ڕوماڵێک لە بارودۆخی زیندانیانی سیاسی کوردستان… بەشی یەکەم… نووسینی: کاوان قادر
دامەزراندنی ڕێکخراوی زیندانیانی سیاسی لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٩٢-١٩٩٣ بەناوی کۆمەڵەی زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان. کە لەسەروبەری دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەو سەردەمەی کە هەولێر بەدەست یەکێتی یەوە بوو، سەرەتا بەهەندێک کارو چالاکییەوە دەستی پێکرد، هەندێک ئیمتیازات لەچەشنی دابەشکردنی قوماش بەسەر هەندێک زیندانیکراودا و بڕیاری دابەشکردنی نزیکەی ٢٦٥ پارچەزەوی بەسەر ئەو زیندانیانەی ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی هەبوو، کە زۆربەیان سەربە لیستی ی ن ک بوون، (بێگومان لە ئێستایەکدا ئەو زیندانیانەی کە پشت ڕاستکردنەوەی یاساییان بۆ ئەنجام دراوە زیاتر لە ٢٥.٠٠٠ زیندانی سیاسی دەبێت، کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا زیانیان بەرکەوتوە) پاشان شەڕی ناوخۆ دەستی پێکرد، بەهۆی ململانێی سیاسی و شەڕی حزبەکان سستی کەوتە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە و تا کار گەیشتە ٣١ ئاب و بڕیارەکە بەتەواوی هەڵوەشایەوە، یەکێتی لە هەولێر دەرکرا جارێکی تر لە زۆنی سەوز لەسلێمانی کۆمەڵەی زیندانیانی سیاسیان دروستکردەوە، لەو سەردەمەدا تاڕادەیەک تەنها زیندانی سیاسی ئەوانەی سەربە (ی ن ک) بەهرەمەند بوون لە خزمەتگوزارییەکان. ئەویش لەداهاتی گومرگی قاچاخ و بودجەی خالە سنورییەکان دابین دەکرا، بەهەمان شێوە لە زۆنی زەرد (پ د ک) ڕێکخراوێکیان بەناوی (ڕێکخراوی زیندانییە سیاسیەکان) ی سەر بە خۆیان دروستکرد و کەم تا زۆر زیندانیانی زۆنی خۆیان کە سەربە پارتی بوو سودمەند بوون لەسەر هەمان شێوەی بودجەو گومرگی خاڵە سنورییەکان. ئەو خزمەتگوزاریانە بریتی بوون لە موچە و دابەشکردنی زەوی وزار. پاش کۆتایی شەڕی ناوخۆ زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی هەردوو زۆن یەکیان گرتەوە، ڕێکخراوی زیندانییە سیاسییەکانیش یەکێک بوو لەو پاکێجانەی ناو ڕێکخراوەکانی یەکێتی وپارتی وەکو سەندیکا و ڕێکخراوی مامۆستایان و هونەرمەندان و…هتد، دەبوایە یەکی بگرتایەتەوە، ڕێکخراوی زیندانیانی سیاسی سەربە پارتی بوو کۆمەڵەی زیندانیانی سیاسیش سەربە یەکێتی بوو یەکیان گرتەوەو لە ساڵی ٢٠٠٧دا ناویان لێنا کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکان کە سەرپەرشتی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستانی کرد، دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ ئیتر داهاتی حکومەتی هەرێم جگە لە داهاتی خاڵە سنورییەکان بودجەیەکی زەبەلاحیشی لە مەرکەزەوە بۆ دەهات کە بریتی بوو لە ٪١٧ داهاتی عێراق. کە تیایدا ڕەچاوی موچەی زیندانیانی کوردستانیشی تێدا کرابوو سەرەڕای بەردەست بوونی ئەو داهاتە زەبەلاحەی هەرێم، بەڵام زیندانیانی سیاسی بەتەواوی پشتگوێ خرا بوو، تا کار گەیشتە گردبوونەوەیەکی گەورە بۆبەردەم پەڕلەمانی کوردستان لە ئەنجامی ئەو گردبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، بڕیاردرا زیندانیانی سیاسی کوردستانیش بەهەمان شێوەی زیندانیانی سیاسی خوارو ناوەراستی عێراق، موچەیان بۆ ببڕدرێتەوە، بەڵام وەک ئەوەی بڕیاردرابوو وەک عێراق موچەیان بۆ ببڕنەوە جێبەجێ نەکرا، هەرچەند پەڕلەمانی عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٦ یاسای ژمارە ٤ دەرکرد بۆ خزمەتی زیندانیانی سیاسی وکەس وکاری شەهیدان و زیان لێکەوتوانی دەستی ڕژێمی بەعس، کە زیاتر لە دوو هێندەی زیندانیانی سیاسی کوردستان موچەیان وەردەگرت. جێگەی ئاماژە پێدانە حکومەتی عێراقی بڕیارەکەیان باشتر بوو بە بەراورد بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشت بە یاسا بەجۆرێک داڕێژرا کە قابیلی دەست تێوەردان نەبێت لە هەرئاڵوگۆڕێکی دەسەڵاتدا، یاساکەش دەڵێت (موچەو ئیمتیازی زیندانی سیاسی ٣ هێندەی کەمترین موچەی خانەنشین بێت، پاشان بە بڕیارەکەی ٢٠٠٦ وە نەوەستان وجارێکی تر لە ساڵی ٢٠١٣ یاساکەیان هەموارکردەوە، کەمترین موچەی خانەنشین ٤٠٠ هەزار دینار بوو) واتە زیندانیانی سیاسی عێراق بەشی جنوب ١.٢٠٠ ملیۆنێک و دووسەد هەزار وەربگرن…
ئەم هەوڵەی زیندانیانی سیاسی عێراق هاندەرێک بوو بۆ ئەوەی زیندانیانی سیاسی کوردستانیش بکەونە خۆ و داوایان کرد یاساکەی عێراق لە کوردستانیش جێبەجێ بکرێت، لەوەڵامی داخوازییەکەیاندا بەناوی کۆمکاری زیندانیانی سیاسی پڕۆژە یاسایەک پێشکەشی پەڕلەمانی کوردستان کرا و بەکۆی دەنگ یاسایەکی شەرمنۆکانەیان دەرکرد. یاسای ژمارە ١١ لە ساڵی ٢٠١١دا کە لەسەرەتادا بۆ ماوەی یازدە مانگ تەنها بڕی ٣٩٠ هەزار دینار موچەیان بڕیەوە بۆ زیندانیانی سیاسی هەرێم، لە کاتێکدا موچەی تەواوی زیندانیانی سیاسی هەرێم وەک زیندانیانی عێراق لە بودجەی لە ٪١٧ دەنێردرا، بەڵام لە کوردستان تەنها ئەوەندە خێرەیان بە زیندانیانی سیاسی هەرێم ڕەوا دەبینی. پاشان بۆ ماوە ٢ ساڵ ئەو بڕە مینحەیەیە زیاد کرا بۆ چوارسەدوو پەنجاهەزار و کرا بە ٥٠٠ پێنج سەد هەزار، وە هەر زیندانیەکی سیاسی ئەگەر زیاتر لەساڵێک زیاتر بگیرابوایە ساڵی پەنجا هەزار دینار دەخرایە سەر پێنج سەد هەزارەکە بەو شێوەیە ماوەی دە ساڵ زیندانیانی سیاسی ئەو مینحەیەیان وەرگرت، پاشان لە ساڵی ٢٠١٣ لە عێراقدا هەموار کرایەوە بۆ ٢٥ ساڵ، بەڵام لە کوردستان پاش هەوڵێکی زۆر درا بۆ هەموارکردنەوە و درێژکردنەوەی بۆ ٢٥ ساڵ لە ساڵی ٢٠١٨ دا شەش مانگ بەرلەوەی مینحەی زیندانیانی سیاسی ١٠ ساڵەکەی خۆی تەواو بکات. کۆمکار جەلال شەقڵاوەیی و مام سەرۆک و جێگری سەرۆکی زیندانیانی سیاسی کاک مەلا عەلی و مامۆستا جلال شەقڵاوەیی هەوڵ ئەدەن یاساکە هەموار بکەنەوە بۆ ٢٥ ساڵ بەشێوەی عێراق، بەڵام ئەحمەدی مام ڕەسوڵ داوایان لێ دەکات کە حکومەت بە خەبەر نەکەنەوە بە بیریان مەهێننەوە و ئەو داوایە بەرز مەکەنەوە هیچ هێزێک نییە لەکوردستان ئەو مینحەیە ڕابگرێت، هەربۆیە بێدەنگیان هەڵبژارد، تاکو و مینحەکە بڕدراو ئەحمەد مام ڕەسوڵ هیچی بۆ زیندانیان نەکرد، کاتێ ١٠ ساڵەکە تەواو بوو سەرەنجام وەزیر هاتە سەر تەلەفیزیۆن و وتی ئەوانەی ١٠ ساڵەکەیان تەواو کردوە موچەکەیان دەبڕدرێت و هیچ پشتیوانییەکی یاساییان نی یە، ئەم شکستەی کۆمکار خرایە ئەستۆی ئەحمەدی مام ڕەسوڵ کە هەوڵەکانی سارد کردەوە تا موچەکەیان بڕدرا، لەو ڕۆژەوە هەندێک لە هەڵسوڕاوانی زیندانیانی سیاسی هەوڵیانداوە تەنانەت لەگەڵ لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و پەڕلەمان وکۆنگرەی ڕۆژنامەنوسیان ئەنجام داوە، بەڵام تا ئێستا بێ سەرەنجام ماوەتەوە، چونکە حکومەتی هەرێم پشتیوانی ناکات تا ئێستاش ناکام ماوەتەوە.
ماویەتی