گوشارەکانی ئاسایش بۆ ڕاگواستنی بەزۆری هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ سورداش…پێویستی بە وەڵامی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان هەیە…

0

لەدریژەی گوشارە بەردەوامەکانی ئاسایشی سلێمانی بۆ سەر هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی نیشتەجێی کوردستان بۆ گواستنەوەیان بۆ کەمپی سورداش، ئەم ماوەیە چەند جاری تر ئەو هێزانە ئاگادارکراون، کە دەبێ بگوازنەوە بۆ کەمپی سورداش… ئەوە لە کاتێکدایە هیشتا کەمپی سورداش تەواو نەبووەو جێگایەکی گونجاو بۆ ژیانی خیزانەکانیان نییە… خزمەگوزارییەکان لە ئاستی نەبوونیدان وەکو قوتابخانە، بنکەی تەندروستی، هاوکات ئاسایشی خێزانەکان زامن نییە… تاد. ئەم گوشارانە بۆسەر هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە دۆخێکی ئاوادا کە هیچ زەمانەتێک بۆ ئاسایش نییە خزمەتگوزارییە پێویستەکانیان بۆ دابین نەکراوە، پێچەوانەی بەڵێنی هیزەکانی یەکێتی نیشتیمانییە. جیا لەوانە ئەو هەموو گوشارە بۆسەر هاوڵاتیانی پەنابەری مەدەنی و بێ چەک، پێچەوانەی هەموو ئەو بانگەشانەیە کە یەکێتی وەکو سۆشیال/دیموکرات!!، رۆژانە دەرخواردی رای گشتی دەدات.

ئەو مامەڵەیەی یەکێتی لەگەڵ ‌هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و پەنابەرانی ئێرانی نیشتەجێی کوردستان، پەیڕەوی دەکات، تەنها گوشار و هێرشێک نییە بۆسەر ئەو هێزانە، بەڵکو راستەوخۆ هیرشە بۆسەر ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان و وەستانەوەیە بەرووی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری خەڵکی ئیران و کوردستان لە دژی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی جمهوری ئیسلامی. جیا لەوانە لە کاتێکدا ئیران لە ئاستی ناوچەکەو دنیادا، تەریک خراوە و بەم دوایانە چەندین گورزی گەورەی لەناوچەکەدا بەرکەتووە، کەچی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی لە بزوتنەوەی رەوای خەڵکی ئیران و کوردستان بکات، وەکو مەقاشی ئەم نیزامە مامەڵە دەکات…

لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان لە ئیران و عێراقدا، خۆیان بە هاوچارەنووس یەکتری دەزانن و لە دەیان برگەدا نیشانیانداوە کە هاوکار و پشت و پەنای یەکترین و نەفرەت لە دەسەڵاتی نەنگینی جمهوری ئیسلامی دەکەن، هێرش بۆسەر هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی راستەوخۆ هیرشە بۆسەر ئەو چارەنووسی و هاوکارییەی نیوان خەڵکی کوردستان لە عێراق و ئیران، و هاوکات چوونە پشتی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی جمهوری ئیسلامییە لەدژی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی.

خەڵکی کوردستانی عیراق و هەموو کەس و لایەنێکی ئازادیخواز و پێشکەوتنخواز و بەرگریکار لە مافەکانی ئینسان، ئەرکیانە بەرگری لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیران بکەن و مەترسی راگواستنی ئەو هێزانە بۆ جیگایەکی نائەمن لەبەرچاوبگرن و بەدژییدا بوەستنەوە… نابێ رێگە بدرێت هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی بکرێنە نیچیری دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی ئیران و مامەڵەی شەرماوەری دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لەگەڵ دەسەڵاتی سەرمایە لە ئیران. بەرگری و پاریزگاری لە ئەمنیەتی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیران و پەنابەرانی، بەرگرییە لە ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان و بزوتنەوەی نارەزایەتی… بۆیە پیویستە هەموو هاوکارییەکیان بکرێت و لەهەر چەشنە مەترسیەک بپارێزرێن. هەر چەشنە مەترسی و خەسارەتێک لە ئاکامی گوشارەکانی یەکێتی بەر هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و خیزانەکانیان بکەوێت… یەکێتی لێ بەرپرسیارەو ناتوانێت شانی خۆی خاڵی بکاتەوە و لەچاوی هیچ ئینسانێکی ئازادیخواز و ئینساندۆستی عیراق و ئیران و ناوچەکدا… قابیلی قبوڵ نییە.

 

*****************

Leave A Reply

Your email address will not be published.