هونەرمەندو بیرکردنەوەی جیاواز … نەجم محەمەد

0

تێڕوانینی جیاواز بریتییە لە ڕوانگە، بیرۆکە، یان تێگەیشتنێکی جیاواز لەبارەی بابەتێکەوە، کە دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاواز بێت بەپێی ئەزموون، پەروەردە، کەلتور، باوەڕ، و زانیارییەکانییان تێڕوانینی جیاواز سروشتێکی سروشتی مرۆڤە و پێویستە وەک بەشێکی پڕ بەهای ژیان سەیری بکرێت. جیاوازی ڕای مرۆڤەکان دیاردەیەکی سروشتییە کە لەگەڵ مرۆڤایەتی بووە لە سەرەتای مێژووەوە. لەو کاتەوەی کە ژیان لەسەر هەسارەی زەوی دەستی پێکردووە، مرۆڤەکان هەرگیز بەسەر یەک ڕایەکدا کۆنەبوونەتەوە، بەڵکو جیاوازی و هەمەچەشنیی سەرەکیترین سیما بووە. ئەم جیاوازییە خراپ نییە، بەڵکو دەوڵەمەند و بەرھەمدارە، بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵیدا بە شێوەیەکی دروست ئەوە ئەستەمەکەیەکە پێویستی بە چارەسەری هەیە.

جیاوازی ڕای مرۆڤەکان پێویست ناکات ببێتە هۆی ناکۆکی و دوژمنایەتی، بەڵکو دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ فێربوون و پێشکەوتن، و بۆ دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیرۆکەکان. بۆیە، مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازی ڕایەکان بە شێوەیەکی هێمن و ژیرانە کلیلی دروستکردنی پەیوەندی بەهێز و بەرھەمدارە لە نێوان تاکەکان و کۆمەڵگەکاندا.

بۆ هونەرمەندیش کەکاری هونەری دەکات بیرکردنەوەی جیاواز یەکێکە لەسەرەکیترین خاڵی هونەری  کەگرنگی پێ بدات هونەرمەند تێڕوانینێکی تایبەتی بۆ ژیان و دەوروبەری هەیە. ئەو جیهان بە چاوێکی نوێ دەبینێت و توانای گەورەی هەیە لە ناسینەوە و نیشاندانی ڕاستییەکان بە شێوازێک کە خەڵکی ئاسایی ناتوانن، دیارە هونەر خۆی ڕێگایەکە بۆ نیشاندانی جیهان بە شێوازێکی نوێ .

دەبێ هونەرمەند واوەتر لە بیرکردنەوەی خەڵکی  ئاسایی بڕوات و لەسەرو خەڵکی ئاساییەوە بیربکاتەوە  مەبەستم لەم خاڵە ئەوە نییە هونەرمەند خۆی لەخەڵکی بەزیاتربزانێ وخۆی لەخەڵکی جیابکاتەوە، نەخێر مەبەستم ئەوەیە کەهونەرمەند تێڕوانین وبیرکردنەوە جیاواز لەهونەرەکەیدا تەوزیف بکات و وێڕای ئیستاتیکای هونەری هونەر بکاتە ئولگو و دەربیجەیەک بۆ هوشیارکردنەوەی خەڵک وکۆمەڵگە

تۆ ناتوانی هونەرمەند بیت و بەبیرکردنەوەو تێڕوانینی کلاسیکی و باوی کۆمەڵگە خەڵکی لەڕێی هونەرەکەتەوە هوشیار بکەیتەوە یان هونەرێکی جیاوازو نوێ بخوڵقێنی یان داهێنانی نوێ لەهونەردا  بەرپا بکات هەربۆیە من پێم وایە بیرکردنەوەی جیاواز سەرەکیترین ڕەگەزی هونەرو داهێنانە، تۆ ئەگەر خاوەنی بیرکردنەوەیەکی جیاواز نەبی ناتوانی هونەرو داهێنانی جیاواز بخوڵقێنێ.

Leave A Reply

Your email address will not be published.