لە یادی ڕاپەڕینەکەی هەڵەبجەدا… نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
لە بەرواری ١٩٨٧/٥/١٣ لە شاری هەڵەبجەو خورماڵ و شارەزوور و هەورامان ڕاپەڕینێ جەماوەری لە دژی دام ودەزگای بەعس ڕوویدا و سەرەنجام زۆربەی شارو ناوچەکان لە دەست حکومەت ئازاد کران. ئەگەر خەڵکی سەرتاسەری کوردستان لەو کاتەدا وەک هەڵەبجە ڕاپەڕینی ئەنجام بدایەو پەیوەست بوایە بەم بزووتنەوەیەوە ئەوا هەر ئەو کاتە حکومەت بەعس لە کوردستان ڕادەماڵڕا، نەک لە ساڵي ١٩٩٠ دا. ئەوکاتە هەڵەبجە دەبوو بە دەرگای ڕاپەڕین. ئێمە وەک گروپێکی گەنجی کۆمۆنیست بەشداری چالاکانەمان هەبوو چ لەناو خۆپیشاندانەکان و چ بە نوسینی شيعاری وەک ئازادی یەکسانی لەسەر دیوار و دوکانەکانی شار چ بە هەڵواسینی بەیاننامەیە بۆ ڕاپەڕین و خۆپیشاندان لە گەڕەکەکانی شار وە توانیمان لە شەوی پێش ڕاپەڕین لە بڵندگۆی یەکێ لە مزگەوتەکانی شارەوە بەیانەکە بخوێنینەوە بەدوایدا سروودی (کرێکارین کرێکارین پەروەردەی ڕەنج ئازارین )بەدەنگی کاڵێ لێ بدەین. من بەیاننامەکەم نووسی بوو وە بە کاربۆن دەیان نوسخەم لێ زیاد کردو هاوڕێکان بەشدار بوون لە بڵاوکردنەوەی، بەڵام بەداخەوە لە خۆپیشاندانەکەدا گەنجێک بە ناوی مەریوان حەمەرەشید گیانی لەدەستدا و شار و ناوچەکە لای ئێوارەکەی بەهێزێکی گەورەی سوپاو دەبابەو هیلۆکۆپتەری سەمتی کۆنتڕۆل کرایەوە وگەڕەکی کانی عاشقان خاپور کرا و زۆر بەداخەوە دەیان پیاوی ئەو گەڕەکە زیندە بە چاڵ کران. لە بیرم نایەت ژمارەیان چەند بوو. ئێمەیش زۆربەی خەڵکی شار چووینە دەرەوە و بەرەو چیای شنروێ و هاوارو دەرەتفێ و هەندێکیش چوونە ئێران و بوونە پەنابەر لە ئوردوگای دزڵی سەر بەمەریوان. ئێمە وەک گروپێ لە گەنجانی کۆمۆنیست کەسەر بەڕەوتی کۆمۆنیست بووین بۆ یەکەم جار کاری عەلەنیمان ئەنجام دا هەرچەندە لەگەڵ تاکتیکی ئەوکاتەی ئەو ڕێکخراوە نەدەگونجا، چونکە لایان وابوو کاری عەمەلی جەماوەری کاتی نییە. ئێمە لە کات وساتی ئاوارەبوونمان لە چەمی هاوارو هەوارە کۆن ودەرەتفێ دەستمان کرد بە کۆکردنەوەی ئازوقە لە دەرەتفێ کە ئاوارەی جێگیر بووی سەر بەحیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لێ بوو. ئازوقەی وەک ئاردو برنج وڕۆن وچاو شەکرو نان وشتی تر بە کۆل دەمان گواستەوە بۆ خەڵکی ئاوارە لەچەمی هاوارو هەوارەکۆن لەوێ دابەشمان دەکرد بەسەریاندا. ئەم جۆرە لە هاوکاری و کاری هەرەوەزی یەکێ لەسوونەتی خەباتکارانەمان بوو. لێرەوە بە لای خۆمەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ کەسوکاری کاکە مەریوان و ئەوانەی زیندە بە چاڵ کران دا ئەنوێنم.
یادیان بەرزو بەڕێز بێت