گوڵی وەنەوشە 

0

 

ڕەنگە،

 بەلای گوڵفرۆشێکا تێپەڕیت

 بێئەوەی گوڵفرۆش دەنگ بەرزکاتەوە

هەوا،

بۆنی چەند گوڵێک بە کەپوتدا ئەپژێنێ

سەرەنجت بۆلای یەکیان، ڕابکێشێ

  تا بالۆنی سیپەڵانت درێژتین هەناسە هەڵبکێشیت…!

ڕەنگە

هەستت وابێت…

کە چاوەکانت وێنای گرتووە

  نا

خەیاڵێک،

قوڵ و

 سەرێکی پڕ لەخەونی ئەرخەوانی…

   عەشقێکی یاخی…و

بیر خستنەوەی یەکەم وێستگەی

ڕۆژانێکە،

خولیا دەکەی …

 بۆ کڕینی چەپکێک

دەستدەکەی بە جانتاکەتدا،

 تا دراوێک دەربهێنیت، لە ناکاودا پەنجەت بەر

ئاوێنەی ئایفۆنەکە، دەکەوێت  و

 ڕەنگێکت نیشان دەدات

کە لە ڕەنگی هەموو گوڵەکان جیاوازترە

هۆشت سەرت پێ هەڵە گرێ …

 بۆلای ورتە ورتی دوو (ماسی  سوور)،

لە دەم گوێی ڕووبارەکا

کەنارێک

 بەدەم ئێوارەیەکەوە

 لە گەڵ دوو نەوڕەسی گەردن سپی و،

 دوو پەنجە شەپۆلی سەر هەڵگرتبوو،

فوو بە سینەی دەریادا دەکەن و جار بە جارێ

پرچو زولفی ئاو شانە دەکەن  ..

 لە بەر خۆتەوە…

 یەک دوو چرپە بۆ گوڵێک دەکەیت و

  پێیدەڵێت:

ئێ باشە، دەی بیدەم بەکێ …؟

گوڵ فرۆشەکە،

 گوڵ ناس و

 ڕەنگ ناس و 

چاو ناس و

 ڕووخسار ( ناس)ە  !!؛

فەرموو

ئەم چەپکە گوڵە

لە منەوە بۆ تۆ …

لە تۆ شەوە،..

بۆ ئەو کەسەی

کە  لە دڵتدایە و ساڵانێکە

هێلانەی ڕەنگێک

کەچڵوپۆی

 لە ڕەنگی  خۆتی …. هەڵچنیوە  .

 

 

هۆنراوەی: ڕێبوار حەمەشەریف

Leave A Reply

Your email address will not be published.