لە گۆشەیەکی ترەوە
لە گۆشەیەکی ترەوە
پرس و ڕای هەفتانە، گۆشەیەکی هەفتانەیە کە هاوڕی مزەفەر عەبدوڵا دەینووسێت، بۆپێشەوە هەر دوو هەفتە جارێک، باسێک یان چەند باسێکی بڵاودەکاتەوە… لەم گۆشەیەدا: بۆچی دەسەڵاتداران گوێ لەدەنگی نارەزایەتی مامۆستایان ناگرن؟ ئەرێ بەپشت بەستن بە ناسنامەی ئایینی دیموکراسی بەدی دێت؟ …دەخوێننەوە
١٢-٢-٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا
*بۆچی دەسەڵاتداران گوێ لە دەنگی ناڕەزایەتی مامۆستایان ناگرن؟!
ڕۆژەکانی هەفتەی ڕابردوو وە بە دیاریکراوی لە ٦/٢ دا جارێکی تریش شەقام و بەردەم بەرێوەبەری و فەرمانگەکانی پەروەردە لە زۆرێک لە شاروشارۆچەکانی کوردستان، بە تایبەتی شاری سلیمانی و هەڵەبجەو گەرمیان، بونەوە مەیدانی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری مامۆستایان و کارمەندەکانی. ئەم نارەزایەتییەش بووە پەنجاو یەکەمین ناڕەزایەتی لە ماوەی نزیک بە ٣ ساڵی ڕابردودا، لەوەتەی موچەیان کەم کردۆتەوە بۆ چارەکە موچەو ئەویش بە نیوە ناچڵی هەر ٣-٤ مانگێک جارێک پێیان دەدرێت.
مامۆستایان لەم ناڕەزایەتییەدا بە شێوازی جۆراجۆری ڕادیکاڵانە، سکاڵایانە، گاڵتەئامیزانە، توانج دان لە دەسەڵاتی چەتە، تا دەگات بە جۆرێک لە پاڕانەوەو کڕوزانەوە لە عەبادی دەنگی ناڕەزایەتیان بەرزکردەوە. دیارە ئەم ناڕەزایەتییەش لە لایەن هەندێک ئەنجومەنی کاتی مامۆستایانەوە ڕێکخرابوو بە دوور لە دەستی یەکێتی مامۆستایانی سەر بەدەسەڵات.
بەڵام ئەمجارەش وەک هەمیشە دەسەڵاتدارانی چەتەگەرو سەرکوتگەردزو گەندەڵ گوێی بۆ نەگرتن.
ئەم ڕوداوەش بووە هەواڵی گەرمی زۆربەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و قسەوباس و پرس و ڕای خەڵک لە تۆڕەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان.
بە تایبەتی بۆتە جێگای پرس و ڕای گشتی زۆربەی مامۆستایان و جەماوەرو، دەپرسن کە ئاخۆ ئەم بەناو حکومەتە بۆ گوێ لە دەنگی ڕەوای ناڕەزایەتی کەس ناگرێت کە بۆ مافە ڕەواکانیان دەریدەبڕن؟!
جا لە گۆشەی پرس و رای ئەم هەفتەیەوە بە پێویستی دەزانین ئێمەش، وێرای پشتیوانیمان لە خواست و ناڕەزایەتییە ڕەواکانی مامۆستایان، وەڵامێکی کورت بەم پرسیارە بدەینەوە. بە ئومێدی ئەوەی ڕۆشنایی یەکی بچوک بکاتە سەر لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم خەبات و ناڕەزایەتی مامۆستایان و جەماوەری ناڕازی.
بە بڕوای من وەک چاودێرو هەڵسوڕاوێکی کۆمۆنیست و لایەنگرێکی سەرسەخت لە ماف وئازادییەکانی جەماوەر وەڵامی بابەتیانەو دروستی ئەم پرسیارە لە ناوەڕۆکی گرفتەکانی هەردوو لای هاوکێشەی دەسەڵاتی چەتەگەرو شێوازی ناڕەزایەتییەکان و هەلومەرجی سیاسی باڵادەست دایە، کە مامۆستایان تیایدا دەنگی ناڕەزایەتی بەرزوبەرزتر دەکەنەوە بۆ سەپاندنی داواکانیان.
تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە بە بەری دەسەڵات وەک لایەکی هاوکێشەکە ئەوەیە، وەک چەندین جار ئێمە لە پێناسی ئەم دەسەڵاتەدا وتومانە لە ٢٧ ساڵی ڕابردووە تا ئیستا، کە ئەم دەسەڵاتە بە حوکمی ناوەڕۆکە بۆرژوا قەومی و خێڵەکی و بنەماڵەییەکەی کە بە زەبری چەک و چەتەگەری خۆی سەپاندوە لە هەلومەرجی دونیای سیاسی ئەم وڵاتانە هەرگیز نایانەوێ و ناشتوانن وەک دەسەڵات و حکومەتێکی مەدەنی مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان بکەن و بەڕێوەی بەرن.
ئەوەشی کە ناوی پەرلەمان و حکومەت و شەرعیەتی دەنگدانیان لیناوە، وەک دەوارە شڕێک وایە کە کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستانیان کردوە بە خێڵێکی کۆچەری و بە زەبری چەک و سەپاندنی دابونەریتی پیاوسالاری و کەڵەگایی ئاغایانەوە، بەڕێوەی دەبەن و بەری ڕەنجی خەڵکەکەی و هەمو سەروەت و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی یەکەیشی بە تاڵانی دەبەن.
ئەمە تۆمەتێک نییە ئێمەو بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و ئینساندۆستی بۆ سەرانی دەسەڵاتی چەتەگەری پارتی و یەکیتی و گۆڕان و ئیسلامییەکان، وتەنانەت ئەو هاوپەیمانی یە تازانەش کە وەک سەرە مێکوتە سەریان دەرهێناوە هەڵبەستن، نەخێر..! بەڵکو ئەمە لە زاری بەناو ڕۆشبیرترین و دیموکراسیترین کەسایەتییەکانیان تەعبیری لێکراوە کە مەلا بەختیارەو، بەرپرسی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکیتی یە، کە یەكێک لە تاقمە دەسەڵاتدارەکان و یەکەم دەسەڵاتداریشە لە نیوەی شارەکانی کوردستان.
ئەو بە ئاشکرا ئەم قسەیەی ئێمەی سەلماندو وتی کە شتێکی نییە بە ناوی شەرعیەتی پەرلەمان و حکومەت و دیموکراسی. ئەوەی هەیە لە دەسەڵاتدا هێزی چەکو شێوازی باڵادەستی چەتەگەری یە کۆمەڵگەی لەژێر دەستدایەو بەرێوەی دەبات.
ئەمە ئیتر ناوەڕۆک و شێوازی دەسەڵاتی ئەم جوڵانەوە قەومی و خێڵەکیانەو باڵەکانیانە نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لەسەراسەری عێراق و وڵاتانی تریش بە کۆمەڵێک جیاوازی یەوە. ئەمە ئیتر لە بارێکەوە دیاری دەوڵەتە زلهێزە ئیمپریالییەکانی وەک ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانە لە ماوەی بیست و سی ساڵی ڕابردودا بۆ ئەم وڵاتانە کە بە شەڕو داگیرکاری بۆ ئامانجە ئابوری و سیاسییەکانی خۆیان سەپاندویانە لە ژێر پەردەی پەرلەمان و دیموکراسی قەوم وخێڵ و دین و تایەفە. بۆیە لەم ڕوەوە نابێت مامۆستایان و بەشەکانی تری بێماف و ناڕازی هیچ چاوەڕوانییەکی وایان لەوە هەبێت کە ئەم دەسەڵاتە گوێ لە دەنگی ناڕەزایەتییان دەگرێت.
تا ئەو جێگایەش دەگەڕێتەوە بە خودی مامۆستایان وەک بەشێک لە هاوکێشەکەی جەماوەر ئەوەیە کە بەڵگە نەویستە مامۆستایان توێژێکی هۆشیاری کومەڵگەن و بەهرەمەندن لە زانست و زانیاری. وە تەنانەت خاوەنی پێگەیەکی گرینگن لەبەرەوپێشچونی کۆمەڵگە لە زۆر لایەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەورەترین کیشەو گرفتیان هەیە کە ئەویش ڕادەی پەرش و بڵاویانە لە رووی سیاسی و ڕێکخراوەیییەوە. وە ئەمە لە خودی ناڕەزایەتییەکانیان دیارە کە چەقی بەستوە لە یەک شێوازی ناڕەزایەتی لۆکاڵی و بێ ئاسۆ کە هیچ کاریگەرییەکی وای لەسەر دەسەڵاتی چەتەگەر نییە هەر بۆیە گوێیان لێ ناگرن.
لە باشترین حاڵەتدا ڕێکخراوبونی مامۆستایان بریتی یە لە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کە دەیان ساڵە هەیە بێ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بوبێتە بەشێکی کاریگەر لە خەبات و نارەزایەتی مامۆستایان. ئەم ڕێکخراوەیە نەک هەر هیچ پەیوەست نییە بە خواست و داواکانی مامۆستایان و ئاسۆ و ئامانجی خەباتکارانەی ئەم توێژەوە، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە بۆ جڵەوکردنی خەبات و ناڕەزایەتی ئەوان و بەلاڕێدابردنی ئاسۆ و ئامانجەکانی ئەوانە. ئەم ڕێکخراوە بیرۆکراسییە زەردە کاتی خۆی لە نیوەی سەدەی بیست پارتی و بارزانی بۆ ئامانجەکانی خۆیان پێکیان هێنا تا مامۆستایان بۆ هەمیشە نەوە دوای نەوە بکەنە خزمەتی ئامانجە سیاسی یەکانیانەوە. ئەم رێکخراوەیە هەروەک ڕێکخراوەو سەندیکاو یەکیتی یە پیشەیییەکانی ڕژیمی بەعس تەنها بۆ سەرکوت و، لەباشترین باردا بۆ کۆنترۆڵکردنی خەبات و دەنگی نارەزایەتی مامۆستایانە دژی ئەم دەسەڵاتە چەتەیە.
سەرانی ئەم یەکێتییەی مامۆستایان کە زۆربەیان لەناو ڕیزەکانی سەرەوەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارن موچە هەبێت یان نا بۆ مامۆستایان ئەمانە موچەی حزبی و نەسری یەو دیاری حزبەکانی خۆیان هەیە. ئەوە جگە لەو کەمە بودجەیەی کە بۆ بواری پەروەردە سەرف دەکرێت ئەمانە پشکی خۆیان بە گەندەڵی لێ دەپچڕن.
بۆیە بەر لەهەر شتێک پێویستە مامۆستایانی نارازی و ئازادیخواز بە کردەوە ڕیزی خۆیان لەم ڕێکخراوەیەو هەر ڕێکخراوێکی تری سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکان و بەناو ئۆپۆزیسیونەکان جیاکەنەوەو ڕێکخراوی سەربەخۆی جەماوەری خۆیان دامەزرینن بە ئاسۆ و ئامانجێکی شۆرشگێرانەوە کە نەک هەر بۆ دابینکردنی موچەو کرێ بێت، بەڵکو تا ببن بە بەشێک لە سەرجەم پرۆسەی ئاڵوگۆری شۆرشگێرانە لەگەڵ جوڵانەوەی کریکاران و زەحمەتکێشان و لاوان و قوتابیان و ژنان و ئەو حزب و لایەنانەی کە ئاسۆ و ئامانج و ستراتیژو تاکتیکی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانەی ئەم دەسەڵاتەیان هەیە. دیارە ئەمەش پەیوەستە بە سەرجەم ئەم هەلومەرجە پر لە ئاژاوەو پەشێوی و قەیرانی سیاسی و ئابوری کوردستان و عێراقەوە.
بێگومان ئەوە ڕۆشنە کە بەشی زۆری مامۆستایان دەمێکە بروایان بەم ڕیکخراوەو تەنانەت زۆربەی ڕێکخراوەکانی سەر بە لایەنەکانی تریش نییە، بەڵام ئەمە نەبۆتە هۆی ئەوەی لەبەرامبەری ئەمانەدا دەسبەرن بۆ ڕێکخراوکردنی خۆیان لەسەر بنەمای کۆبونەوە گشتییەکانیان بۆ بڕیاردان لەسەر دیاری کردنی هەمو ئاسۆ ئامانج و دروشم و خواستەکانیان و شیوازو چۆنێتی بەڕێخستنی ناڕەزایەتییەکانیان بە کۆمەڵ و ئازادانە.
بە ڕای زۆربەی چاودێران ئەم لاوازییانە هەر لە دروشمەکانی ماموستایانی ناڕازییەوە دیارە وەک ئەوەی داوا دەکەن عەبادی و تاقمە تایەفییەکەی لە بەغداوە موچەیان بۆ بنێرێت، وەک ئەوەی عەبادی و تایەفەکەی باشتر بێت لە نێچیرو قوبادو خێڵەکانیان.
هەڵبەت دەسبردن بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوێکی وا ڕادیکالانە ئەرکی هەر ئێستای مامۆستایانی نارازییە، بە تایبەتی بەشە بە ئاگا سیاسییەکەی. ئەو بەشەی کە خواست و ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان دەبەستنەوە بە کێشەو ململانێ و ناڕەزایەتی یە چینایەتییەکان و ئاسۆ و ئامانج و بەرژەوەندییە چینایەتییەکانەوە لە شوێنی کاریان. پێویستە هاوکات ئەم ڕێکخراوەیە لە ئاستی کوردستان سەراسەری بێتەوەو ببیتە هاوکارو هاوپەیمانی هەموو ئەو ڕێکخراو و لایەنانەی کە هەمان ئاسۆ و ئامانجی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانەیان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەم چەتانەو ئەو هەلومەرجە سیاسییەی کوردستانی تێکەوتووە. ئەمەش پێویستی دیارکردنی چارەنوسی تەواوی یەکلاکەرەوەی کوردستانە وەک وڵاتێک.
کەسێک یان لایەنێک پێی وا بێت کە مامۆستایانی کوردستان تەنها ڕێکخراوێکی پیشەیی وەک ژێر سایەی دەوڵەتو حکومەتە لیبرال و سۆسیال دیموکراسییەکانی رۆژئاوایان بەسە ئەوە زۆر ناڕۆشن و بەهەڵەدا چوە یاخود هێشتا سودێکی دەست دەکەوێت لە پەنای ئەم دەسەڵاتە چەتەیەدا.
بۆیە تا مامۆستایان و هەمو جەماوەری ستەمدیدەو ئازادیخواز ئەم لاوازی و گرفتانە پر نەکەوە بە ئاسۆ ئامانجو بەدیلی ڕۆشنەوە بۆ کۆتاییهینان بە دەسەڵاتی ئەم چەتانەو کۆتاییهینان بەم دۆخەی تا ئیستای کوردستان ئەوە مامۆستایان و سەرجەم جەماوەر هەرچەندە دەنگی ناڕەزایەتی دەرببڕن بێگومانە ئەم دەسەڵاتە چەتەگەرە گویییان لێ راناگریت. هەروەک لە زمانی مەسعود بارزانییش، بەشێوەی سوکایەتی ئامێز چەند مانگ لەمەوبەرەوە وتی خەڵکی با بۆخۆیان هەر بقیڕێنن قەد گوێیان لێناگیرن. ئەوە ئیتر بەڵگەدارترین پەیامی سەرۆکی هەرەمی ئەم دەسەڵاتەیە کە بە مامۆستایان و جەماوەری ستەمدیدەی نارازی دەڵیت چاوەڕێ مەکەن هیچ خواست و داوایەکتان جێبەجێ بێت لە سایەی دەسەڵاتەکەیاندا.
ئەرێ بە پشت بەستن بە ناسنامەی ئایینی، دیموکراسی بەدی دێت…!؟*
هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری کە ئاکامی تۆرانی بەرهەم ساڵح بوو لە یەکێتی لە چەند هەفتە لەمەوبەر لە کۆنگرەیەکی کتوپڕدا خۆی ڕاگەیاند بە ئومێدی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی مانگەکانی داهاتوو لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان چەند کورسی یەک بۆ خۆی و خێڵە دیموکراسییەکەی بەدیبێنی تا دەستیان لە بنی هەمانەی سەروەت وسامانی دزی و گەندەڵی دەرنەچێت. لەم بارەیەوە ئێمە لە گۆشەی پرس و ڕای هەفتەکانی ڕابردوو ڕایەکمان لەبارەیانەوە داو ناوەڕۆکیانمان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ستەملێکراو ڕوون کردوە.
ئێستاش دوای بەستنی کۆنگرەکەیان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری دەستیان کردوە بە ناساندنی بە وتەی خۆیان هاودیدەکانیان، بۆ خەڵک. لە ناسنامەکانیان کە بەرزیان کردۆتەوە ئاماژەیان بە ناو و پیشەو شەهادەکانیان، هاوکات بە ئاینیشیان داوە، جا ئەوەی لێرەدا مایەی پرس و ڕاو تێڕامانی چاودێران و مایەی ڕەخنەو ناڕەزایەتی هەر کەسێکی ئازادیخواز و عەلمانی- سکویلار- نیشاندان یان باشترە بلێین داتاشینی ناسنامەی ئایینی فەرمی هاودیدەکانیان بوو کە چەند ئەم کارە شەرم ئاوەرو ناکۆک و دژ بە دروشمێکە کە ئەم دیموکراسیخوازە قات و قەرەوێت و قاپوت پۆشانە بەرزیان کردۆتەوە کە دەیانەوێت دەسەڵاتە قەومی و خێڵەکی و ئیسلامییەکەیان دیموکراسی تر بکەنەوە.
بۆیە خەڵکانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەرەرو عەلمانییەکان هەقیانە بپرسن ئەرێ بە پشت بەستن بە ناسنامەی ئایینی، دیموکراسی و دادپەروەری بەدی دێت؟!
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە واپێویست دەکات کەمێک لەسەر پرسی جیایی ئایین لە دەسەڵاتی سیاسی قسەبکەین.
بەرلە هەر شتێک پیویستە ئەو ڕاستییە بڵێم کە لەو بڕوایەدا نیم ئەم هەموو دکتۆرو پسپۆرو ئەکادیمی یە قاتو قەرەوێت و قاپوت لەبەرانەی کە بەشی زۆری ژیانیان لە وڵایانی ئەمریکاو ئەوروپا بردۆتە سەرو بروانامەی بەرزیان هێناوە نەزانن دیموکراسی یانی چی؟. چ وەک چەمکێک و چ وەک دەسەڵاتی سیاسی ، وە چۆنیش بە درێژایی،لانی کەم سەدەی بیست و بیست و یەک، چۆن چۆنی دەستەبەر کراوە.
چونکە من وەک کرێکارێکی سادە وبێ هیچ بڕوانامەیەک ئەوەند فێر بوومە کە مەرجی دەستەبەرکردنی دیموکراسی یانی جیایی ئایین لە دەوڵەت و دەسەڵات و ئاماژە نەکردن بە ئایین لە هیچ ناسنامەیەک. تۆ بڵێی ئەوان بە قەد من فێر نەبووبن لەمبارەیەوە، نەخیر! پرسەکە زانین وزانست و زانیاری – معرفە و علم و معلومات- نییە بەڵکو ئەمە هەڵبژاردنێکی فکری و سیاسی یە. ئەمە بەرژەوەندی یە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکانیان وا دەخوازێت ئەم هەڵبژاردنە بکەن کە بە خەڵک بڵێن بەڵێ دەسەڵاتی دیموکراسی هیچ کێشەو گرفتی لەگەڵ تێکەڵبون بە ئایین نییە.
لە کاتێکدا سادەترین تێزی فکری و سیاسی بۆ دەستەبەرکردنی دەوڵەت و دەسەڵاتیکی سیاسی مۆدێرن و هاوچەرخ جیایی ئایینە لە دەوڵەت و ئەمە سەرەکیترین پایەکانی دامەزراندنی دەوڵەت و حکومەتی دیموکراسی و دامەزراوەکانێتی لەوەی شۆڕشی گەورەی فەرەنسا لە ساڵی ١٧٩٥ ڕوویداوە. وە پاشان دەیان شۆڕشی گەورەی تری بۆرژوازی کۆمەڵایەتی تری بە دوادا هات لە ئەوروپاو ئەمریکا و توانیان ئایین و دەسەڵاتی پاپاو قەشەو کڵێسا لە دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی جیاکەنەوەو دەوڵەت و دەسەڵاتێکی سکویلار- عەلمانی- دامەزرێنن و ئایین بکەنە کارو ئەرکێکێ تایبەتی تاکە کەسی. تا ڕادەیەکەی زۆر و هەر بەهۆی ئەمەشەوە توانرا ماف و ئازادییە سیاسی و مەدەنی و تاکە کەسییەکان کە پێی دەڵین مافە دیموکراسییەکان دەستەبەر بکرێت.
جا ئەوەی لەم وڵاتانەش چەندە ئایین بە نافەرمی و نیوە ناچڵ هەر لەپاڵ دەوڵەت و دەسەڵات ماوەتەوە، بە تایبەتی باڵادەستی ئایین و دامەزراوەکانی لە بەڕێوەبردنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری کۆمەڵگە، و یان باڵەکانی بۆرژوازییە راستەکان بەکاریان هێناوەتەوە، ئیتر ئەمە ئەوە ڕەت ناکاتەوە کە بە فەرمی جیاکراوەتەوە تا ئەو ڕادەیەی ئاماژەدان بە ئایین و هێمای ئاینی قەدەغە کراوە لە هەر ناسنامەیەکی فەرمی. وە بە تایبەت ئەمە وەک کەلتور بۆ کاربەدەستانی دیاری دەوڵەت مایەی شەرمئاوەری یە.
هەڵبەت ئەوەی لەم وڵاتانە ئەو دروشم و خواستە، یانی جیایی ئایین لە دەوڵەت و دەسەلات بەدی نەهاتوە، بۆ دەستەبەرکردنی دیموکراسی و دادپەروەی، ئەوە ئیتر دەگەڕێتەوە بۆ زۆر هۆکاری بابەتی و خۆیی سیاسی و مێژوویی. هەر بۆیە شتێک نییە لەم وڵاتانە، بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی زۆری ئەفریقا بەناوی دەسەڵاتی دیموکراسی یەوە.
جا ئەوەی ئیستا کاک بەرهەم و هاودیدەکانی دەیانەوێت بە نیشاندانی ناسنامەی ئایینی و پشت بەستن پێی دیموکراسی و دادپەروەری زیاتر دەستەبەر بکەن جگە لە درۆیەکی شاخدار بۆ خۆشخەیاڵ کردن و گێژکردنی جەماوەری ستەمدیدەی دەست ئەم دەسەڵاتە چەتەگەرە زیاتر شتێکی تر نی یە.
نیشاندانی ناسنامەی ئایینی لەسەر ناسنامەکانیان و شانازی کردن پێوەی تەنها بۆ بەدەسهێنانی چەند کورسییەکە لە سینارێو گاڵتەجاڕییەکانی بەناو پەرلەمان لەناو ئەم جەنگەڵی درندانەدا لە پێناوی مانەوەیان لە دەسەڵاتی دزو گەندەڵی دژی ئینسانی کە ئەوە دوو دەیە زیاترە بەردەوامە لەسایەی باڵا دەستی زڵهێزە ئیمپریالییەکان و رژێمە کۆنەپەرست و تاقمە ئیسلامییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.
بۆیە لەم گۆشە نیگاو ڕایەوە وەڵام بەم پرسیارە کە: ئەرێ بە پشتبەستن بە ناسنامەی ئایینی دیموکراسی و دادپەروەری زیاتر دەستەبەر دەکرێت، دەبێت بڵێین نەخێر هەرگیز…!