رێکخراوی سەربەخۆی ژنان پێکهات!

0

بەرواری١٢/٤/٢٠٢٥، رێکخراوەی سەربەخۆی ژنان، لەلایەن ژمارەیەک لە چالاکوان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانەوە لە کۆنفرانسێکدا پێکهات. پێکهاتنی ئەم رێکخراوەیە دوای ماوەیەک لەکاری چڕ و پڕ و گفتوگۆ و ڕاگۆرینەوە لەنێوان هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکەدا پێکهات.

پێکهاتنی رێکخراوی سەربەخۆی ژنان، لە هەلومەرجی ئێستای ژنانی کوردستان و ئەو هێرشە بەردەوامەی دەسەڵات و کۆنەپارێزان دەیکەنە سەر سەرەتاییترین ماف و داخوازییەکانی ژنان، هەنگاوێکی یەکجار گرنگ و چارەنووسازو وەرچەرخانێکی گەورەیە لە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و پیاوانی پێشکەوتنخوازدا.

بوونی رێکخراوەیەکی ژنان، کە ببێتە سەکۆی دەنگ هەڵبرینی ژنانی ناڕازی بەدژی ستەمی هەمەلایەنەی سەر ژنان لەمەیدانەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و یاسایی و کەلتورییدا، دەتوانێت ئاڵوگۆری زۆر بەرجەستە بەسودی ژنان و لەوەش زیاتر کۆمەڵگەدا بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ستەم جیاکاری و بێمافی ژنانی کوردستان و خاڵی بوونی جێگای رێکخراوەیەکی مۆدێرن و ئازا و ئازاد و سەربەخۆی جەماوەری لە هەژموونی حزب و بزوتنەوە قەومپەست و دینی و دواکەوتوەکان، پایەی سەرەکی پێکهاتنی ئەو رێکخراوەیە.

زیاتر لە سێ دەهەیە، ژنانی کوردستان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی ناسیونالیستی کوردستاندا، گیرۆدەی سەخترین و ناهەموارین هەلومەرجی ژیانی کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئابوری و کەلتورین. بەسەرچاوەگرتنی یاساکان و سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لەسەر بنەمای دین و مەزهەب، نەک هەر ژنانی لە مافە زۆر سادەو سەرەتاییەکانیان بێبەش کردووە، بەلکو بەکردەوە کردونیەتی بە کۆیلەی پیاوسالاری و سەرچاوەیی بیمافی و رەوایەتی دان بەسوکایەتی و توندوتیژی و تیرۆری ژنان کە گۆرستانی بێناو نیشانی ژنان، بەڵگەی ئاشکرای تۆمەتباری لە یەخەی دەسەڵات دەدات. لە مەیدانی ئابوریدا جیاوازی لە موچە و پیشەو کار دەستکەوتن تا دەگاتە گیچەڵی سیکسی و هاش و هوشی مەلاکانی ژیر سایەی دەسەڵات و ئیسلامیەکان لە بە کەم سەیرکردنی ژنان و ناوبردنیان “ناقس و العقل” و کە نابێ کاری دەرەوە بکەن و لە قەڵەمرەوی بەرهەم هێناندا بەشدار بن، بەڵگەیەکی تری ئاشکرایە کە دەسەڵات تاسەر مۆخ دژە دژن و ئولفەتگرتوو بە کۆنەپەرستی و قاچی لە دواکەوتووی سەدەکانی ناوەراست دایە.  لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، سوکایەتی و بەچاوی نزم تەماشاکردنی ژنان و ژێر پێخستنی مافە زۆر سەرەتاییەکانیان لە مافە فەردیەکانەوە بۆ مافە مەدەنیەکان و دەستوەردان لە بچوکترین ژیانی شەخسی ژنان لە جل وبەرگ پۆشینەوە تا دەگات بە سەفەر و بەشداری لە وەرزش و کایەی هونەری و موسیقاو… گۆشەیەکی تری نەخوازراوی دۆخی ژنانە. ئیسلامیەکان و کەلتوری دواکەتوانە کە بەشێکە لە کەلتوری دەسەلاتیش بانگەشەی هەموو شتێک دەکەن کە ژن ئازادی نمایشی بکات، و بە حەرام تەماشای دەکەن و فتوای بۆ لەچوارچێوە دەگرن.

ئەم فەرهەنگە داڕزیووە کە  فەرهەنگی کەمایەتیەکی بۆ ماوەیی و بەسەرچوو و بەدەستەوە گیراو و پشتیوانی لێکراوی دەسەڵاتە، رووبەڕووە لەگەڵ فەرهەنگی مۆدێرن و ئازادیخوازانەی کۆمەڵگە، کە هەموو رۆژێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی وئابوری و وەرزشی و زانستی و هونەری و پەیوەندیەکاندا خۆی نمایش دەکات. جەنگی نێوان ئەم دوو فەرهەنگە، کە ریشەی لە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی جیاوازدایە، راستییەکی حاشا لێ نەکراوی کۆمەڵگەی کوردستانە.

فەرهەنگی مۆدێرن و ئازادیخوازانەو یەکسانیخوازی کۆمەڵگە بۆ رووبەرووبوونەوەی ستەم و بێمافی سەر ژنان و دەسەڵاتی پارێزەریان راستیەکی حاشا لێ نەکراوی کۆمەڵگەی کوردستان و خاوەنی میژوویەکی دیاریکراوی رووبەرووبوونەوەیە. ڕوبەرووبونەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە لەگەڵ یەکەم رۆژی هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و هاوبەشە ئیسلامیەکانیان، دەستی پێکردووە.

رێکخراوەی سەربەخۆی ژنان، سەر بەو کەلتور و فەرهەنگە رادیکاڵ و یەکسانیخوازەیە کە زیاتر لە سێ دەهەیە بەدژی ستەم و بێمافی و چەوساندنەوە و تیرۆری ژناندا، وەستاوەتەوە و بەشێکە لە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە ئاستی دنیادا.

پێکهاتنی ئەو رێکخراوەیە، بەو ناسنامە و بەو پەیامە یەکسانیخوازیەی هەڵگریەتی، نەک هەر جێگا ئومێدی ملیۆنەها ژن و پیاوی یەکسانیخوازە، بەڵکو بەکاری بەنەخشەو ریکخراو ئامانجدارانەی دەتوانێت، رۆلی زۆر کارا لە خزمەت بە مافەکانی ژناندا بگێرێت و شکۆی ئینسانی ژنان بگێرێتەوە و ببێتە مایەی پاشەکشەکردن بەو کەلتورە دارزیوەی زیان بە ژنان و کۆمەڵگە دەگەیەنێت. ئازادی هەر کۆمەڵگەیەک بە ئازادی ژن دەپێورێت… رێکخراوەی سەربەخۆی ژنان دەتوانێت کۆڵەکەو لایەنێکی کارای ئازادکردنی کۆمەڵگە بێت، بە ئازادکردنی ژنان لە ژێر هەژموونی پرتوکاوی کۆنەپەرستی و دەسەڵاتی پیاو سالاری بزوتنەوەی کوردایەتی. ئێمە لێرەوە وەکو بلاوکراوەی بۆپێشەوە، بەگەرمی پیرۆزبایی پیکهاتنی ئەو رێکخراوە لە دامەزرێنەران و هەموو هەڵسوراوان و سەرجەم ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز دەکەین و ئومێدەوارین لە راستای جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی بۆخۆی داناوە سەرکەوتوبێت. ئێمەش لەهیچ پشتیوانیەک لەم رێکخراوە دریغی ناکەین.

بۆپێشەوە

١٣/٤/٢٠٢٥           

Leave A Reply

Your email address will not be published.