ئەوکاتەی متمانە ئەنێژین… سەلام سەعید
لێرە ئازار لەژورێکی تاریک مەنێ
هەنگاوەکانم ماندوە
چیتر هەنگاوێکی تر بڕناکەم
بەهیچ هەنگاوێکی تۆدا ڕاناگەم
هەناسە بڕکێمە
هەنگاوێ ناچمە پێش
شار بۆ من ئەمڕۆ پڕە لە نامۆ
کەسێکی ئاشنا نابینم
سینەم پڕە لەقسە
نازانم بۆ کێ کۆتا چیرۆکم باس بکەم
ترس ئاوقام بوەو
ڕوناکییەك شك نابەم ڕوی تێکەم
پێ ئەچێت گەمەی خۆکوشتن بکەم
چیتر ناتوانم یاخی بم
پێ ئەچێت ئازارەکانم وەپێچم
متمانەم لەناو ئیرەیی ئەودا بنێژم
هەست بە ماندو بوون ئەکەم
ئەم شارە پڕە لە مردن بۆ من
بەهیچدا ڕاناگەم
من ڕۆژانێ هەموو گفتێکم بۆ ئەو
بەڵێن بوو
پێکەنینەکانم بۆ ئەو پڕ بوو لە بۆن وەنەوشە
ئەمڕۆ بۆ بەختی من گڵۆپەکانی شاریش
کز ئەسوتێن
وەك هەناسەم ئەزمڕ
باوەشی بەتۆقێ تەمدا کردوە
کۆڵانەکانی شار
ئەمڕۆ ئاڵودەن بەهیچ
وەك چۆن ئەو
ئالودەیە بەبێ متمانەیی بۆمن
هیچ لەگەڵ چوارچێوەی گفتەکانمدا
ڕێك ناکەوێ
هێندە لەبێ متمانەیی بێزارم
ڕقم لەهەموو جوڵەیەکە
ڕقمە لەشار… لە شەقام
لە ئاپورای خەڵک
لە ستێرنی ماشێنەکەم
ڕقمە لەخۆم
ڕقمە لەخەڵك
ڕقمە لەهەموو کەرکەدەنەکانی درۆ
ئەوەی ناتوانم ڕقم لێی بێ
نامۆیی تۆ و هەناسەکانی غوربەتی تۆیە
بۆیە ئەمڕۆ من ڕقیشمە لەخۆم
کەتۆ متمانە ئەنێژی