بە ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگە کاری زلهێزەکانی سەرمایەداریە؟!… نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
قەیرانەکانی سەرمایەداری جیهانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی قوڵتر دەبنەوە. نیولیبرالیزم شکستی هێناوە کەجیهان وا لێ بکات لەگەڵ قەیرانەکاندا هەڵ بکات. بۆیە ڕێگایەکی تر دەکرێ چاکتر بێت بۆی ئەویش پەرەدان بە ئایین بەگشتی و لە نێو ئایینەکانیشدا ئیسلام لە هەموویان کارساز ترە. کاتێ قەیرانی ئابوری ڕوودەدات قازانج و سەرمایە بۆ سەرمایەداران کەم دەکات، پێویسە تێچوووی هێزی کار کەم بکرێتەوە و هاوکات دەبێ تێچووی کەرەسەی خاو کەم بکرێتەوە، دەبێ بازاڕی تازە بدۆزرێتەوە بۆ سەرف کردنی کاڵاکان. سەرمایەداری بێجگە لە پەنابردن بۆ زیرەکی دەستکرد وڕۆبۆتەکان پێویستە ڕێگایەک پەیدا بکات بۆ ئەوەی هێزی کاری هەرزانی دەست بکەوێ و بۆ ئەوەی کەرەسەی خاوی بە کەمترین تێچوو دەست بکەوێ و بۆ ئەوەی بازاڕی دەست بکەوێ ئەوەش لە ڕێگای ڕازی کردنی مرۆڤەوەیە بۆ ئەوەی مل بدات بەم پێداویستیانە، ئەویش پەنا بردنە بۆ خورافاتە دینیەکان. چونکە لەدینەکاندا خەڵک دەترسێندرێ بەوەی کە هەر جۆرە نارەزاتیەکیان هەبێ بەرانبەر بەم سیستەمە دەسووتێنرێ بە ئاگری دۆزەخ، ئەم ترسە زۆر گرنگە بۆ سەرمایەداری و قەیرانەکانی و دەبێ ئەم سیستەمە چی بخوازێت خەڵک جێ بەجێ ی بکات. دین بەخەڵک دەڵێ هەرچی هەیە ئێستا کاری خودایە وخودا ڕازی لەسەرە، لەکاتێکدا ئەوەی هەیە سیستەمێکی چاوچنۆکی چینایەتی هێناویەتی بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی نەک خودا. شەڕو کوشتار سەرمایەداری دروستی کردووە نەک خودا، ئەگەر هەژاری و برسیەتی و گرانی وبێکاری و ئاوارەیی هەیە هۆکارەکەی سیستەمی ئابوری چینایەتیە، نەک خودا ئەگەر لافاو بوومەلەرزەو کارەساتی گەورە دەخوڵقێنێ قەزاو قەدەری خودایی نییە، سەرمایەداری دەتوانێ بەر بەم کارەساتەنە بگرێ ئەگەر سەرمایەکەی بەکار بێنێ بۆ بەرگری لەو کارەساتانە. ئەم جەنگ و کوشتارانە، زلهێزەکان بەرپای دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک ئاوارەی وڵاتانی دەرەوە بن و ناچار بن بەکرێ ی هەرزان کاریان بۆ بکەن، یا لە لایەکی ترەوە بۆئەوەی زلهێزەکان خۆیان بگەیەننە ناو وڵاتانی جەنگ و وەک فریادڕەس خۆیان پیشان بدەن بۆ دەست بەسەرا گرتنی بازارو کەرەسەی خاوی ئەو وڵاتانە. بۆ ئەم مەبەستەش ئەمان پێویستیان بەوەیە خەڵک هۆشیار نەبێ و یەکگرتوو نەبێ تا کاری خۆیان بە ئەنجام بگەیەنن. باشترین کارێک کەدەبێ بیکەن پێکهێنانی تاقم و گروپ و حیزبی سیاسی ئیخوانی وسەلەفیە تاخەڵک بێ ئاگا بکەن و بە خەڵک بڵێن هەرچی هەیە کاری خودایە و خودا لەدنیای دوای مردن پاداشتان ئەداتەوە بەڵام ئەمڕۆ هەژاری وگرانی و برسیەتی ئاوارەی بچێژن ئەوە تاقیکردنەوەی خودایە. ئەگەر ئەمە قبوڵ بکەن ئەوا ئێوەی خواناس و تۆبەکار دەچنە بەهەشت وئەگەریش قبوڵی نەکەن دەچنە دۆزەخ. بەم شێوەیە کۆمەڵگەکان ئیسلامیزە دەکرێ بە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ. ترامپ ئێستا دەیەوێ لە وڵاتەکەی خۆی پەرە بەدینەکەی خۆی بدات و لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست پەرە بە جوو وئیسلامیش بدات وەک خۆی زۆرجار ئەوەی وتوە دەبێ بەر بەخەتەری کۆمۆنیزم بگرین. هەروەکو پێشتر زۆر لەسەرکردەکانی سی ئای ئێن دانیان بەڕاستیانەدا ناوە کەدەستیان هەبووە لە دروستکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستە ئیسلامیەکان، ئەم دەستە تا ئێستایش هەر درێژەی هەیە تەنها شێوەی کارکردنی دەگۆڕێ بۆ نموونە کاتێ ماهیەتی ڕێکخراوە تیرۆیستیەکان بۆ خەڵک دەردەکەوێ کەچەندە قێزەون و دژی مرۆڤایەتین ئیتر لەدژی ئەمانە دەوستێتەوە لە ڕێگای قەتەرو سعودیە و وڵاتانی خەلیجەوە کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی ئیسلامی سیاسی بێ چەک وەک سەلەفی و ئیخوانیەکان. زلهیزەکانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا زیاتر لە ٣٠ ساڵە ئەم پرۆسەی ئیسلامیزەکردنەی کۆمەڵگەکانیان دەست پێکردووە وتائێستایش بەردەوامن. هەروەک (خواجە یوسف) وەزیری بەرگری پاکستان لەم ڕۆژانەدا دانی بەوەدا نا کە لەسەر خواستی وڵاتانی ڕۆژئاوا سێ دەیەیە هاوکاری و کۆمەکی گروپە تیرۆریستەکان دەکەن. هەر لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا زۆر گرنگی بە ئایین دەدرێ بە تایبەت ئیسلام، چونکە وەک وتم ئیسلام گونجاوترین ئایینە بۆ قەیرانەکانی سەرمایەداری لەشکرێک لە کاری هەرزانی لێ دەست دەکەوێ و خەڵکیش هان دەدات کە ئەم سیستەمە قبوڵ بکەن و هەقی هیچ ناڕەزایەتی و ڕاپەرین وشۆڕشێکیان نەبێ وەک ئەوەی کۆمۆنیزم و ئانارشیزم دەیەوێ، واتە بە بەردێک دوو چۆلەکە دەپێکێت:
یەکەم تێچووی هێزی کار کەم دەکاتەوە و دووەم ڕازی بوون بەم بارودۆخە سەختەی ئێستا مسۆگەر دەکات. لە تەواوی جیهاندا ئەم دوو ئامانجە بۆ سەرمایەداری زۆر گرنگە لە پاڵیشدا بردنی کەرەستەی خاوی وڵاتان وەک نەوت و غازو و کانزاکان و وە پەیدا کردنی بازار بۆ کاڵاکانیان ئەمانە فاکتۆرن بۆ ئەوەی وڵاتانی سەرمایەداری زلهێز هاوکارو یارمەتیدەر بن بۆ ئیسلامیزەکردنی وڵاتان و لە نێویشیاندا کوردستان. زۆر جار ئەو ڕەخنەیە لە خەلکی کوردستان دەگیرێ لەو بارەوە کە خەڵکی کوردستان خۆی ئیسلامیزە کردووە. لە ڕاستیدا ئەوە خەڵکی کوردستان نییە بەتەنها تووشی ئەم بەڵایە بووە، ئەوە وڵاتانی عەرەبی و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ڕۆژهەڵاتی ودوورو ئەفەریقاشە. تەنانەت وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریکاو کەنەداشە هۆکاری ئەمەش هەر ئەوەیە کە پێشتر باسم کرد کە ئیسلامیزە کردن پێداویستیەکی گرنگی سیستەمی سەرمایەداریە، چونکە لەم ڕێگایەوە قازانج و کەڵەکەی سەرمایە مسۆگەر دەکات، لەوماوەی پێشوودا میدیاکان بڵاویان کردەوە سەرەڕای قەیران و گرانی و بێکاری و هەژاربوونی زۆر زیاتر بوونی خەڵکی لە جیهاندا سەرمایەی ملیاردێرەکان گەیشتە ٦٢٥ ملیار و بە ڕێژەی لە ٢٠٪ زیادی کردووە. ئەوەی یەکێ لە هۆکاری سەرەکی ئەم بارودۆخەی ئێستای بورژوازی دونیایە لە ڕێگای زلهێزەکان خۆیانەوە چ لە ڕێگای دەسەڵاتە مەحەلیەکانەوە گرنگی دانە بەدەستەوتاقمە دینیە جیاوازەکان و بەتایبەتییش ئیسلامیەکان. پارەو ئیمکانیات و مزگەوت و زانکۆ و قوتابخانە و سەنتەریان بۆ دەکەنەوە تا خەڵک زیاتر جۆش بدەن بە لای ئەم دەستە وتاقمە ئیخوانی و سەلەفیانەدا. وە مرۆڤ وا لێ بکەن بیر لە گۆڕانکاری ڕیشەیی و ناڕەزایەتی وشۆڕش وڕاپەڕین نەکاتەوە. بەڵگەش بۆ ڕاستی ئەمە ئەوەیە کە ئێستا زۆرترین کەس لە ژنان بوونەتە حیجاب و بوونەتە ئیسلامی و زۆربەی پیاوان و گەنجان منداڵانیش ڕوو لە مزگەوت دەکەن، بەڵام لەولاشەوە خراپترین بارودۆخی ئابورری و کۆمەڵایەتی لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە سەپێنراوە، خەڵکیش بێ دەنگە و تەنها دوعا ئەکرێ بۆ چاک بوون و گۆڕان لە جیاتی نارەزایەتی وڕاپەڕین و شۆڕش، ئیسلامیەکان دەڵێن لە ٩٨٪ ی خەڵک موسڵمانە باشە ئەگەر وایە دین بۆ مرۆڤایەتی یە بۆ ناتوانێ بەو ڕێژەو گەورەوە گۆڕانکاری بکات بە پێچەوانەوە بارودۆخ و ژیانی خەڵک لە وڵاتانی ئیسلامی زۆر خراپترە و خەڵک هەژارترەو بێ خزمەتگوزاریە و ئازادی بوونی نییە بۆیە قسەی ئیسلامیەکان پووچەو لە قازانج وبەرژوەندی سیستەمی سەرمایەدارییە. ئەگەر نیوەی ئەو ڕێژەیەش خەڵک کۆمۆنیست و هۆشیار بوایە بەدڵنیاوە گۆڕانکاری زۆر گەورە ڕووی دەداو خەڵک لەم بارودۆخەی ئێستایدا نەدەژیا.