بەغیلی بردن بە فەلەستینی!… نووسینی: میرۆ عەبدوڵکەریم

0

مەریوان وریا قانیع هەرچەند پێی وایە کە “بەراوردکردنی تاوانە گەورەکانی مێژوو بەیەکتری دەشێت جۆرێک لە ناهەقی تێدابێت، چونکە هەر تاوانێک هەڵگری تایبەتمەندێتی خۆیەتی و رەنگە راست نەبێت بەیەکتری بەراورد بکرێن. دەشێت مەبەست لە بەراوردکردنەکەش بچوککردنەوە و کەمکردنەوەی نرخی ئەم تاوان بێت بەرامبەر بە گەورەکردن و نرخاندنی زیاتری، ئەویتریان” کەچی هەڵدەستێت بە بەردواردکردنی تاوانی ئەنفال و غەزە، چونکە پێی وایە “بەراوردکردن ئامرازێکیشە بۆ تێگەیشتنی باشتر، دەتوانێت هەندێک رووبەری تازەمان لەسەر ئەو تاوانانە بۆ بخاتەڕوو کە روویانداوە. لەوانەش بۆ نموونە بڕ و ڕادەی دڵرەقیی و نائینسانیەت و رقی وێرانکەرانەی ناو هەر یەکێک لەو تاوانانە.” هەمو ئەو ڕوبەرەی کە بەراوردەکە پێشکەشمانی دەکات، سەرەڕای مەترسیەکانی سەرەوەی، ئەوەیە کە ناتانیاهۆ لە سەدام میهرەبانترە و زایۆنیزم لە بەعسیزم بە ڕەحمترە! سەرەتا دەبێت بڵێم “بڕ و ڕادەی دڵڕەقی و نا ئینسانیەت و ڕقی وێرانکەر“ کۆمەڵێک وشەن کە توانای ڕونکردنەوەی سیاسەتی دەوڵەتیان نییە و جۆرێکن لە بە سایکۆلۆجیاکردنی سیاسەت.  هیتلەر دڵڕەق و نا ئینسانی و خاوەن ڕقی وێرانکەر بو، بەڵام گەر لە بری سەرۆکی یەکێک لە پيشکەوتوترین دەوڵەتە سەرمایەداریەکانی سەدەی بیست مامۆستای مەکتەبێک بوایە ئەوا دەیتوانی ئەوپەڕەکەی دارکاری خوێندکارێک بکات یان گوێچکەی ڕاکێشێت. لێکۆڵینەوە لە دڵڕەقی هیتلەر ناتوانێت پێمان بڵێت چۆن دەوڵەتێک توانی بە ملیۆنان مرۆڤ بە سیستەماتیکی ترین و پێشکەوتوترین شێوە ڕەوانەی کامپەکانی مەرگ بکات. چەندین دەوڵەت و سەرۆک دەوڵەت و میلیشیا هەن وەک هیتلەر و نازییەکان خاوەن ڕقی وێرانکەرن، بەڵام هەمو شانازیان ئەوەیە کە بتوانن لە ڕۆژێکا دەوڵەتی ئیسرائیل غافڵگیر کەن و چەن سەد مەدەنی و سەربازێک بکوژن. لە بەرامبەردا دەوڵەتێک یان فەرمانبەرانی دەوڵەتێک دەکرێت کەسانی ئاسایی و میهرەبانیش بن، بەڵام باوەڕیان بە زەرورەتی ئەو کار و ئامانجەی کە دەیکەن یان خەباتی بۆ دەکەن بیانویان بەدەستەوە بدات بۆ ئەنجامدانی تاوانی گەورە گەورە. فەرماندەیەکی سەربازیی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت من ڕقم لە عەرەبی بەدەوی نییە بگرە بۆ هاوڕێیەتی ئەوانم پێ باشترە لە جولەکەی لوتبەرزی شاری، بەڵام هەمان ئەفسەر پێی وایە دەوڵەتێک بۆ مانەوەی جولەکە حەتمیە و لە پێناویدا دەبێت تاوانیش ئەنجام بدرێت، دەڵێت جولەکەیەکی نازیی زیندو بم باشترە لە قەدیسێکی شەهیدکراو. خودی ڕەهەندیەکان بڵاوکەرەوەی سەرەکی تێزی تاوانبار وەک بیرۆکرات و فەرمانبەر بون و بەم تێزەش هەندێ ڕەهەندی ئەنفالیان دەخوێندەوە. مەریوان وریا قانع خۆی کاریگەرە بە هانا ئارێنت کە لەسەر ئایشمانی نوسیوە و باس لە “سادە و ساکاری خراپەکاران” دەکات. تێزێک کە تا حەدی ئاسایکردنەوەی نازیزم بە بازاڕی کراوە، ئێستا لەبەرچی دێت بەراوردی دو کۆمەڵکوژیی دەکات تاوەکو بۆمان دەرخات جەلادێک لەوی تریان میهرەبانتر و بەبەزەییترە!! دواتر دەڵێت غەزە تەنها نییە و چەندین هێز خۆشحاڵانە پێوەی خەریکن، بەڵام “ئەنفال تاوانێکە بەرامبەر بە میلەتێک، کە نەدەبینرا، بە بێدەنگیی و بەبێ هیچ بەدەمەوەچونێک دەکوژرا و لەناودەبرا”. با منیش یەک دو بەراورد بکەم: زیاتر لە نیوەی بگرە سێ لەسەرچواری دانیشتوانی فەلەستین لە ١٩٤٨ لەسەر خاکی خۆیان دەرپەڕێندران و ببڕای ببڕ ڕێگەیان پێنەدرا بگەڕێنەوە بۆ سەر خاکی خۆیان. فەلەستینی لە خاوەنی خاکێکەوە دەبن بە گەورەترین نەتەوەی ئاوارە لە جیهاندا. خۆشحاڵانە کۆڕەوی ملیۆنیی کورد هەموی ساڵێکی نەبرد بوە هۆی ئازادبونی بەشێکی خاکی کوردستان و دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین و گەڕانەوەی خەڵکی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. زایۆنیزم کە بەرپرسی نەکبەی ٧٧ ساڵە و بەردەوامی فەلەستینیەکانە ئێستا لە هەمو کاتێکی تر باڵادەستی سەربازی هەیە لە ناوچەکەدا و توانای دەیان تاوان و کۆمەڵکوژیی دیکەی هەیە، زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و یەکیەتی ئەوروپای لە پشتە، دەوڵەتی ئیسرائیل وەک ئەوروپایەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیردەکرێت، میدیا نەزمخوازەکان لە تەواوی دنیای فاشیدا هەوڵی بەلەسەر حەق بون یان بێوەی دەرخستنی زایۆنیزم و دێواندن و نادیدەکردنی فەلەستینیەکان دەدەن، هەرچی بەعس و سەدامە خۆشحاڵانە هەر دوای سێ ساڵ لە ئەنفال تڕۆ و ڕسوا بون، هیچ دەهۆڵکوت و پارێزەرێکیان لە ناوەندە گەورەکانی جیهاندا نییە، تاوانبارانی سەرەکی ئەنفال ( سەرەڕای نیوە ناچڵی پرۆسەکە و دیزەبەدەرخۆنەکردن) بە سزای خۆیان گەیەنران، لە کاتێکدا تاوانبارانی زایۆنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیان پێدەدرێت و وەک پارێزەری شارستانیەت لە بەرامبەر بەربەریزم دا سەیر دەکرێن. مەریوان وریا قانیع ئەو بەشەی دنیا دەبینێت کە هاوسۆزی فەلەستینە، بەڵام ئەو بەشە گەورەی دنیا نابینێت یان دەربارەی نادوێت کە کاری دێواندن و شاردنەوە و سڕینەوە و بێکەسکوژکردنی فەلەستینیەکانە. خۆخەریککردنی پان عەرەبیست، ئیخوان، سەدام، خومەینی و خامنەیی، ئەردۆگان و دەیان دیکتاتۆری دیکە بە فەلەستینەوە جگە لە ڕیتۆریکێک لە خزمەتی بەهێزکردنی پایەی خودی ئەم هێزانەدا چی سودێکی بۆ خەڵکی فەلەستین هەبو وە لە کام میحنەتی ئەو خەڵکەی کەمکردەوە؟ سەبارەت بە پشتیوانی جیهانیش دەڵێم: کەسێک لەناو ئاگردا هەڵقرچێ و کەسی بەدیارەوە نەبێت حاڵی ڕەنگە باشتر بێت لە کەسێک کە بەبەرچاوی حەشاماتێکی بێ دەسەڵاتەوە هەڵقرچێ. بەراورد زۆرە بۆ کردن، بەڵام من بە پێچەوانەی دێڕەکانی دواتری مەریوان وریا قانیعەوە پێم وانییە ئەم جۆرە بەراوردانە هیچ ڕوبەرێکی فێربونی تیا بێت و پەڕەگرافی یەکەمی نوسینەکەی دوبارەدەکەمەوە بە بێ ڕەنگە و دەشێت و هەمو ئامرازێکی بە ڕێژەیکردن و دەڵێم: “بەراوردکردنی تاوانە گەورەکانی مێژوو بەیەکتری ناهەقیە، چونکە هەر تاوانێک هەڵگری تایبەتمەندێتی خۆیەتی و راست نییە بەیەکتری بەراورد بکرێن. مەبەست لە بەراوردکردنەکەش بچوککردنەوە و کەمکردنەوەی نرخی ئەم تاوانە بەرامبەر بە گەورەکردن و نرخاندنی زیاتری، ئەویتریانە” بۆیە داوای لێبوردن دەکەم لە هەمو کەس و کاری ئەنفال و قوربانیانی دیکەی بەعسیزم لە نەتەوەی کورد سەبارەت بەو بەراوردە ناقۆڵایانانەی سەرەوە، سوچی من نییە و مەریوان وریا قانیع پێی کردم، وە گەرنا من لە بری بەغیلی بردن بە قوربانی هەوڵی ناسینی جەلاد دەدەم.

Leave A Reply

Your email address will not be published.