پێکهینانی کابینەی دەیەم لە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتیدا!!…نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

زیاتر لە ٦ مانگە هەڵبژاردنی!! خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچووە، کەچی هێشتا پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ و حکومەتی نوێ! لە ململانێی نێوان هەردوو دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی پارتی یەکێتدا، بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

چۆن هەڵبژاردن، بە پرۆسەیەکی ململانێی حزبۆکراتی و لە گەمەی ڕێگری و بایکۆت و دواخستن و دەستێوەردانی دەرەکی و سازش و سات وسەودایەکدا بەڕێوە چوو، پرسی پێکهێنانی حکومەتیش!! بەهەمان شێوە بەڕێوەدەچێت. یان دەتوانین بڵێین چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت، راستەوخۆ رەنگدانەوەی شێوازی سیناریۆی هەڵبژاردنەکەیە.

ئەگەر هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت لەهەر گۆشەیەکی دنیادا، بۆتە نۆرمێکی باوی نیزامی سەرمایەداری و جێگای شانازی ئەو نیزامەو لەوەش زیاتر خۆ بادانی هێزەکان بۆ بەشان و باڵ هەڵدانی دیموکراسی ئەوا لە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە هاوشێوەکانیدا، یارییەکی قێزەون و فریوکارییەکی ئاشکرای بێ رتووشە.

پێکهێنانی حکومەت لە دۆخی سیاسی کوردستان و لە ژێر سایەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکاندا، بەرهەم و ئاکامی هەڵبژادن نییە. هەڵبژاردنیش بە نۆرمی هیچ هەڵبژاردنێکی دنیا بەڕێوە ناچێت… لە هەموو دنیادا هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن بە شێوەی ئاسایی و لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچیت و حزبی براوە یان چەند حزبێک بەپێی ئاکامی هەڵبژاردنەکان، حکومەت پێک دەهێنن و حزب و لایەنەکانی تر دەبنە ئۆپۆزیسیۆن. لە دۆخی سیاسی کوردستاندا خودی دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن کێشەیە و دەبێتە مەیدانێکی ململانێ و کەیسێک بۆ دەستێوەردانی دەرەکی. هەروەها هەر کاتێک یەکێک لە هێزە دەسەڵات بەدەستەکانی حزب ئامادە نەبێت هەڵبژاردن ناکرێت. پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن حزبی خاوەن دەسەڵات براوەی پێش وەختەی زۆنی خۆیەتی و هەڵبژاردن ناتوانێت دەسەڵات لە حزبی دەسەڵات بەدەست وەربگرێتەوە. وە هیچ کام لە حزبەکان کە قەڵەمرەوی جغرافیایەکیان لە رێگای هێزی چەکدار و داهات و پشتیوانی دەرەکی هەیە، ناتوانن ببن بە هێزی ئۆپۆزیسیۆن و حزبی براوەی دەرەوەی حزبی دەسەڵات بەدەست ناتوانن دەسەڵات وەربگرن. لە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەدا حکومەت و پێکهێنانی کابینەکان… بەهیچ شێوەیەک بەرهەمی هەڵبژاردن و ئاکامەکانی نین، بەڵکو بەرهەمی سازان و ڕێکەوتنی سیاسیین. حکومەت و پەرلەمان لە جێگای ئەوەی دەرهاویشتەی پرۆسیسیکی دیموکراسی باوی دنیا بن، بەرهەمی رێکەوتنێکی حزبی، نێوان هێزە باڵادەستە سیاسییەکانن و گوێ مستی دەسەڵاتی حزبین. بەپێچەوانەی رەوەندی جێکەتووی باوی دنیا، دەسەڵاتی حزبۆکراتی، حکومەت و پەرلەمان دەکەنە دوو ئامرازی لاوەکی و دیکۆر، بۆ شاردنەوەی دەسەڵاتی حزبی.

لەهەموو جێگایەکی ئەم دنیاییە کە کەمترین پابەندبوون بە دیموکراسی بۆرژوازی و کایەکانی هەڵبژادن و حکومەتداری هەبێت، حكومەت و پەرلەمان بۆ دوبارە ئارایشدانەوە و ئابدەیت کردنەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی و هێزەکانیەتی. ئاڵوگۆر لە ڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە لە جێگاو ڕێگەو پیگەی حزبەکاندا روودەدات. حزبی دەسەڵات دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن و هێزی ئۆپۆزیسیۆن یان حزبی تازە دەتوانن بگەنە دەسەڵات. حکومەت و پەرلەمان هەم لەلایەن حزبە سیاسیەکان و هەم لە دیدی هاوڵاتیاندا، تا رادەیەکی زۆر رێز لێ گیراون و جێگایەکی یاسایان هەیە و بەو پێودانگەش لە ئاستی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. هەموو ئەمانە لەدۆخی کوردستاندا پێچەوانەن و حزبە دەسەلات بەدەستەکان حکومەت و پەرلەمان وەکو خزمەتکاری حزب و بۆ رەوایەتی دان بەدەسەڵاتیان بەسەر هاوڵاتیان و قەڵەمرەوی سیاسیان پیرۆز دەکەن.

گێرمە کیشەی دوای هەڵبژاردنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت!! لە دۆخی سیاسی هەرێمدا، درێژکراوەی گێرمە کیشەی پیش هەڵبژاردنەکان و جۆر و شێوازی هەڵبژاردنەکانە.

ئێستا دوای زیاتر لە ٦ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، پرسی پیکهێنانی حکومەت!! و کابینەی نوێ، هێندە پەیوەندی بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانەوە نییە، هێندەی پەیوەندی بە قەڵەمرەوی دەسەڵاتی پێش هەڵبژاردنەکانەوە هەیە.  

پارتی و یەکێتی، وەکو دوو هێز کە لەساڵی ١٩٩١ وە خۆیان بە سیاسەت و نەخشەی ئەمریکاوە گرێداو بەدەسەڵات گەیشتوون، ئەو ئاڵوگۆرەی لە جیگاو رێگایاندا روویداوە، دوور ونزیک پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانەوە نییەو لەدەرەوەی کایەی هەڵبژاردنەکاندا، ئاڵوگۆر پێکهاتووە. بڕگەی ٣١ ئابی ١٩٩٦ برگەی لە گریژنەچوونی هاوسەنگی نێوان پارتی و یەکێتی بوو بە سودی پارتی و لەو کاتەوە تا ئێستا، ئەو باڵادەستیەی پارتی زاڵە.

نەک هەر پێکهاتنی حکومەت!!، بەڵکو سەرجەم پرۆسەی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنەکانیش، مۆری ئەو باڵادەستیەی پارتی پێوەیە.

پارتی و یەکێتی کە بەبێ یەکتری ناتوانن هیچ هەڵبژادنێک بکەن، بەبێ یەکتریش ناتوانن هیچ جۆرە حکومەت!! پێک بهێنن، بۆیە ناچارن لە بازنەی” سازان” ی حزبیدا… لەسەر پۆست و داهات و ڕێک بکەون، بێ ئەوەی قەڵەمرەوی سیاسیان، گۆڕانی بەسەردا بێت.

کێشەی دواکەوتنی پێکهاتنی حکومەت!! و کابینەی نوێ! لە بنەرەتدا پەیوەندی بە پۆست و داهاتەوە هەیە، نەک هیچی تر. پارتی وەکو هێزی باڵادەستی حزبی مامەڵەی یەکێتی دەکات. ئەگەر یەکێتی نیشتیمانی کەمترین کورسیش لە هەڵبژاردندا بهێنێت، و هێزی تر لە زۆنی سەوزدا دوو بەرابەری یەکێتی دەنگ بهێنن، دوبارە یەکێتی نیشتیمانی هێزی سەرەکی ئەو زۆنەیەو حزبی تر لەو زۆنە چەندیش کورسیان هەبێت، ملکەچی یەکێتین و هەژموونی سیاسی یەکێتی زاڵ و بڕیار بەدەستی ئەو زۆنەیە… پارتی لە پێکهینانی حکومەتدا ئەو پێگە سیاسیەی یەکێتی رەچاو دەکات و یەکێتیش لەو پێگە سیاسیەوە داوای پۆست و داهات دەکات. لەگەڵ ئەوانەشدا، پارتی نایەوێت تا ئەو ئاستە مل بدات، کە یەکێتی وەکو هێزێکی بێ رکەبەر بەوێنەی پێشوو لە زۆنی سەوزدا بەرەسمی بناسێت، بۆیە لەلایەکەوە پەنا بۆ ئاکامی هەڵبژاردنەکان دەبات و لەلایەکی تریشەوە لەسەر ئاستی هەرێمدا بەراوردی هیزەکەی لە ئاستی قەڵەمرەوی سیاسی و بریاری سیاسیدا، بە پیگەی خۆی دەکات. یەکێتی نیشتیمانی دەیەوێت بە وێنەی هێزێکی هاوتای پارتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت یان لانی کەم هاوسەنگیەکە هێندە لار نەبێت، کە لە ئاستی حکومەتدارییدا!! بەتایبەت لە ئاستی فەرمیدا لەگەڵ عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، پەراوێز بخرێت.

یەکێتی دەمێکە بەکردەوە ئەوەی قبوڵ کردووە کە لە هەرێمی کوردستاندا هاوسەنگی هێزی لەبەرامبەر پارتیدا لار بۆتەوە، بەڵام نایەوێت لە ئاستی فەرمی و نێودەوڵەتیدا ئەو پێگە لار بووەوەیە، یان ئەم داکشانی پێگەیە، قبوڵ بکات و مل بدات بەو واقعیەتە. یەکێتی بە وێنەی هێزی یەکەمی زۆنێک و دەسەڵاتێک و پشت بەستن بە مێژوویەک و ئاماری قوربانیانی لە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردا، دەیەوێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و لە پێکهێنانی حکومەتیشدا، ئەوەی بۆ لەبەرچاو بگیرێت. ئەوە کارتێکە لە دوای ساڵی ١٩٩٦ وە، یەکێتی بەدەستیەوە گرتووە و پارتیش تا ڕادەیەک قبوڵی کردووە. کێشەی سەرەکی و بناغەیی لە پێکهێنانی هەموو کابینەی حکومەتدا ریشەی لەو واقعیەتەدایە.

سەرئەنجامیش پێکهێنانی حکومەت!! چەندەش کارتۆنی دیکۆر بێت، بەبێ یەکێتی نابێت و پارتی ناچارە مل بە بەشێک لە داخوازییەکانی بدات و سازش بکات، چونکە پێکهێنانی حکومەت، هێندەی دەستکەوتە بۆ پارتی و قایم کردنی جێگەو ڕێگەی خۆی لەسەر ئاستی فەرمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هێندە بۆ یەکێتی مانا و بەهای نییە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.