قەرەقوشەکانی کوردستان؛ بەراوردێک لەگەڵ حوکمڕانی ئەمڕۆ … نووسینی: کارزان ئەحمەد
لە مێژووی ئیسلامیدا، بەهادین قەرەقووش وەک یەکێک لە پیاوانی سەلاحەدینی ئەیوبی ناسراوە. سەرەڕای پێگە بەرزەکەی و متمانەی سەلاحەدین پێی بەڵام بە بڕیارە نادادپەروەرەکانی ناوبانگی دەرکردووە. یەکێک لەو چیرۆکە بەناوبانگانەی کە دەگێڕدرێتەوە، چیرۆکی پیاوە دەوڵەمەندەکەیە کە کوڕەکانی هەوڵیان دا بە زیندوویی بینێژن. کاتێک قەرەقووش گوێی لە هاواری پیاوەکە بوو، لەبری یارمەتیدانی، بڕیارێکی سەیری دا و وتی:
چۆن دەکرێت ئەم هەموو خەڵکە درۆ بکەن کە دەڵێن تۆ مردوویت؟ ئەمە هیچ مانایەکی نییە و ئەوان زۆرینەن و ڕاست دەکەن.بەم جۆرە پیاوە دەوڵەمەندەکە دەبێت بە قوربانی فەرمانێکی قەرەقووشی.
ئەمڕۆ، دۆخی هەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی دوو بنەماڵەی حوکمڕاندا، زۆر لە حوکمی قەرەقووش دەچێت، بەڵکو خراپتریشە. خەڵکی کوردستان بوونەتە قوربانی بڕیارە نادادپەروەرەکانی ئەم دوو بنەماڵەیە کە بەبێ گوێدانە یاسا و ڕێسا، حوکم دەکەن.
نموونەی بەرچاوی ئەم نادادپەروەرییە:
مامۆستایان سەدان جار هاتنە سەر شەقام و داوایان کرد کە مووچەو مافیان پێبدرێت، بەڵام نەک مافیان پێ نەدرا بەڵکو حوکمی قەرەقوشیان بەسەردا سەپێندرا کە ئەگەر کەمتەرخەم بن سزا دەدرێن. وەک چارەسەرەکەی قەرەقوش چارەسەریشیان بۆ دانراو جارێک پێیان وترا هێندە چڵێس مەبن، دەست بگرن بە پارەکانتانەوە، جارێک داوایان لێکرا قاسە دابنێن و پارە کۆ بکەنەوە، جارێک ڕێنمایی کران کە پێویستە چاویان لە مووچە نەبێت و هەوڵ بدەن بۆ خۆیان ئیش بکەن و پارە پەیدا بکەن.
ئەو حوکمەی کە ئەو دوو بنەماڵەیە پەیڕەوی دەکەن بەبێ گومان بەمیراتی لە قەرەقوش بۆیان ماوەتەوە.
ئەگەر ئەوەی ئێستا لەکوردستان دەگوزەرێ هەمان حوکمی قەرەقوش نییە؟! باشە بە چ یاسا و قانونێک خەرجی خوێندنی کوڕی بەرپرسێکی وەک سەرۆکی حوکمەت یەکسانە بە مووچەی دە ساڵی فەرمانبەرێک و مووچەی بیست ساڵی خانەنشینێک؟!
لە کوێی دنیادا هەیە کەبیر لەخۆپشاندان بکەیتەوەو سزابدرێیت لەسەری؟!
چۆن دەکرێت وڵاتێک سەرچاوەی داهاتی هەبێت، بەڵام داهاتەکەی دیار نەبێت و خەڵکەکەی لە هەژاریدا بژین؟
لەکوێی دنیادا مانگ ٦٠ ڕۆژە؟
ئەم دۆخە پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی هەیە. خەڵکی کوردستان شایەنی ژیانێکی باشتر و سیستەمێکی دادپەروەرترن، نەک حوکمێکی قەرەقووشی وەک بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی کە مافە سەرەتاییەکانیان پێشێل دەکات..