کابینەی دەیەم – هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ، یان نوێکردنەوەی گرێبەستی دابەشکردنی دەسەڵات له لايەن جووت بنەماڵەی یەکێتی و پارتی؟…نووسینی: رێبوار یاسین
بێ هۆکار نییە کە لە هەرێمی کوردستاندا بنەماڵەی یەکێتیی و بنەماڵەی پارتیی و پیاوانی بەردەستیان ئەو هەژموونە گەورەیەیان هەیە بەسەر ناوەندی سیاسییدا، وە سەرەڕای ئەوەی کە سێ دەیەیە جۆری خراپەکاریی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات نەماوە بە درشتترین شێوە مومارەسەیان نەکردبێت، کەچی ئێستاش لە هەڵبژاردن و دەنگداندا بەشی شێریان بەردەکەوێت و خەڵک بە لێشاو دەنگیان پێدەدات.
هەرێمی کوردستان بە ٣٣ ساڵ تەمەنەوە، دیسانەوە لە لێواری پێکهێنانی کابینەیەکی حکومی نوێدایە – ئەمجارەش وەک هەمیشە، پارتی و یەکێتی دوای چەند مانگێک لە گرژی و مانۆڕی سیاسی، پیدەچێت نزیک بن لە رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دەبێ بپرسین؛ ئایا ئەمەش خولێکی دیکەی هاوبەشیکردن، دابەشکردنی وەزارەت و بودجە و نفوزە – یان بوار و دەرفەتێکی تازەیە بۆ گۆڕانکاریی لە سیستەم و میکانیزمی حوکمڕانیدا؟
پێکهێنانی کابینەی دەیەم تەنها پرسێکی تەکنیکی و ئیداری نییە… بەڵکو قۆناغێکی یەکلایی کەرەوەی سیاسییە لە هەرێمێکدا کە ساڵانێکە لەگەڵ نادڵنیایی، بێهیوایی و خواست بۆ چاکسازیی و ریفۆرم دەجەنگێت!
ئەگەر راستگۆبین؛ دەبێ بپرسین ئایا هاوبەشی و هاوپەیمانی نێوان پارتی و یەکێتی تا ئێستا چی لێ بەرهەم هاتووە؟
سی ساڵ زیاترە هاوپەیمانی پارتی و یەکێتی هاوسەرگیرییەکی بەرژەوەندی فشۆڵە – هەندێکجار هەماهەنگ و زۆربەی جاریش کێبڕكێکاری یەکتربوون! ئەوەی لەم نێوانەدا نابینرێ؛ مۆدێلێکی حوکمڕانی یەکگرتوو، هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەکی نیشتیمانی هاوبەش و بوێریی هەنگاونانە بەرەو دامەزراندن و بەهێزکردنی یاسا و دامەزراوەی نیشتیمانی و نەتەوەیی، لەبری تەنها هەوڵدان بۆ پاراستنی هەژموون و دەسەڵات!
دەسکەوتەکانی ئەم هاوسەرگیرییە فشۆڵەی نێوان ئەم دوو حزبە تا ئێستا، لەبری حکومەتێکی نیشتیمانی بەهێز و یەکگرتوو، ئەمانە بووە:
- بیرۆکراسییەکی لاواز و دوو ئیدارەیی
2. هێزگەلی ئەمنی ژێر دەسەڵاتی حزبی
3. پەرلەمانێکی ئیفلیج
4. ئابوورییەکی لاواز و ناکارا
5. بێمتمانەیی لەنێوان خەڵک و حکومەت
کەواتە؛ کابینەیەکی نوێ پێکدێت، بەڵام بۆ چییە؟ ئایا بۆ خزمەتکردنی خەڵکە، یان درێژکردنەوەی دۆخی ئێستایە؟
جیهان و ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی خێرادایە، هەرێمی کوردستانیش ناتوانێ تەنها تەماشاکار بێ!
لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاکتۆرەکان خەریکن بیر لە مۆدێلی جیاجیای حوکمڕانی دەکەنەوە، وڵاتانی کەنداو خۆیان ئامادە دەکەن بۆ قۆناغی ئابووری دوای نەوت. حکومەتی فیدڕاڵی عێراق هەوڵی بەهێزکردنی مەرکەزییەت و جێگیرکردنی پایەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتێکی مەرکەزی دەدات. تەنانەت تورکیا و ئێرانیش هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا بگونجێنن!
لەم نێوەشدا؛ گەنجەکانی کوردستان بەردەوام کۆچ دەکەن یان بیر لە کۆچ دەکەنەوە، هیچ شتێک ئەوان بە خاک و سیاسەتەوە نابەستێتەوە، باوەڕیان بە دامەزراوەکان نەماوە و لە تاراوگەدا بەدوای کەرامەت و ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن! کەواتە، ئەو مۆدێلەی ئێستای سیاسەت و حوکمڕانی ناتوانێ وەڵام گۆی پێداویستییەکانی ئەم نەوەیە و خەڵکی کوردستان بێت!
کابینەی دەیەم دەبێت دووبارە رێکخستنەوەی ستراكچڕاڵی سیاسەت و ئیدارەی هەرێمی کوردستان بێت!
يەكەم: کارنامەیەکی راستەقینەی دژەگەندەڵی، نەک کۆمەڵێک لیژنەی بەتاڵ و بێ دەسەڵات!
دووەم: بیرۆکراسییەک لەسەر بنەمای توانایی و لێهاتوویی کادیرەکان، نەک مەحسوبییەت!
سێیەم: هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو، نەک هی حزب!
چوارەم. هەمەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات.
پينجەم . لێپرسینەوە و سەروەری یاسا.
دروستکردنەوەی کابینەیەکی نوێی حکومەت لەسەر بنەمای دابەشکردنەوەی وەزارەت و دەسەڵات و ئیمتیازەکان، هیچ شتێک بۆ باشتر ناگۆڕێ! پارتی و یەکێتی ئەگەر داهاتووی خۆیان و میللەت و هەرێمی کوردستانیان بۆ گرنگ بێ، دەبێ بیر لە گرێبەستێکی نوێی کۆمەڵایەتی بکەنەوە، کوردستان لەو چەقبەستووییە رزگار بکات!
کۆمەڵگە لە گۆڕاندایە – تەنانەت ئەگەر سیاسەتیش پێی نەگاتەوە!
خەڵک لەجاران وشیارترن، چاوکراوەترن و دەنگیان زیاتر دەگات. خەڵک داوای ماف و ژیان و کەرامەت دەکەن – دروشم و هوتاف و شانازی حزبی چیتر بەس نییە!
پارتی و یەکێتی دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە:
يەكەم: بەخۆیانابچنەوە و حوکمڕانیەکی باش دامەزرێنن.
دووەم: هیچ نەکەن، تەماشاکار بن و سەیری مێژوو بکەن چۆن بەجێیان دێڵێ!
بژاردەکە هی ئەوانە، بەڵام عاقیبەت و دەرئەنجامەکانی بۆ هەموو خەڵکی کوردستانە کە دەبێ بەرگەی بگرن!