پرسی ڕۆژ یوسف زێدان و بەشداری نەکردنی لەپیشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر و پرسی ئازادی بیروڕا و پیرۆزییەکان… بەرێز فەتاح خەتاب وەڵامی دەداتەوە…

0

پرسی رۆژ: یوسف زێدان و بەشداری نەکردنی لەپیشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر و پرسی ئازادی بیروڕا و پیرۆزیەکان.

رۆماننوس ونووسەر و بیرمەندی میسری (یوسف زیدان)، پاش ئەوەی بڕیاربوو بەشداری پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب بکات لەهەولێر “رایگەیاند؛” بەداخەوە بەشداری پێشانگەی  نێودەوڵەتی کتێبی هەولێر ناکەم، راشیگەیاند، ئەوانەی هەڵمەتیان دژی ئەو بەرپا كرد پاشماوەی ئیخوانەكانن”.

دوای ئەوەی هەڵمەتێکی فراوان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کرا بەرامبەر یوسف زێدان لەسەر ئەوەی قسەی ناشیرینی بەیەکێک لەسەرکردە و کەسە پیرۆزەکانی مێژووی ئیسلام و کورد (سەلاحەدین ئەیوبی) گووتوە لەیەکێک لەگفتوگۆکانی تەلەفزیۆنی لەمیسر. هەروەها د.محمد رێکانی یەکێک لەدادوەرانی کوردستان سکاڵای لەسەر تۆمارکردوە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ٣٧٢ لەسەر رێزگرتن لەپیرۆزی وسونبولەکانی ئایینی مێژوویی ونەتەوەیی لەعێراق.

بۆ ئەم پرسە بەڕێز فەتاح خەتاب نووسەر وشانۆکارمان دواند و وەڵامی ئەم پرسیارەی داینەوە:

پرسی رۆژ: وروژانی ئەو پرسە بۆرێگەگرتن لەنەهاتنی یوسف زێدان بۆکوردستان، چەندە رێگریە لەرای ئازاد؟ هەروەها قسەکردن لەسەر پیرۆزیەکانی مێژوو و ئایینی نەتەوەیی چەندە لەبەرژەوەندی پرسی ئازادی بیرورایە؟

فەتاح خەتاب: خۆیشم وەك دكتور یوسف زیدان، لەو سكاڵا یاسایی و ئەو هێرشبردنەی بەلێشاوی ئیخوانەكانی كوردستان دژ بە ڕاو وبۆچوونەكانی لەمەڕ صلاح الدینی ئەیوبیەوە، كە بەر لە ٦ ساڵ لە كتێبەكانی تۆماری كردوون هیچی لێناكڕێنم، چونكە ئەو لێكۆڵەرە بیرمەندە لە باخەڵی خۆی دەرینەهێناوە، بەڵكو لە چەندین  كتێبە مێژووییەكانەوە کە لەم بارەوە خستویانەتە روو، ئەو خستونەتیە بەر باسەوە وهیچی تر. شایەنی ئاماژە پێكردنە، كە لەهەمان كاتیشدا كەناڵی الجزیرەی قەتەری، سكاڵایەكی یاسایی تر ی دژ بە د. ر یوسف زیدانەوە خستۆتەگەڕ. ئەوەش جێی سەرنج وتێڕامانە. دەبێ چی ئەو ٢لایەنەی لەم پرسە هاوبەشەدا كۆكردبێتەوە؟ كەچی هەموومان لەوە ئاگادارین، زۆر لەمێژە ئەو مێژوونووسە هەمیشە داكۆكی لەپرس و مافی نەتەوەی كوردا درێغی نەكردووە.
بە تایبەتی لە ڕۆژڕەشەكانی داعش وگەمارۆدانی شەنگال وخاپووركردنی شوێنەوارە مێژوویەكان وڕفاندن وسەبی كردنی كچ و ئافرەتانمان وهەرراج وهەرزان فرۆشتنیان لە وڵاتە عەرەبی وئیسلامیەكاندا بەرانبەر بەو تاوانە جەنگی ومرۆییانەدا، نقەیان لێوە نەهات. كەچی فەقێ و مەلا ئیخوانییەكانمان شەو وڕۆژ بۆ غەززە وتیرۆریستە بەكرێگیراوەكان خەویان لە چاو زڕاوە وهاوار دەكەن ودەڵێن ودەڵێنەوە (وەڵڵا وەڵڵا.. زمانی خودا، عەرەبیە) بەڵام لای زۆرینەیان، نەورۆز وئاهەنگێڕان وسەیرانكردن وسروودی ئەی ڕەقیب، كوفر وزەندەقەیە!!!
سەیرە كاتێ دەبینین ئەو ئیخوان وسەلەفی وسوڵكەرانەی كوردستان بوونەتە پاشاتر لە خودی پاشاكە.
لێرەدا بە باشی دەزانم، لێدوانەكەی ئەدۆنیس ی شاعیر وەبیربێنمەوە كە دەڵێ “ئەو بیرمەندە ئیسلامیانەی وەك ئیبن سینا والڕازی وئیبن هیثم وئیبن رشد وئیبن خلدون كە بەكوفر ولادەر لە ئایینی ئیسلامەوە تۆمەتبار كران، تەنیا ئەوانە خزمەت بە شارستانیەتی عەرەبی وجیهانیان گەیاندوە، تەكفیرچیەكانیش هۆكاری سەرەكی بوون لە كوشتن وبڕین وڕەدونان وشاربەدەركردنی فەیلەسووف وبیرمەندە عقلانی وعیلمانیەكان”.
گەر سەرنجی لێدوانەكانی ئەم دواییەی دكتور یوسف زیدان بدەبن كە ٣ پرسی گرنگی لە دیاردەی (پیشەی مێژوونووس وپیرۆزكردنی كەسێتی (تقدیس) ودووبارەنووسینەوەی مێژوو (بەدواداچوون وهەڵوەشاندنەوەی) زۆر لەو شتە قۆڕانە رزگارمان دەبێت. سەبارەت بە خاڵی یەكەم دەڵێ ” نابێ مێژوونووس بۆ ڕازیكردنی لایەنێك، ملی مێژووبشكێنێت. خاڵی دوەم: لە مێژوودا پیرۆز وتقدیسكردنی هەر كەسایەتییەك بێت، خیانەتی مێژوویی لێدەكەوێتەوە. خاڵی سێهەم: ئەمەش بەهۆی ترس وتۆقاندن ونەبوونی متمانە وبوێریی.. كەس نەیتوانیوە بە ئەقڵ و ویژدان و بەرپرسێتیەوە خاوەن هەڵوێست وبڕیار وقەڵەمەكەی خۆی بێت، بەڵكو تەنیا كۆپیكراوەیەكی فاڵسۆ ودرۆزنانە بێت. دەرئەنجامەكەیشی مێژوویەكی پڕ لە زێدەڕەویی وچەواشەكاریی وفسۆس پاڵەوانیمان بۆ ماوەتەوە. جا شەكسپیێر گوتەنی (دەبین یا نابین؟)

Leave A Reply

Your email address will not be published.