یەکی ئایارو ئاوڕدانەوەیەک لەکرێکارانی کۆمپانیا سکیوریتیەکان…
کرێکارانی کۆمپانیا سکیوریتیەکان بوونەتە قوربانی دەستی سیستمێکی چەوسێنەرو بێ باک لەژیان وکەرامەتی مرۆڤ، ئەوان ژمارەیان دەیان هەزارکەس دەبێت.
لەکوردستان نزیکەی 72 کۆمپانیای سکیوریتی بوونیان هەیە، هیچ جۆرە چاودێریەکی حکومیان بەسەرەوە نییە، خاوەندارێتی کۆمپانیاکان بۆ کوڕو برازاو خوشکەزاو زاوای بەرپرسانی پارتی ویەکێتی دەگەڕێتەوە، هیچ یاسایەک لەبەرژەوەندی ئەواندا لەگۆڕێدا نییە، مووچەی کەم ونەبوونی بیمەو گرنتی پاراستنی مافەکانیان و مامەڵەی خراپی کۆمپانیاکان و هەڕەشەی لولەی تفەنگ و دەمانچەی سەرمایەداران و کوڕە بەرپرسەکان و هەواڵی کوشتنی ناوبەناوی کرێکارانی کۆمپانیا سکیوریتیەکان، هەموو ئەمانەو دەیان کێشەو چەرمەسەریی دیکە لەچاوەڕوانی کرێکارانی کۆمپانیا ئەمنیەکاندایە!
ئەم کرێکارانە، زۆرینەیان دەرچووی زانکۆو پەیمانگاکانن، بەهۆی دەستکورتی و نەبوونی دامەزراندن وهەلی کارەوە، بەناچاریی ملیان ناوە بەم کۆمپانیا سکیوریتیانەوە، جل وبەرگ و پێداویستیەکانی کاری سیکوریتیان پێدەکڕن، کەخۆی لە 100 هەزار دینار ئەدات، سەرجەم ئەو دوکان و شوێنانەشی کەجلوبەرگی کۆمپانیاکان دەفرۆشن، شەریکی خودی کۆمپانیاکانن!
لەکاتی دامەزراندنیشدا، گرێبەستیان پێ واژۆ دەکرێت، ئەم گرێبەستە ناخرێتە بەردەمی کرێکاران، بەڵکو تەنها شوێنی واژووکردنیان بۆدیاری دەکرێت و کرێکار پاپەند ئەکەن بە داوانەکردنی ماف لەکۆمپانیاکان، لەئەگەری ڕودانی هەرڕوداوێکی نەخوازراو لەسەرکار!
کێشەیەکی دیکەی ئەم کرێکارانە، نەبوونی پاڵپشتی یاساییە، لەکاتی ڕودانی ئەوکێشانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بۆنمونە لەکاتی بەرگریی کردن لەخۆیان لەدروستبوونی شەڕو ئاژاوەدا، پۆلیس کرێکارەکانیش وەکو یاساشکێن و تۆمەتبار سەیر دەکات و دەستگیریان دەکات، دەیان کرێکار تائێستا بەهۆی بەرگریی کردن لەخۆیان وشوێنی کارەکانیانەوە، دەستگیر و زیندانی کراون!
کۆمپانیاکان بۆ هەرکرێکارێک، بڕێکی زۆرپارە لەوشوێنانە وەردەگرێت، کەکرێکارەکانیان بۆ دابین دەکات، بڕێکی کەمی پارە 400 هەزاردیناریان پێدەدات، لەکاتێکدا، ٪90 ئەو کرێکارانە، تێچووی نان خواردن وهاتوچۆ لەئەستۆی خۆیانە!
دیار بەرزنجی