کۆیلایەتی کاری کرێگرتە … نووسینی: ئیبراهیم حسێن
ڕۆژێک دوای ئایار ڤیدیۆی کرێکارێکم بینی کە بە فارسی دەدوا و بە کەسەر و بێتاقەتیەکی گەورەوە وەک ئەوەی کێوێک سەرسنگی گرتبێ گلەیی لە دایکی دەکرد کە بۆچی ئەوی هێناوەتە دنیا بۆ ئەوەی ببێتە کرێکار و دەیگوت بۆچی کە تۆ دەتزانی باوکم لێت دەدا و ئیهانەت دەکا، هەر منت هێنایە ژیانەوە تا وەک کرێکار بە دوای ژیاندا ئاوها سەرگەردان و بێچارە بم، ئەمە چ چارەنووسێکە!
دروست ڕۆژێک بەر لە ئایاریش هەمان نەفرەت و بێزاری و توڕەییم لە نزیکترین کەسەوە لەم شێوە ژیانە لە سایەی کۆیلایەتی کاری بەکرێ بیست کاتێک بە هەمان بوغز و نەفرەت و بێزاریەوە گوتی؛ کەی بێ لەم ڕاکەراکە و بێچارەییە لە پێناو ژیاندا نەجاتمان دەبێ و خانەنشین دەبین!
ئەمە واقیعیەتی دنیای کرین و فرۆشتنی ئازادی هێزی کارە لە دنیای ئەمڕۆدا. لە پشتی هەموو زەرق و بەرگی ئایدیۆلۆژی دنیای ئەمڕۆ، لە پشتی هەر ڕازاندنەوەیەکی ئەخلاقی و مەعنەوی دنیای ئەمڕۆ ئەم کۆیلایەتییە مۆدێرنە, کۆیلایەتی کاری کرێگرتە خۆی مەڵاس داوە.
ئەم هەموو تەکنۆلۆژیا و ئەو هەموو پێشکەوتنە سەرسوڕهێنەرەی کە توانای بەرهەمهێنەری کاری مرۆڤی گەیاندۆتە کەشکەڵانی فەلەک، نەک هەر هیچ شتێکی لە دزێوی و ناشیرینی ئەم کۆیلایەتیە کاری کرێگرتەیە کەم نەکردۆتەوە، بەڵکو گەیاندویەتییە چڵەپۆپەی خۆی. ئەمە ئەو نەنگ و عارەیە هەرچی ڕواڵەتی مەدەنیەتی تێوەپێچی بە هەر ئایدیۆلۆژیا و خورافەیەک بڕازێنێرێتەوە هەر ئەوەیە کە هەیە و هیچ لە ناوەڕۆکەکەی ناگۆڕێ.
ئەمە بوغز و ئیعتیرازی ئازادیخوازی و کۆمۆنیزمی وجودی مرۆڤی ئەمڕۆیە.
بۆچی مرۆڤ دەبێ هێزی کار فرۆش بێت بۆ ئەوەی بژی و بمێنێتەوە، بۆچی دەبێ چەند میلیار مرۆڤی ئەم سەردەمە هەموو ڕۆژێ هەستن هێز و توانستی خوڵقاندنی خۆیان، تەمەن و ئەو دەرفەتە کورتەی بۆیان ڕەخساوە لە جیاتی ئەوەی بۆ ئەزموونکردنی ئازادانەی ژیان و بۆ خوڵقاندن و لەزەت وەرگرتن لە ژیان و داهێنان و کۆمەک و هاوکاری یەکتردا بەکاری بهێنن دەبێ لەم دەستوپێکوتانە ناچاریەدا بە فیڕۆی بدەن؟
ئەمە پرسیاری ئەو سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمەیە کە لە وجودی هەر مرۆڤێکی شەریفی ئەم کوڕەی زەویە دایە. ئەم نەفرەت و بوغزە بوغز و نەفرەتی مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم دنیایەیە بۆ ڕزگاری لە کۆیلایەتی کاری کرێگرتە.