یەکی ئایار و تایبەتمەندی و خواستەکانی چینی کرێکاریی کوردستان…

0

یەکی ئایار بۆ چینی کرێکار، رەمزی بەرەنگاربوونەوەی چینی کریكاری جیهانییە بەدژی نیزامی هارو چاوچنۆکی سەرمایەداری جیهانی. ڕۆژی نەفرەت و ڕەتکردنەوەی چەوساندنەوە و بێمافی و هاوکات هێمای هاوپشتی  وهاوچارەنووسی و رەتکردنەوەی ناسنامە قەومی و دینی و جیاوازی رەگەزیییە. هێمای خستنەرووی تواناییەکانی چینی کریکارە بەرووی هەلومەجی و باو و کەمایەتیەک کە پاوانی نان و ئازادی و ژیان و گوزەرانی چینی کرێکارییان کردووەو بۆ پاراستنی ئەم پێگەو هەڵاواردنە چینایەتیەش… جەنگ و میلیتاریزم و کۆنەپەرستی و فاشیزم و راسیزم و بێمافی و سەرکوتی بەردەوام و وەستانەوە بەرووی کاری ڕیکخراودا، تایبەتمەندی ئەم نیزامەیە.

بۆرژوازی لە بەرگی عەسکەرتاریەت و حکومەتی پۆلیسی و دیکتاتۆریدا بێت، یان ئیسلامی و قەومی و لیبرالیزم و لیبرالیزمی نوێ و دیموکراسی خاوەنی تایبەتمەندییەکی هاوبەشە، کە کەڵەکەی سەرمایەیە لەسەر دزینی دەسترەنج و ماندووبونی چینی کرێکار… بۆ چینی کرێکاریش بە هەمان شێوە لە هەر جێگاو گۆشەیەکی دنیا بێت، وەستانەوە بەرووی ئەم دزی و چاوچنۆکییەی سەرمایەدا، تایبەتمەندی و خاڵی هاوبەشی چینی کریکارە.

بەجیا لەو تایبەتمەندییە گشتیانە بۆ چینی کریکاریی جیهانی، هاوکات چینی کریکاری هەر وڵات و دەوڵەتێک لەگەڵ تایبەتمەندیەکانی ئەو نیزامەش رووبەڕوەو بەجیا لەخواستە هاوبەشەکان، خواستی تایبەت بەخۆیشی هەیە، کە رەنگدانەوەی هەلومەرجی هەرکام لەو ولات و دەوڵەتانەیە.

چینی کرێکاریی کوردستان، بەجیا لە داخوازییە گشتی و هاوبەشەکانی لەگەڵ هاوچارەنووسەکانی لە ئاستی نێونەتەوەییدا، خواستی تایبەتی خۆی هەیە. چینی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتێکی تایبەتی بەرەو ڕووە، دەسەڵاتێک کە هێشتا کار بەیاساکانی رژێمی بەعس دەکات یانیش سەرچاوەی یاساکانی لە یاسای بەعس وەرگیراوە… چینی کریکاری کوردستان لە هەرێمێکدایە کە دابەشی دوو زۆن، کراوە… کار دەستکەوتن هیشتا پێویستی بە پسوڵە و پشتیوانی حزبە. ئازادی رێکخراوبوون بە کۆمەڵێک رێگری و ترساندن لە قاڵب دراوە و ڕێی لێگیراوە… هەر نارەزایەتی و مانگرتنێکی کرێکاری رووبەرووی سەختی و جیا لەوانەش مەترسی سەر کار دەرکردنی بەدواوەیە. ئەمنیەتی کار لاواز و شوێنی کار ناسالمە. باسێک لە بیمەی بێکاری و تەندروستی نییە، بەشێکی بەرین لە چینی کرێکار گرێبەستی هەمیشەییان نییە و هەمیشە لەبەردەم حەربەی بێکارکردندان. جیاوازی کاری ژنان و پیاوان، راستیەکی حاشاهەڵنەگرە. موچەی بەشێک لە ئوردوی چینی کرێکار دوادەخرێت و نادرێت. موچە بە شێوەی گشتی نزم و لە ئاست وەڵامدانەوە بە خواستە زۆر سەرەتاییەکانی چینی کریکاردا نییە، کرێکارانی هاتوو هەم رووبەرووی هەڵاواردن و هەم موچەیان کەمتر و هاوکاتیش وەکو سەرچاوەی بێکاری بۆ کرێکارانی کوردستان لێیان دەروانرێت. هەموو ئەوانە دۆخی چینی کرێکارییان لەگەڵ سەختیەکی یەکجار زۆر رووبەڕووکردۆتەوە. ئەم واقعیەتە تاڵەش لەهەر ئایارێکدا چینی کرێکاریی روبەرووی داخوازی و ویستی تایبەتی کردۆتەوە. چینی کریکار لە کوردستان لەم هەلومەرجەدا هەم ناچارە رووبەرووی دەسەڵاتی سیاسی ببێتەوە کەبەهۆی ناسنامەی حزبی و سیاسی درز دەخاتە ریزی کرێکارانەوە. هەم دەبێ رووبەرووی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و چەکداریی ببێتەوە لە جێگای حکومەتێکی سەراسەری و دامەزراودا… کە ئەمانە لەزوربەی زۆری دنیادا ئاسەوارێکیان نەماوە. جیا لەوانە چینی کریکار لە کوردستان بەهۆی بێبەشی لە ڕیکخراوەی سەربەخۆی خۆی و یاساکارێکی پێشرەو، ناچارە، خواستی ئازادی ڕیکخراوبوون و یاسا کارێکی پیشرەو بکاتە داخوازی دەستبەجێ و لەگەڵ خواستی ئەمنیەتی شوێنی کار و زیادکردنی موچە و بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکان و بیمەی بێکاری بۆ کەسانی ئامادەبەکار لێک هەڵبپێكێ…

بژی یەکی ئایار… رۆژی هاوپشتی نێونەتەوەی چینی کرێکار و رۆژی ‌هێنانە مەیدانی داخوازییە سەرەکیەکان و بریاری داسەپاندنی بەسەر بۆرژوازی و کۆمپانیاکاندا. 

عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.