لە شانۆگەری گەرمکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، بۆ قاقای پێکەنینن و دابەشکردنی پارە و پۆست”
کاتێک چاومان بەو دیمەنە پڕ لە نیفاق و ڕووکەشییەی کۆبوونەوەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی دەکەوێت، بەپێشوازییەکی گەرموگوڕی نواندنکارانەوە لە یەکتر نزیک دەبنەوە، خێرا وەک فیلمێکی سینەمایی سواو و بێزارکەر، هەموو ئەو دیمەن و قسانەی سەر ستەیج و شاشەکانی تەلەفزیۆن و ڕۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردنمان دێنێتەوە بەرچاو!
ئەو ڕۆژانەی هەریەکەیان بەشێوازێک گوێی خەڵکی سادە و چاوی بینەری سۆشیال میدیایان ئاخنی بوو لەبەڵێنی درۆینە و وتەی زەقی بریقەداری بێ مانا و تاوانبارکردنی یەکتر لەدزی و گەندەڵی و سیاسەتی خۆسەپاندن، ئەمڕۆش بە بزەو و پێکەنینەوە بەیەکەوە دادەنیشن و قسەی یەکلاکردنەوەی بۆ دابەشکردنی پۆست و سامانی ئەم میللەتە داماوە دەکەن.
لەکاتێکدا هەر هەمان ئەو دەموچاوە ”نا شیرنانە“ بوون دوێنێ لەشانۆگەری گەرم کردنی بازاڕی بانگەشەی هەڵبژاردن بەزمانێکی توندەوە سەنگەریان لەیەکتر گرتبوو و دەستیان لە خستنەڕووی پۆخڵەواتی یەکتر نەدەپاراست!
ئەو ڕۆژانە، هەر یەکەیان خۆی وەک فریادڕەس و ئەویتریان وەک سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانی کوردستان پێناسە دەکرد، بەڵێنیان دەدا کۆتایی بەدەسەڵاتی تاکڕەوانە و خۆسەپێنی لایەنی بەرامبەر بهێنن!! باسی ڕەتکردنەوەی بڕیار و فەرمانەکانی یەکتر یان دەکرد وەک ئەوەی دوو دەوڵەتی سەربەخۆی دوژمن بن، نەک دوو هاوبەشی سەرەکی لە حکومەتدا کە ساڵەهایە بەهاوبەشیان لە حکومڕانی خوێنی ئەم میللەتە دەمژن و گیرفان و داهاتی ئەم میللەتە بەهاوبەشی دادەدۆشن!
کاتی ئەوەیە خەڵک بڕیاری خۆی بدات و کۆتایی بەم سووڕە بەتاڵەی هەڵخەڵەتاندن بهێنن، تێبگەن لەم دوو حیزبە جگە لە مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات لەپێناو پڕکردنی گیرفانیان و پاراستنی بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی و بنەماڵەییەکانیان، هیچی تریان لەهەگبەدا نی یە…
نووسینی: ڕێبوار فەتاح