی دیکەشەوە بەکرێگیراوانی خۆی لەئیسلامییە توندڕەوەکان وبەناوی سوپای ئازادی سوریاوە ئامادەکردوە بۆ هێرش کردنە سەر ناوچەکە. لەرابردوو بەهاوکارى تیرۆریستانى داعشى ئیسلامى هێرشى دەکردە سەر خۆرئاوای کوردستان، لە ئێستاشدا بەهاوکارى ئیسلامییەکان و سوپای ئازادى سوریا دەیەوێت ناوچەکە داگیربکات.

 هەڕەشەو هێرشى رژێمى تورکیا بۆسەر شارى عەفرین و رۆژئاوای كوردستان، ناڕەوایە وپێویستە شەرمەزارو ڕیسوا بکرێت، لەبەرئەوەى رۆژئاوای کوردستانى خستۆتە بارودۆخێکى زۆر دژوارو نالەبارەوە ئەگەر بەتێکۆشانى ئازادیخوانەو مرۆڤ دۆستانە بەرى پێ نەگیرێت بەرەو ئەنجامدانى جینۆسایدێكی گەورە دەچێت. کە لەئێستادا ئەگەر بەرى پێ نەگیرێت وشەڕ ڕانەگیرێت بەهەزاران کەس ئاوارە دەبێ وبەسەدەهاو هەزاران کەسیش  دەبنەنەقوربانى. ئەم داگیرکارییە تاوانێکە بەرامبەر تەواوى خەڵکى رۆژئاواى کوردستان، بەسەرجەم نەتەوەو ئایینە جیاوازەکانەوە ئەنجامدەدرێت، بۆیە ناكرێ‌ لە ئاست ئەو داگیرکارى وکارەساتە گەورەیەدا بەهیچ شێوەیەک بێدەنگ بین، ئەو هێرش و موشەک باران کردنە دڕندانەیەی كەوا لەلایەن سوپای فاشى  تورکیاوە دەكرێتە سەر هاوڵاتیانى خەڵکى مەدەنى  عەفرين‌ پیلانێكی داڕێژراوەو درێژکراوەى ئەو پیلانەیە کەوا بەرامبەر بە داگیرکردنى بەشێکى خاکى  باشوورى کوردستان ئەنجامدرا، لەڕابردوو بەبانگهێشت کردنى سەرۆکى حیزبەکانى ناو دەسەڵاتى باشوورى کوردستان. ڕیسواکردن وشەرمەزارکردنى ئەو هێرش وداگیرکارییە ئەرکى سەرشانى هەرمرۆڤێکى  چەپ وکۆمۆنیست وئازادیخوازە لەهەمان کاتدا پشتیوانى تەواو بۆ تێکۆشانى ڕەواى خەڵکى رۆژئاواى کوردستان و بەرخودانى دڵسۆزانەى کچان وکوڕانى ڕۆژئاوای کوردستان ئەرکى هەموولایەکە.

ئەم هێرش و لەشکرکێشیەی  دەوڵەتى فاشى تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین، لەناو بارودۆخی سیاسی ئاڵۆز و شەڕی ناوخۆی سوریاو دەستێوەردانی دەوڵەتان و ململانێی دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکانی ئەمریکاو روسیا وئێراندا دەچێتە پێشەوە. هەر یەکە لەم هێزو دەوڵەتانە لەسەر بەشی خۆیان لە داڕشتنەوەی هاوکێشەی سیاسی و ئابوری ناوچەکەدا پێشبڕکێیانە و شەڕ دەکەن نەک پاراستنى بەرژەوەندى وماف وئازادییەکانى خەڵکى هەژارو زەحمەتکێش و کرێکارى شارى عەفرین وخۆرئاوایی کوردستان. ئەمەش ئەرکى هەموو مرۆڤێکە بەهەرجۆرێک بۆی دەکرێت تێکۆشانى هاوبەش بکات بۆدەربرینى ناڕەزایەتى ودژایەتیکردنى ئەوشەڕە. لەکاتێکیشدا کەشەڕو داگیرکارى و هێرش بۆسەر شارى عەفرین زیاتر بوو ئەرکى خەڵکی تێکۆشەرو ئازادیخوازو یەکسانیخوازى هەموو جیهانە بەهەرجۆرێک کەبۆیان دەکرێت پشتیوانى وهاوکارى لەخەڵکى عەفرین و خۆرئاوای کوردستان بکەن بۆئەوەى لەو شەڕە ناڕەوایەدا کچان وکوڕانى تێکۆشەرو ئازادیخوازى عەفرین سەرکەوتووبن هەروەک شارى کوبانێ لەخۆرئاوای کوردستان.

ئەگەر شیکردنەوەیەکى وورد بۆبارودۆخى دەوڵەتدارى سیستەمى ئیسلامی لە تورکیادا بکەین چەندین ساڵە کاریگەرى کێشەو قەیرانەکانى سیستەمى سەرمایەدارى جیهانى بەسەر سیستەمى دەوڵەتدارى تورکیاوە بەباشى دەرکەوتووە وێڕای کەڵەکەبوونى چین لەسەرچینى کێشەو قەیرانەکانى ئابوورى و سیاسی وکۆمەڵایەتى لەناوخۆیی تورکیادا، بەرتەسککردنەوەى ئازادییەکان وزیاترکردنى سەرکوت وئیستبداد وزیندانى کردن وئازاردانى تێکۆشەرانى ئازادیخوازو ڕەخنەگر لەسیستەمى ئیسلامی تورکیا ڕۆژانە دەبیندرێ کەس ناتوانێت نکۆڵى لەهەبوونى دیکتاتۆرى وملهوڕى پارێزەرانى ئەوسیستەمە ئیسلامییە فاشییە بکات لەتورکیادا. دروستکردنى شەڕ بۆپەردەپۆشکردنى کێشەو قەیرانەکانى تازە نییە کەلەلایەن فاشیزمى ئیسلامی تورکیاوە بەردەوام بووە، بەڵام بۆهەنگاوەکانى داهاتوو ناتوانێت بەردەوام بێت لەگەشەدان بەملهوڕى و داگیرکارى ودروستکردنى شەڕەکان لەبەرئەوەى لەقۆناغى ئێستادا خەڵکى تورکیا بەگشتى هەنگاوى زۆر باشیان ناوە بۆ وشیاربوونەوە بەرامبەر سەرکوت و زوڵم وچەوسانەوەو نابەرابەرى فاشیزمى ئیسلامی، خەڵکى کۆمۆنیست وئازادیخوازو یەکسانیخواز لەناوخۆی تورکیادا لەقۆناغى ئێستادا و داهاتوودا کاریگەرى تێکۆشانیان بەهێزتر و باشتردەبێ، لەبەرئەوەى بەدرێژایی ساڵانى ڕابردو ئەم سەرکوت وئیستبدادە بەردەوام بووە فشارێکى زۆر کەوتۆتە سەر چینى خوارەوەی کۆمەلگە کەپێکهاتووە لە کرێکاران و هەژاران وبێکارانى تورکیا  و خەڵکى ئازادیخوازو یەکسانیخوازى تورکیا، بەشیوەیەک زۆر لە لەهەڵسوڕاوانى سیاسى وڕۆشنبیرى ومەدەنى وچالاکی کرێکاری و ژیانی هەڵسوڕاوانیان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کەوتۆنەتە بەر پەلامارو ئازارو زیندانى فاشیزمى سەربازى وپۆلیسى  یاخود شاڵاوی پروپاگەندەیی کۆنەپەرستانەو فاشیزمی ئیسلامی بۆ جیاکاریی ڕەگەزی و ئایینى و نەتەوەیی وهاندانى کۆمەڵگە بۆبەرپاکردنى  شەڕى  قەومى بەئامانجى تێکشکاندنى هێزى تێکۆشانى مەدەنى وئازادیخوازى وکۆمۆنیستى لەتورکیادا.

لەقۆناغى ئیستادا حیزب و بزوتنەوەى کۆمۆنیست وچەپ وئازادیخوازەکانى ناوخۆیی تورکیا بەهۆى بەرگرى کردنیان لەئازادى ومافەکانى خەڵکدا چەندەها کەسیان لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانى پۆلیسى تورکیاوە ڕاپیچى زیندانەکان کراون یان بەهۆى ڕەخنەگرتن ودژایەتى کردنیان بەرامبەر داگیرکارى وهێرشى سوپای تورکیا بۆسەر شارى عەفرین وخۆرئاواى کوردستان لەم چەند ڕۆژەى رابردوودا زیندانی کراون. پێویستە پارتە کوردییەکان و پارتى کرێکارانى کوردستان و پەیەدە ئەم هەڵوێستانەى هێزو حیزبە کۆمۆنیست وچەپ وئازادیخوازەکانى تورکیا لەبەرچاوبگرن وگرینگى پێبدەن، پێویستە لەڕاگەیاندنەکاندا واز لەبەکارهێنانى چەندین ڕستەى ناسیۆنالیستانە بهێنن وەکو (هێرش وداگیرکاری تورک بۆعەفرین، هێرش وداگیرکارى سوپای تورک بۆسەر عەفرین یاخود هێرشى تورک بۆسەر عەفرین) ئەمە نیشانەى ناوشیارى ڕاگەیاندنى کوردى نیشان دەدات، لەبەرئەوەى سوپای تورکیا سەرجەم نەتەوەو ئایینەکانى تورکیا تێیدا بەشدارە بەکورد زمانیشەوە. لەناو پارتەکەى ئوردوغان و پارتى دادوگەشەپێدانى تورکیادا کە لەئێستادا سیستەم ودەوڵەتى تورکیا بەڕێوەدەبات خەڵکى کورد زمان وعەرەب وتورک وسەرجەم نەتەوەکانى ترى تورکیا بەشدارە و بەچەندین وەزیرى کورد وبەچەندەها ئەندام پەرلەمانى کوردزمان لەسەر لیستى حیزبەکەى ئوردوغان وپارتى دادو گەشەپێدانى ئیسلامی تورکیا بەشدارە، بەچەندین پلەوپۆستى ئیدارى وکارگێرى دراوەتە خەڵکى کورد زمان ونەتەوەکانى غەیرەتورک، بەڵام لەناو دادگاکانى تورکیادا تەنها بەزمانى تورکى ڕێگە دەدرێ قسەبکرێ وزیندانى کراو بەرگرى لەخۆى بکات. چەوسانەوەو نابەرابەرى و بێکارى و هەژارى و نەبوونى وکێشەو قەیرانەکان ڕووبەروى هەموو نەتەوەکان بۆتەوە، بۆئەم شەڕەش ئازارو ناخۆشییەکان بۆهەمووانە، کەواتە ئەرکى هەموومانە ڕووبەروى شەڕو کێشەو قەیرانەکان ببنەوە ڕێگاچارەیەکى هاوبەش بۆ ڕزگارى وکۆتایی هێنان بەکێشەو قەیران و شەڕەکان ببنەوە بەهاوبەشى تێکۆشان بکەن بۆ گۆڕانکارى لەسیستەم وجۆرى دەوڵەتدارى لەتورکیادا.

لەتێکۆشانى داهاتوودا سەرجەم هێزو حیزبە ئازادیخوازو یەکسانیخوازو کۆمۆنیست و چەپەکان گەشە بەیەکگرتووى خەباتى هاوبەش بدرێ بۆ گۆڕاکارى لەسیستەم وجۆرى دەوڵەتدارى لەتورکیادا، پێویستە P K K ش واز لەلوت بەرزى بهێنێت بەرامبەربە هێزو حیزبە کۆمۆنیست وچەپ وئازادیخوازەکانى ناوخۆیی تورکیا ناکرێت PKK خۆى پێ لەهەمووان عەقڵتربێت. پێویستە گەشە بەتێکۆشانى هاوبەش بدات لەگەڵ سەرجەم تێکۆشەرانى کۆمۆنیست وچەپ وسیکۆلارو ئازادیخوازەکان ناوخۆی تورکیادا بەیەکەوە کار لەسەرجێبەجێ کردنى نەخشەڕێگایەکى هاوبەش بکەن لەناوخۆیی تورکیادا کەئامانج گۆڕانکارى بێت لەسیستەمى ئیسلامی ئێستادا لەتورکیادا. لەڕیسواکردن وشەرمەزارکردنى هێرش وداگیرکارى سوپایی فاشیزمی تورکیا بۆ سەرشارى عەفرین وخۆرئاواى کوردستان هەڵوێستى حیزبە کۆمۆنیست وچەپ وئازادیخوازو یەکسانیخوازەکان جوانترین وباشترین هەڵویستە کەلەئێستادا بەباشى دەبیندرێ بەردەوام لەسەر شەقام و بەردەم سەفارەتەکانى تورکیا دەنگى ناڕەزایەتى بەرز دەکەنەوە ڕژێمى تورکیا شەرمەزارو ڕیسوادەکەن. لەسەرجەم دەوڵەتانى ئەورووپا و بەریتانیا و ئەمریکاو کەنەدا و سەرجەم دەوڵەتانى تەنها ڕێکخراو و حیزبە کۆمۆنیست وچەپ و ئازادیخوازەکانن کە بەردەوام لەسەر شەقامەکانن بۆ شەرمەزای و ڕیسواکردنى دەوڵەتى فاشیزمی ئیسلامی تورکیا، بەڵام حیزبەکانى پارێزەرى سیستەمى سەرمایەدارى دەوڵەتانى ئیسلامی لەپێناوى پاراستنى بەرژەوەندییە، ئابوورى وسیاسیەکانیان پشتیوانى دەوڵەتى تورکیا دەکەن بۆ هێرش وداگیرکارى بۆسەرخەڵکى شارى عەفرین و خۆرئاوایی کوردستان بەشێکى تریشیان کەزۆرینەى دەوڵەتانى سەرمایەدارن بێدەنگ وبێ هەڵوێستن لەئاست ئەنجامدانى شەڕو کۆمەڵکوژى شارى عەفریندا کەڕۆژانە مناڵان و پیرو پەککەوتەو ژنان وپیاوانى سڤیل وهاوڵاتى دەبنە قوربانى یاخود ئاوارەدەبن. کەواتە بەهێزبوون وگەشەکردنى کۆمۆنیست و چەپەکان لەهەرکۆمەڵگەو وڵاتێکدا لەبەرژەوەندى خەڵکى چەوساوەو کرێکارو هەژاردایە .ئەوەتا دەبیندرێت بەئاشکرا بێدەنگبوونى نەتەوە یەکگرتووەکان UN و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەرامبەر هەڕەشەو هێرشەکانى سەر خەڵکى عەفرین وخۆرئاواى کوردستان دژى بنەماکانى پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەى جیهانى مافى مرۆڤ و تەواوى پرەنسیپ و بەها دیموکراتییەکانه، ڕێز لەو پەیماننامەو جاڕنامە نیودەوڵەتییانە ناگرن کەوا خۆیان ئیمزایان کردووە، کەواتە پێویستە خەڵکى ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکانى سەرجەم وڵاتان تێکۆشانەکان بەیەکگرتوانە بەهێزتر بکەن بۆ ئەوەى فشارى بەهێزتر دروست بکەین بۆسەر سەرجەم دەوڵەتە پێشکەوتوخوازەکان ونەتەوەیەکگرتووەکان UN .بۆ ئەوەى هەڵوێستەکانیان گۆڕانیان بەسەردابێت وکۆمەڵگەى نێودەوڵەتى رێز لەمافەکانى مرۆڤ بگرێت و پێویستە خەڵکى کوردستان لەکۆمەڵکوژى وئاوارەیی و لەهەڕەشەو هێرش وداگیرکارى و مەترسییانە بپارێزێت کەوا رووبەڕوویان بۆتەوە لەئێستادا ولەداهاتوودا ئەگەر ڕووبەڕووى داگیرکارى وهێرش وشەڕ بۆسەرخەڵکى کوردستان بەهەربیانوێکەوە ببێتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.