سەردەشت عوسمان، ئەو دۆسیەیەی داناخرێت!…عەبدوڵا مەحمود

0

تیرۆری نووسەر و ڕۆنامەنووس سەردەشت عوسمان، جۆرێکە لە تیرۆر و پاڵنەرێکی هەیە، کە داخستنی مەحاڵە، تەنانەت ئەگەر بکوژان و نەخشە بۆ دارێژەرانیشی بێن و لە ئاستی کۆمەڵگەدا، خۆیان نیشان بدەن و دەستەخوێناوییەکانیان بخەنەڕوو.

بە ئاشکرا ڕفاندنی لەبەردەم زانکۆ و گواستنەوەی بەناو جەرگەی شار و بەناو تۆرێک لە بازگەو کامیرای چاودێری و بردنی بۆ شارێکی دی… پاشان تیرۆرکردنی و گوللە نان بە ناودەمی، دۆسیەیەکە کە هەم پێشتر نەخشەی بۆ دانراو و هەم لەیەک کاتتدا چەندین کەس و کاراکتەر و تیایدا بەشدارن. جیا لەوانە تیرۆکردنەکە دوای چەندجار هەرەشە و لەسەر بابەتێکی رەخنەگرانە، کە لە بنەرەتدا رەخنەی چینایەتی و کۆمەڵایەتی زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە لەو دەسەڵات و نوخبە سیاسی و بنەماڵەیەیە دەستی ناوەتە بینەقاقای کۆمەڵگە. نوخبەیەک کە لە سەدان رێگاوە جەنگی حاشاهەڵنەگر لە هەموو زەمینە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتوری لەدژی کۆمەڵگە دەکات. دزینی هەرچی سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی، سەرجەم داهاتەکان و دەسترەنجی چینی کریکار و خەڵکی بێبەش لە پایەترین ئاستەوە بۆ سەبەتە خۆراکی خێزانیک. پاوانکردنی دەسەڵات و ئامادەکردنی دەیان توڕی سەرکوت و فریودان و ترساندن و ناوزراندن و شانۆ سازکردن بۆ نەیاران و سەرکوتی سیاسی بێ پەردە و ریگەگرتن لە هەر نارەزایەتی و جوڵانەوەیەکی شۆرشگێرانە و پێشکەوتنخوازنە کە دەسەڵات بکاتە نیشانە، تا دەگاتە چوونە جەنگی هەموو دیاردە و نەریت و یاساو رێسایەکی مۆدێرن و ئینسانی، هەموو کەلتور و روانینێکی سکیولار و ئازادانە. لەبەرامبەردا دەستگرتن بە پرتوکاوترین نەریت و لاکەوتەترین عورف وعاداتی کۆن و بەسەرچوو، بەرگریکردن لە کۆنەپەرستانەترین ئیدەو ئەخلاقیات و فەرهەنگی دارزیووی سەر لێوای قەبر. بەرگری لە نائینسانیترین و نابەرابەریترین یاسا و داسەپاندی یاسای خێڵەکی و عەشایەری و چوونە بەرامبەرکێی هەموو ئازادی و ئازادیخوازی و پیشکەوتنخوازیەکەوە بە پاساوی پوچی مقەدەساتی قەومی و دینی و نیشتیمانی و نەتەوەیی و دینی و مەزهەبی. گرتنەبەری و هەموو ڕێ و شوێنێک بۆ مانەوەی بەزۆری دەسەڵات بەپیرۆزهێشتنەوەی پێگەی بنەماڵە و قائید و رابەر و داهێنان لە نۆکەر پیشەیی… لەوانە زیاتر برسیکردنی خەڵک و دزینی ئەو موچە کەمەی زوربەی هەرەزۆری چینی کریکار و فەرمانبەران، لە بەرامبەر بە کاری سەخت و مانووبوونی زۆردا هەیانە، گۆشە بەگۆشەی تاوانکارییەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە. رەخنە لەو واقعیەتە داسەپاوە، کە ناوەرۆکی رەخنەی سەردەشت عوسمان بوو، ئەو رەخنە قوڵە لە سیستەمی نابەرابەر و لە بنەماڵەی تاسەر مۆخ دژی ژن، سەردەشت راپێچی مەرگێکی پڕ تراژیدی دەکات، دەیکاتە تراژیدیایەکی لە بیرنەکراوی کۆمەڵگە.

ئێستا دوای ١٥ ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشتدا، نەک ئەم کەیسە بەزیندووی ماوەتەوە و بەڵگەنامەی ریسوایی دەسەڵات و بنەماڵەیە، بەڵکو سەرجەم دۆسیەکانی تری لە تیرۆری سیاسی و نەیارانی سیاسییەوە بۆ دۆسیەی رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازانی… زیندو راگرتووە.

پارتی وەکو رەمزی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر و تاڵانچی و نۆکەر پیشەی ناو خیزانی بۆرژوازی کورد، نەک لەسەر سیاسەتی ترساندن و تۆقاندن و بەرگری لە کۆنەپەرستی و یاسای دژە ئینسانی و دژە ژن بەردەوامە، بەڵکو ئەم  بۆتە ناسنامەی مانەوەی و درێژە دان بەدەسەڵاتی نەنگینی.

ناوی سەردەشت عوسمان، وەکو رەمزی رەخنەیەکی قوڵ لە دەسەڵاتی پارێزەری چینە داراکانی کوردستان و فەرهەنگ و کەلتوری کۆنەپەرستانەی بنەماڵە، بەشێکە لە رەخنەی هەمەلایەنتری چینی کرێکار و بەشی پیشرەوی ئەو چینە، لە نیزامی سەرەوخواری بۆرژوازی و باڵ و بەشەکانی کە پارتی پارچەیەکی کۆن و سواوی ئەم نیزامەیە… سەردەشت و کەیسی سەردەشت چ بە جۆری تیرۆرەکەی و چ بە پاڵنەر و هۆکاری تیرۆرکردنەکە، هەرگیز داناخرێت و بە زیندووی دەمێنێتەوە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.