کورتەیەک لەسەر شیعەکانی یەمەن و سەرهەڵدانی حوسییەکان…
ساڵانێکە پێشهاتەکانی بزووتنەوەی سیاسی- سەربازیی شیعەکانی یەمەن کە بە “حوسییەکان” ناسراون، بەستراوەتەوە بە ئێرانەوە. ئەم گرووپە زیاتر لە ١٠ ساڵە نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی یەمەنیان بەدەستەوەیە. بەڵام بەو پێیەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان دانیشتووانی زۆر چڕن، لە ڕاستیدا نزیکەی لەسەدا ٧٠ ی دانیشتوانی یەمەن لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا لە ژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندا ژیاون.
حوسییەکان کە بە فەرمی بە ئەنسار الله ناسراون، بەشێکی بەرچاوی کۆماری کۆنی یەمەنی عەرەبی کۆنتڕۆڵ دەکەن. ئەوان لە ساڵی ٢٠١٤دا دەستیان بەسەر سەنعای پایتەخت و ناوچەیەکی بەرفراوانی باکووری یەمەندا گرت. حوسییەکان گرووپێکی یاخیبووی موسڵمانی شیعەی زەیدییە و خەڵکی باکووری یەمەنن. بزووتنەوەکە لە ساڵانی نەوەدەکاندا وەک دژایەتییەکی ئایینی و سیاسی بۆ کاریگەرییەکانی سعودیە و ئەوەی کە بە گەندەڵی حکومەتی یەمەن و پەراوێزخستنی زەیدییەکان سەیریان دەکرد، سەریهەڵدا. بە تێپەڕبوونی کات و یارمەتی دەرەکی حوسییەکان بوونە هێزێکی یاخیبووی بەهێز.
بەهۆی بارودۆخی جوگرافیای تایبەتی یەمەن، حوسییەکان دەرفەتی ئەوەیان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر هێڵەکانی کەشتیوانی دەریای سوور هەبێت. دەرفەتێک بەتایبەتی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەکاریان هێناوە بۆ فشارخستنە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، ناتوانم بەرگەی ئەم دۆخە بگرم، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش سوپای ئەمریکا هەوڵی لاوازکردنی حوسییەکان دەدات بە هێرشی ئاسمانی بەردەوام.
لە ئەدەبیاتی زۆرێک لە دەسەڵاتداران و میدیاکانی ڕۆژئاوادا، ناوی حوسییەکان بەبێ ئاماژەکردن بە ئێران بەکارنایەت. ئەوان دەڵێن حکوومەتی ئێران لایەنگری سەرەکی گرووپی ئەنساروڵایە و ناوبەناو تاران بە پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سزاکانی سەر حوسییەکان تۆمەتبار دەکەن. ئێران هەمیشە ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام پشتیوانی تاران لە حوسییەکان نهێنی نییە.
لە ئێستادا ئێران تاکە وڵاتی جیهانە کە دان بە سەروەری ئەو گرووپە بەسەر بەشێک لە خاکی یەمەندا دەنێت و هاوشێوەی بەرپرسانی حکومەتی شەرعی یەمەن مامەڵە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنسارالله دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی – بە تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان – ئەنسار الله گروپێکی چەکداری یاخیبووە کە ڕاپەڕینێکی چەکدارییان لە دژی حکومەتی شەرعی یەمەن دەستپێکرد. پلانی زاڵبوون بەسەر باب المنداب بە پشتیوانیکردن لە یاخیبوونی حوسییەکان، ستراتیجێکی دیکەی ئێران بوو لەم ناوچە هەستیارەدا، کە کاردانەوەی توندی عەرەبستانی بەخۆیەوە بینی. هەر ئەمەش بوو کە سعودیە ئیتر بەرگەی نەگرت و بە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر یەمەن دەستی بەسەر هەموو ئەو زەویانەدا گرت کە هاوسنوورن لەگەڵ گەرووەکە.
پشتیوانی ئێران بۆ شیعەکانی یەمەن دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی محەمەد ڕەزا شا، ئەوکات ئێران لەگەڵ سعودیە و ئەردەن و ئیسرائیل لە شەڕی ناوخۆدا پشتیوانی شیعەکانی یەمەنیان دەکرد. شەڕی ناوخۆی یەمەن کە لە ساڵی ١٩٦٢ دەستی پێکرد و تا ساڵی ١٩٧٠ بەردەوام بوو. حکومەتێکی ئایینی کە لەلایەن “ئیمامێکی شیعەی زەیدی”ەوە بەڕێوەدەبرا و نەخشەی زەویەکانی لێکچوونێکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ نەخشەی زەوییەکاندا هەیە کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندان.
لەو کاتەدا حکومەتی ئیمامەتی شیعەی زەیدی کە چەندین سەدە حوکمڕانی یەمەنی کردبوو، ڕووبەڕووی کودەتایەکی سەربازی بووەوە کە کۆمارییە عەرەبییەکان – بە سەرکردایەتی جەمال عەبدولناسر، سەرۆکی میسر، پشتگیریان دەکرد بەڵام ئێران و سعودیە و ئوردن و تەنانەت ئیسرائیلیش پشتیوانیان لە پاشایەتی دەکرد، دواجار پاشایەتیخوازەکان لەلایەن کۆمارییەکانەوە شکستیان هێنا و دەسەڵاتی ئایینی ئیمامەتی لە یەمەن کۆتایی هات و کۆماری یەمەنی عەرەبی دامەزرا.
لەم کۆمارەدا، کە بە “باکووری یەمەن” ناسرا، هەرچەندە یەکێک لە شیعەکان هەمیشە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەرزدەبووەوە، بەڵام ئیتر سیاسەتێکی ئایینی و تەقلیدی یەمەن نەما و هەموو ئەم سەرۆکانە – بە عەلی عەبدوڵڵا ساڵحیشەوە – سیاسەتمەداری ‘عەلمانی’ بوون کە مەیلیان بەرەو ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی عەرەبی هەبوو.
کەم تا زۆر هاوکات لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئیمامە زەیدییەکان لە باکووری یەمەن، یەمەنییەکان لە “کۆلۆنی عەدەن” کە لە ساڵی ١٨٣٩ەوە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی بەریتانیاوە دامەزرابوو، لە ساڵی ١٩٦٧ دوای شەڕێکی چوار ساڵە سەرکەوتن و کۆتاییان بە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا هێنا. دەرئەنجامی هەوڵەکانیان دامەزراندنی وڵاتێکی نوێ بوو بە ناوی “کۆماری دیموکراتی گەلی یەمەن”؛ وڵاتێک کە سیستەمێکی سیاسی لە شێوەی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی هەبوو وە سوودی لە پشتیوانی یەکێتی شورەوی و ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات وەردەگرت و بە “یەمەنی باشوور” دەناسرا.
دوای داڕمانی یەکێتی شورەوی، هەردوو یەمەن، باکووری یەمەن (کۆماری یەمەنی عەرەبی) و باشووری یەمەن (کۆماری دیموکراتی گەلی یەمەن)، لە ٢٢ی ئایاری ١٩٩٠ بە فەرمی یەکیان گرت و کۆماری یەمەنیان پێکهێنا.
سەرچاوە: بی بی سی و ویکیپیدیا
بەدەستکارییەوە لە ئنگلیزییەوە کراوەتە کوردی
توانا محەمەد نوری
١٤/٤/٢٠٢٥