پیاوی وەعدی خۆیان بوون!!…  بەختیار عەلى شەریف

0

وەک چۆن بەڵێنیان دابوو، پارتی و یەکێتی دواجار بەڵێنەکەیان هێنایە دی و کارەبایان کرد بە ٢٤ کاتژمێری، بەڵام چۆن کارەبایەکە! هەموو هاوڵاتیانیان کردووە بە کرێچی خۆیان! هەر لە دوای هەڵبژاردنەوە، روونتر بڵێین هەر لەدوای ئەوەی ئیشیان بە خەڵک و بەتایبەت دەنگدەرەکانی خۆیان نەماوە، پارتی و یەکێتی چونەتەوە سەر عەسڵەکەی خۆیان، چەوساندنەوە و هەڵتەکاندنی گیرفانی خەڵک! ئەوەتا چەند مانگێکە دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیان بەناوی پڕۆژەی بەحساب رووناکی! خۆی لە بنەڕەتدا پڕۆژەکە هی مەسرور بارزانییە، بەڵام بۆیە ناوی یەکێتیش دەهێنم، چونکە ئەویش شەریکە بەشە لەگەڵیا، خۆ ئەگەر یەکێتی ئۆکەی نەدات، مەسرور بارزانی بە ناو سەرۆکی حکومەت، نەک ناتوانێت پڕۆژەی رووناکی لە سلێمانی جێبەجێ بکات، بگرە ناتوانێت بەڕێوەبەری خوێندنگەیەکیشی بگۆڕێت! جا سەیر بکەن و بزانن لە چی کاتێکدا نرخی ئەم کارەبا گرانەیان دیاری کرد. خۆتان دەزانن وەرزی بەهارە و هاوڵاتیان کەمترین بڕی کارەبا سەرف دەکەن و کەمترین پێویستییان بە کارەبا هەیە، جا ئەو وەسڵی کارەبایانەی بڵاویشیان کردووەتەوە لە سلێمانی، زۆرینەی هی کارەبا کۆنەکەیە! ئەی کاکی ئەندازیاریی ماڵوێرانکردنی خەڵک، بۆ وەسڵی ئەو گەڕەکە داماوانەی هەولێریشمان پیشان نادەن کە ٤٠٠ هەزار و ٥٠٠ هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە! تەبعەن ئەو نرخانەی بڵاویان کردووەتەوە، ئەگەر وەک خۆی جێبەجێی بکەن کە دڵنیابن جێبەجێی دەکەن، هەموو مانگێک ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ هەزار بۆ کاک مەسرور و کاکە قوبادی جانتاهەڵگری!! ئامادە بکەن! بە کوردی و بە کورتی دەبن بە کرێچی حکومەت و ئیش بۆ ئەوان دەکەن. جا ئەوە پێنج مانگێکی دیکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقمان لەپێشە، دیسانەوە ئەمانە دێنەوە سەر شاشە و هاژ و هوژی بانگەشە دەستپێدەکەنەوە، بەڵێنی قەبە قەبەتان پێ دەدەن، ئەوکات ئەم باج و سەرانە و کارەبا گران کردنەتان بیرنەچێتەوە! تۆڵەی بەرودوایان لێبکەنەوە، چونکە دڵنیا بن، زۆر زۆر دڵنیا بن، ئەم دەموچاوانەی ئێستا دەربچنەوە و بچنەوە بەغدا، ئەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بکەین بەیانیان لەگەڵ هاتنە دەرەوەمان لە ماڵەوە، سەروو دوو شەقی مزریشمان تێهەڵبەن! ئەوکات هیچ شتێک دادمان نادات، بۆیە باش بزانن دەنگ بە کێ دەدەن و کێ دەکەن بە نوێنەری خۆتان. 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.