پرسی ڕۆژ بزوتنەوەی گۆڕان و پێگەی سیاسی لە کوردستان… بەرێز کاکەلاو تەحسین وەڵامی داوەتەوە…
پرسی رۆژ: بزووتنەوەی گۆڕان و پێگەی سیاسی لەکوردستان.
پاش ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن یەکێک کەسایەتیە ناسراوەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی (نەوشێروان مستەفا) وەک رێکخەری ئەو بزووتنەوەیە خۆی راگەیاند، هیوا وئومێدێکی زۆری بەخشیە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی وبەرهەڵستکاری (ئۆپۆزسیۆن) لەناو پرۆسەی سیاسی کوردستان. ئەو هەڵکشانە خێرایە زۆری نەخایاند داکشانی بەخۆوە بینی. لە دوایین هەڵبژاردنەکانی لەکوردستان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ تەنیا توانیان ١ کورسی پەرلەمانی بەدەستبێنن.
دوای مردنی نەوشێروان مستەفا ئەو بزووتنەوەیە بەتاک وبەکۆمەڵ خەڵکی لێ دەبۆوە، تاگەیشتە کەرتبوونی گەورە. لەم دواییانە بەناوەکانی گۆڕانی سەرگردەکە و کوردسات. هەردوولا لەهەوڵی رێکخستنی ریزەکانیان لەرێگەی کۆنفرانس، و هەردوولا لەو هەوڵانەیان سەرکەوتوو نەبوون وکۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەئێستادا هیچیان بەرەسمی ناناسێت.
پرسی رۆژ: ئەم هەوڵانەی بزووتنەوەیەکی وەک گۆڕان لەپرۆسەی سیاسی لەکوردستان و ئومێدی خەڵک چۆن لێکدەدەنەوە؟
بەڕێز کاکەلاو تەحسین؛ وەک چالاکوانێکی سیاسی وشرۆڤەکاری سیاسی ئەم پرسەی بۆ شرۆڤە کردین.
کاکەلاو تەحسین: گۆڕان بزوتنەوەیەکی بێ بنەما…
ئەوەی ئەمرۆ دەگوزەرێت لە دۆخی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لەئێستادا جێگای هەڵوێستەیە، چونکە ئەو بزوتنەوەیەی ئامانجی گۆڕانی سیستەمی سیاسی و فەرمانڕەوای لەکوردستان هەڵگرتبوو. کەچی ئەمرۆ ناتوانێ سیستەمی پەیرەوی ناوخۆی حیزبەکەی خۆی جێ بەجێ بکات! ئەوەتا ئەمرۆ دابەش بوونەتە سەر دوو مینبەرو دوو بارەگاو دوو کۆنگرە! ئەوەتا ئەورۆ پێگەی جەماوەریان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەزۆر گەیشت بە یەک کورسی! کەچی خۆیان بوون بە دوو باڵ. ئەوەی روودەدات سەرسورهێنەرو ناچاوەروانکراو نییە، بەڵکو کەمێک درەنگیش کەوت، چونکە ئەم بزوتنەوەیە لە بنەمای دروستبوونی بۆ دروستکردنی هێزێک نەبوو کە جیاواز کار بکات لەسەر دونیا بینی سیاسەت لە هەرێم، بەڵکو کاردانەوەیەکی کەسی بوو. گەر بگەرێینەوە بۆ ساڵی ۲٠٠۷ هەموان دەزانن کە نەوشێروان مستەفا داوای دەست لە کارکێشانەوەی مام جەلالی دەکرد لە سکرتێری گشتی، دواتر ئەو هەوڵە گۆڕدرا بۆ کۆمەڵێک گۆڕانی ناوخۆیی لەسەر داوای نەوشێروان، لە ناویاندا زیادکردنی ژمارەی مەڵبەندەکانی یەکێتی لە ٥ پێنج مەڵبەندەوە بۆ ٣٦ مەڵبەند، و ئەنجامدانی هەڵبژاردن. دوای ئەوەی مام جەلال لە رێگای کۆمەڵێک بەرژەوەندی توانی کۆسرەت رەسوڵ کە پاڵپشتی پرۆژەکەی نەوشێروان بوو دوور بخاتەوە، و دواتر نەوشێروان لەسەرجەم مەڵبەندەکان هەڵبژاردنی دۆڕاند! ئیتر بریاریدا دەست بکێشتەوە، و دەزگای راگەیاندن دروست بکات. بۆ ئەو مەبەستەش داوای دە ملیۆن دۆلاری کرد لەگەڵ گردەکە، لەرێگای بارەگای چاودێری داراییەوە لە ئەنجام مام جەلال بە زوویی پەسندیکردو جیا بۆوە. لە ٢٠٠٩ لە رێگای بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لیستێکی راگەیاند بە ناوی بزووتنەوەی گۆڕان؛ ئیتر بەهۆی یەک لیستی یەکێتی و پارتی، و وە کارکردنی مام جەلال بۆ دەرچونی مسعود بارزانی بە سەرۆکی هەرێم، و نارەزایی گەورەی خەڵک لە سیستەمی فەرمانڕەوایی، توانی ٢٥ کورسی بەدەستبهێنێت. لێرەوە گۆڕان توشی گرفتی دۆزینەوەی ناسنامە بوو، بەڵام چونکە لە بنەمادا ئامانج و باوەرێک نەبوو تا هەوڵی بۆ بدەن و پێی بگەن، لەو رێگایەوەش ناسنامەی خۆیان دیاری بکەن؟ ئیتر کەوتنە کۆکردنەوەی حەشامات ئەو کۆکردنەوەیە وایکرد پشت بە وتاری پۆپۆلستی ببەستن، و ئەوەش سەرەتای رەگ داکوتانی ئەو گوتارە بوو، بۆ دواتری هەرێم، لێرەوە کەوتنە کۆکردنەوەی عەلمانی و ئیسلامی و شەوان لەگەڵ روناکبیران کۆدەبۆوە بە رۆژیش بەرماڵ و قورئانی ماچ دەکردو تەکیەو مزگەوتی بەسەر دەکردەوە. لەولا بانگەوازی بۆ پاراستنی مافی کرێکاران دەکرد، لەولا خەریکی دروستکردنی تابلۆ مۆڵ و کارگەی چیمەنتۆ و دڵداری بوو لەگەڵ سەرمایەداران. ئەوە سەرەتایەک بوو بۆ لێدان لە بزوتنەوەی راستەقینەی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ خۆکردانە (سروشتی خۆرسکانە) لە هەرێم دروست ببوو، ئەو هات ئەو بزوتنەوە خۆکردەی قوت داو کردیە قوربانی سیاسەتی تۆڵەکردنەوە لە سکرتێری یەکێتی. دوای گوتارە پۆپۆلیست و پاوانخوازییە جەماوەریەکە هەڵسا بە دۆزینەوەی دەیەها کارەکتەری لاواز و بۆش ولاواز، و کردنیان بە رەمز بۆ بزوتنەوەکەی، کە دواتر ئەوانە بۆ خەڵک ئاشکرا بوون کە بۆش و خۆفرۆشێک بوون. بەڵام نەوشێروان مستەفا بەمەبەست ئەو کارەی دەکرد! چونکە دەیویست بە رکابەرەکانی بڵێت لە یەکێتی کەمن فەرمانرەوایەتی ئێوە سوک دەکەم لە رێگای خەڵکی سوک! وە من خۆم خاوەن هێزی راستەقینەی جەماوەرم بۆیە کەسێک گەر هیچ بەهایەکی کۆمەڵایەتیشی نەبێت، من لە پشتی بم دەری ئەچوێنم وە سەرکەوتوش بوو لەو کارە. بەهاری عەرەبی لە ساڵی ۲٠۱۱ هاوکارێکی باشی بزوتنەوەکە بوو، تا تەمەنی درێژتر بێت و خەڵک هەست بکات وەک وڵاتانی تری عەرەبی یەکێتی و پارتی دەروخێن وبزوتنوەی گۆڕان دەسەڵات وەردەگرێت. ئەو بزوتنەوەیە لەسەرەتاوە فاشیەتی بە روونی دیار بوو، بەڵام خراپی یەکێتی و پارتی وای لەخەڵک کرد چاوپۆشی بکات. هەموان لە بیریانە لە دوای شەش مانگ لە دەست بەکاربوونیان لە پەرلەمان د.زانا و د.شاهۆ. د.جعفر و دکتۆرە پەریهان دەست بکێشنەوە بەهۆی گوێ نەگرتن لە داواکانیان! و دوورکەوتنەوە لە وتاری پۆپۆلستی. دوای چوار ساڵ لە ئۆپۆزسیۆن بوون نەوشێروان مستەفا سەردانی سەری رەشی کردوو، لەگەڵ مسعود بارزانی بۆ چوار ساڵ ئارامی شەقام رێک کەوتن. ئیتر لێرەوە ئەو بزوتنەوەیە توشی هەڵوەرین و هەڵگەرانەوەو سەنگەر گۆڕین بوو، لێرەوە وتاری من بۆ هەموتانم چیتر کاری نەکرد. واتە سێ ساڵ بەر لە مەرگی نەوشێروان ئەو بزوتنەوەیە هەڵوەری وە ئەوە هەڵەیەکی مێژووی و لۆژیکیە کە هەندێک خەڵک دەڵێن بەهۆی مەرگی نەوشێروان گۆڕان وای لێهات.! هەموو کەس دەزانێت بەر لە نەخۆش کەوتنی مام جەلال بەیەکەوە کۆ بوونەوەو رێک کەوتن گۆڕان و یەکێتی یەک بخەن. هەر ئەوەش بوو کە دوای نەخۆش کەوتنەکە گۆڕان و یەکێتی رێکەوتنی ستراتیجی بکەن و کار بۆیەکخستنی فراکسیۆنەکان بکەن. ئیتر ئەوەی ئەمرۆ روو دەدات بەرهەمی کارو خەباتی نەوشێروان مستەفایە لە سەرەتای دروست بوونی بزوتنەوەکە، چونکە گەر هزر ئامادەی نەبوو لە کۆکردنەوەی گروپێک لە چواردەورەی پارتێک یان بزوتنەوەیەک ئەوا ئەنجامەکەی هەر هەڵوەشانە. لە کۆتاییدا راستە بزوتنەوەی گۆڕان بووە نمونەیەکی سەرنەکەوتووی سیاسی لە مێژووی ساسی هەرێم، و تەواو بوو. بەڵام تا ئایندەیەکی زۆر بووە هۆکاری نائومێدکردنی خەڵکی کوردستان لە دروستبونی بەرەی ئۆپۆزسیۆن، و هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی تەمەنی یەکێتی و پارتی و درێژکردنەوەی فەرمانڕەوایان.
**********