مووچە لە هەواڵەکاندا!… عوسمان حاجی مارف

0

 تا ئەو کاتەی پرسی موچە لە ناو هەواڵی میدیاکاندا بێت، مانای وایە کێشەی موچە چارەسەر نەبووە!

بارگرانییەکی قورس و ناچارییەکی سەخت و دیاردەیەکی شەرماوەرە، کە مامۆستایان و فەرمانبەران و هەر کارمەندێکی حکومی، دوای دەوام بەهۆی دواکەوتن یان نەدانی موچە، لە هەوڵی کارێکی تردا بن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکەیان، چونکە ناتوانن پشت بە مووچەکانیان ببەستن، لەبەرئەوەی لە وادەیەکی دیاریکراودا مووچە نادرێت، هەندێکجاریش زیاتر لە ٧٠ ڕۆژ دوادەکەوێت، یان مانگێکیان دەفەوتێ، ئیتر چۆن دەتوانرێت بەبێ ئاسایشی دارایی ژیان بەسەر ببرێت؟

سەرەڕای چەندینجار بایکۆت و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و مانگرتن کە لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە ڕێکخرابوو، بەڵام ئەم قەیرانی کێشەی موچەیە تائێستا بەشێوەیەکی ڕیشەیی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە چارەسەر نەکراوە، هیچ کەسێک دڵنیا نییە لەوەی کەی کۆتایی ئەم کێشەیە دێت!.

هەرچەندە لەلایەک کێشەی موچەی هەرێمی کوردستانی عێراق هەر لەسەرەتای باڵادەستی بارزانی و تاڵەبانیەوە و لەسەرەتای نەوەدەکانەوە زۆر نەرێنی و نامرۆڤانە مامەڵەی کراوەو کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی داناوە، لەلایەکی ترەوە هەردوو بارزانی و تاڵەبانی بە غەرقبوونیان لەنێو گەندەڵی و داگیرکردن و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کوردستان، زۆر نابەرپرسانە و بێباکانە و زۆر بێبایەخ مامەڵەی موچەی تەواوی کارمەندانیان کردوە.

لەلایەکی ترەوە ڕەگ و ڕیشەی قەیرانی موچە لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، کە ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر نەوت و داهاتی گومرکی ناوچە سنوریەکان و بەڕێوەبردنی بودجە پەرەی سەند. ململانێکان زیاتر ئاڵۆزتر بوون بەهۆی کاردانەوەکانی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، کە بووە هۆی ڕاگرتنی تەرخانکردنی دارایی بۆ حکومەتی هەرێم، تا ئێستاش ململانێ و کێشەیەکی نەوەستاوی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقە، بەگوێرەی هاوسەنگی هێزیان مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن، نەك پێداویستیەکانی ژیانی هاوڵاتیان.

ئاواتی شێخ جەناب، لە ٣ ی شوباتی ئەمساڵدا ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی گەیشتونەتە چارەسەر بۆ پرسی موچەی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ فەرمانبەرانی هەرێم، بەجیا لەوەی کە تائێستا کێشەکانیان لە هەموو مانگێکدا سەرهەڵ ئەداتەوە، هیچ مانگیك دڵنیایی نییە کەی موچە دابەشدەکرێت و نەچۆتە ناو پرۆسەی جێگیر بونەوە، کارمەندان دەبێت لە رێگەی هەواڵەکانەوە بۆ هەرمانگێک ببیستن موچەکانیان کەی و چۆن ساغ دەبێتەوە، لەلایەکی ترەوە باسکردن لەسەر ئەوەی “گەیشتونەتە چارەسەری پرسی موچەی ساڵی ٢٠٢٥” واتە دەبێت لە ٢٠٢٦دا دوبارە تاوتوێی بکەنەوە، واتە ئەم پرسە دەردێکی شێرپەنجەییە و چارەسەری درێژخایانە و نەزانراوە کەی بەلایەکدا دەکەوێت.

بەگشتی فەرمانبەران وەک ئەزمونێکی سی ساڵەیان بەرامبەر دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی و چۆنیەتی پێکهاتەی حکومەتی هەرێم و پەیوەندیان بە حکومەتی عێراقەوە، دڵنیان لەوەی ئەم ڕێکەوتنەش لەسەر موچەی ئەمساڵ هاوشێوەی ڕێکەوتنەکانی تر دەبێت، کە لەنێوان هەردوولا ئەنجامدراون و لەئەنجامدا چارەسەری کۆتاییان لێنەکەوتۆتەوە، تا گەرەنتی پێدانی موچە ئاسایی بکات.

بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەران بۆ سیستەمی پارەدانی ڕاستەوخۆ تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و هەواڵێکێش لەسەر جێبەجێکردنی نییە، بەهۆی گەندەڵی و نەبونی شەفافیەت لەناو ئیدارەی هەرێم و ئیدارەی حکومەتی عێراق و کێشەکانی نێوان بارزانی و تاڵەبانیدا، تائێستا پارەدانی راستەوخۆ و “بانکی هەژماری من” لە ململانێ و سەوداو مامەڵەدایە.

ئەوەی بەرچاوە داتا فەرمیەکان بەدەگمەن دەگۆڕدرێن بۆ چارەسەری کۆتایی تا متمانە بدات لەوەی موچە بە دڵنیایی لە کاتێکی دیاریکراوی مانگانە دەگاتە دەست فەرمانبەرانی کەرتی حکومی. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، کارمەندان، بەتایبەتی لە کەرتی پەروەردەدا، هەمیشە لە ئامادەباشی و خۆ ریکخستندان، هەر کات پێویست کات شێوازی جۆراوجۆر لە نارەزایەتی پیادە دەکەن.

ئومێد خۆشناو بەجیا لەوەی تەنها حکومەتی ناوەندی بەرپرسیار دەکات دەربارەی پرسی موچە، لەلایەکی ترەوە حکومەتی هەرێم بە بێتاوان وەسف دەکات لە دواکەوتنی دابینکردنی بودجەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. ناوبراو لەکاتی نارەزایەتی و مانگرتنەکانی مامۆستایاندا ئەوەشی بە ڕۆژنامەنوسان ڕاگەیاند: “کەس داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانی لە هەولێر نەکردووە، پرسی خۆپیشاندان و گردبونەوە و دەربڕینی ڕەتکردنەوەی پرسێکی دیاریکراو پێویستی بە ڕێکاری دروست هەیە، ئێمەش بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ بابەتێکی لەو جۆرەدا دەکەین ئەگەر هەر کەسێک داوا بکات“. بەلام ئومێد خۆشناو بێوێژدانانە ئەوە فەرامۆش دەکات کە بۆخۆیان تائێستا بە کام یاسا لە ماوەی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتداریاندا مامەڵەیان لەگەڵ موچە و گوزەرانی هاوڵاتیاندا کردووە.!؟ یان موچە و گوزەرانی خەڵکیان کردوە بە ئامرازی ململانێکانیان، لە هەمانکاتدا بێشەرمانە موچەی چەندین مانگیان خواردوە.

لە بەرامبەر ئەو شەرمەزاریەی کە ڕوبەڕوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆتەوە و بێتوانایی خۆیان نیشان ئەدەن لە چارەسەرکردنی قەیرانی بەردەوامی موچە، بافل و قوباد تاڵەبانی، بەسەردانیان بۆ لای مانگرتوەکان، هەوڵیاندا توڕەیی خۆپیشاندەران هەڵبمژن و بەلارێدا بیانبەن، ئەوەی شایانی باسە مانگرتوەکان تەواو شەرمەزاریان کردن، لە هەمانکاتدا مانگرتوەکان نارازیەتیەکەیان گواستەوە بۆ رێگرتن لەو تەنکەرە نەوتانەی سەرچاوەیەکی داهاتی ماڵی تاڵەبانیە، تاڵەبانی بیئەوەی هیچ ئومێدێک دەربارەی جێگیربونی موچە بخاتەروو، بە‌هێزی میلیشیای تایبەت بە خۆیان سەرکوتی نارەزایەتیەکانی کرد، پرسی موچەش لە شوێنی خۆیدا بە نارۆشنی ماوە.

هاوڵاتیان بەردەوام لە مەراقی گوێبیستی ئەوەن بزانن هەواڵەکان چۆن باسی موچە دەکات و کەی موچە دەگات و کەی دابەش دەگرێت، ئەوەی جێگای باس و سەرنجە لە هیچ شوێنێکی دنیادا باسی موچە لە هەواڵەکاندا نییەو موچەکان لە کاتێکی دیاریکراودا دەگاتە دەستی فەرمانبەران، کە بەشێوەیەکی گشتی لە زۆربەی وڵاتەکاندا بەشێوەی تەکنیکی پێشکەوتوانە کاری لەسەر دەکرێت. ئەوەی شایانی باسە ئەو داهاتە بێشومارەی لە بازرگانی و قاچاخچێتی و تاڵانی سەروەت و سامانی کوردستان دەچێتە گەنجینەی ماڵی بارزانی و تاڵەبانیەوە، دەتوانێ موچەی فەرمانبەران و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابین بکات، بەڵام هەرگیز کاری واناکەن.

تا موچەی فەرمانبەرانی کوردستان پرسێک بێت هەواڵەکانی پێ برازێنرێتەوە، واتە پرسێکە بێچارەسەر ماوەتەوە و بێچارەسەر دەمێنێەوە.

بەجیا لەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق تائێستا کێشەکانیان یەکلایی نەبۆتەوە، ئاشکرایە کە لەسایەی دەسەڵاتی هیزی میلیشایی ئیسلامی و نەتەوەپەرستی و بنەماڵە و حکومەتی بەشبەشێنە و تەوافوقیدا هەرگیز یەکلایینابێتەوە، خەڵکی کوردستان و عێراق لەسایەی ئەم دەسەڵاتە میلیشیا بنەماڵەییە و تائیفیەدا پێویستیان بە شۆرشێکە، بۆئەوەی کۆتایی بەم جۆرە دەسەڵاتە بهێنن. حکومەتێکی بێباک و مشەخۆری بنەماڵەیی و تائیفی، نەیەوێت گوێ بەداواکاری هاولاتیانی بگرێت و وەڵامی کێشەکانیان نەداتەوە، نەک شایەنی دەسەڵاتداریەتی نییە، پێویستە ریسواو دادگایی بکرێن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.