لەگەڵ ئین ئارتی بەرنامەی دووجار بیربکەرەوە تەوەرەی بەرنامەی بەرواری ٢٢/١/٢٠١٨ ئایا لەئێستادا حکومەتی هەرێم پشتیوانی لە خۆرئاوای کوردستان دەکات؟
لەگەڵ ئین ئارتی بەرنامەی دووجار بیربکەرەوە
تەوەرەی بەرنامەی بەرواری ٢٢/١/٢٠١٨
ئایا لەئێستادا حکومەتی هەرێم پشتیوانی لە خۆرئاوای کوردستان دەکات؟
ئەوە ڕۆشنە حکومەتی کوردستان، یانی پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی بەشدار لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا، حكومەتێک بەمانای فەرمی و لە دنیای واقعیدا بوونی نییە… بۆیە دروستتر ئەوەیە بلێین ئایا حزبەکانی دەسەڵات بەتایبەتی و سەرجەم حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەگشتی، پشتیوانی لە خۆرئاوایی کوردستان دەکەن، کە کەوتۆتە بەردەم هێرشێکی فراوانی هەمەلایەنی زەمینی و ئاسمانی و دیبلۆماسی و رژێمی فاشیستی تورکیا، بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمریکاو غەرب و روسیاوە؟
دیارە ئەم جەنگەی ئیستا بەو فراوانییە کە پێشتر ئامادەکاری بۆکراوە، بەشێکە لە جەنگێک کەزۆر لە پێشترەوە لەلایەن تورکیاوە، لەدژی کانتۆن و هەرێمەکانی رۆژئاوا دەستی پێکردووە، لەساڵی ٢٠١١وەو لەو کاتەوەی رژێمی سوریا دەرگیری جەنگ و کوشتاری ناوخۆیی بووە، رژیمی تورکیا بۆتە بەشیک لە جەنگ و ململانیی راستەوخۆ ناراستەوخۆی ئەم جەنگ و بەیەکدادان و ململانێیەی لەسەر گۆرەپانی سیاسی سوریادا… بەتایبەتیش بۆتە بەشیک لە هیز و دەوڵەتێک کە زۆر بە ئاشکرا چۆتە پشتی داعش و گروپە تیرۆریستەکان و بۆتە هیزێکی رەش بۆ دژایەتیکردنی ئەو بەشەی کوردستانی سوریا کە نەبوو بە بەشێک لە جەنگی تیرۆریستی ناوخۆیی و لە جیگایدا، لەو جغرافیایە ئیدارەیەکی سیاسی خۆبەرێوەبەری بە پشتیوانی پەیەدە دامەرزا… ئەمەش تایبەتمەندیەکی بەخشی بە کوردستانی سوریا، بەواتایەکی تر جەنگ لەناوخۆی سوریا و ئەو بۆشایەیەی لە رۆژئاوایی کوردستان پێکهات لەلایەن ژنان و پیاوان و پەیەدەوە بە دامەزراندنی چەند کانتۆن و بە پەیرەوکردنی سیستەمی خۆبەرێوەبەری پڕ کرایەوە… لەو کاتەوە تائیستا تورکیا بۆتە بەشیک لە هیزو دەستێکی رەشی راستەوخۆ بۆ هیرش و دەستیوردانی سەربازی و بۆتە پشت پەنای داعش و هاوشیوەکانی لە دژی ئەو دەسەڵاتە خۆجێیە…
بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی بەگشتی و پارتی و یەکێتی بە تایبەتی، و حکومەتەکەیان، پەیوەندییەکی قوڵی سیاسی و ئابورییان لەگەڵ تورکیا، دامەزراندووە، وە هاوکات دەیان بنکەو بارەگای سەربازی و جاسوسی تورکیاو بە ئاشکراو نهینی لە کوردستانی عێراقدا هەن، چەندین ئۆپەراسیۆن و کردەی جاسوسیان بە هاوکاری دەزگا و بەرپرسەکانی ئەو حزبانە لەدژی ئۆپۆزیسێۆنی تورکی و نەیارانی تورکیا ئەنجامداوە.
دەتوانین بڵێین حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستانی عێراقدا لە نیوان دەوڵەتی فاشیستی تورکیاو براکانیان!! لە رۆژئاوا، دەوڵەتی تورکیایان بە کردەوە هەڵبژاردووە… ئەگەر هەندێک لێدوانی دیبلۆماسیانەو گشتی و مانۆری مۆڵەتپیدراو لەلایەن تورکیاوە لێ دەربکەین… کە بەمەبەستی خۆ هەڵواسین بەسەرکەوتنی خەڵکی کۆبانی بەسەر داعش و بۆ فریودانی رای گشتی گرتویانەتەبەر، ئەوەی دەمێنیتەوە خۆشخزمەتی و نۆکەرایەتی ئاشکرا بووە بۆ تورکیا… بۆیە ئەگەر ئەوە راستی و کارنامەی ئەو حزبانەی کوردستانی عێراق بووبێت لەگەل رۆژئاوا، چۆن دەکرێت لە ئیستادا ببنە پشتیوانی خەڵکی رۆژئاواو خەڵکەکەی… خۆ ئەگەر حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەگشتی و بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی تا ١٦ ئۆکتۆبەر توانیبێتیان جار ناجار، بەیانی هەڵویستێک بکەن یان نایەکی کز و نەبیستراو بو ویستێکی تورکیا بەیان بکەن، ئەوا بە دوای ١٦ ئۆکتۆبەردا، ملیان لە تاڵە دەزویەک باریکترە، بۆ خۆشخزمەتی بئ قەیدوشەرت بۆ تورکیا، و رۆژانە کاوێژی هیواخوازی بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا دەکەنەوە.
ئەوە زیاتر لە هەفتەیەکە تورکیا جارێکی تر هیرشی بۆسەر عەفرین دەستپێکردووە، حزبەکانی بزوتنەوەی کوردیەتی جگە لە بەیانی نیگەرانی و دەستەواژەی پوچی دیبلۆماسیانە، بەکردەوە هەڵوێستێکی ئەرینیان نیشان نەداوەو تەنانەت رێگەیان نەداوە کەشیک دروست ببیت خەڵکی ئازادیخوازو هاوسۆزی کوردستانی عێراق، بە ئازادانە بێنە مەیدان و پشتیوانی لەگەڵ خەڵکی کوردستانی سوریا و عەفرین بە کردەوە بکەن و خۆپیشاندان و نارەزایەتی وەرێبخەن و ئیدانەی رەفتار و هێرشەکانی رژێمی فاشیستی تورکیا بکەن… هەموو ئەو چالاکی و جموجۆڵ و پشتیوانیانەی لە کوردستانی عێراق بۆ خەڵکی عەفرین و بۆ ئیدانەی هیرشەدرندانەکانی تورکیا کراون و دەکرێن، بە هەوڵ و هیمەتی چەند رێکخراوەی ئینسان دۆست و کرێکاری و رادیکاڵەوە بووە، بەدەستپێشکەری هەلسوراوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و کرێکاریی بووە، دەسەڵات و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە کردەوە زۆر لەوە بودەڵەترن بتوانن پشتیوانی خەڵکی عەفرین و شوێنەکانی تر، یان هەر بزوتنەوەو نارەزایەتیەکی سیاسی و جەماوەری بکەن لە دنیادا، ئەم حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتی بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە زۆر کەیسیان لەبەردەستە کە هەنگاوی بۆ بنێن و دژی داگیرکاری بوەستنەوە لە کوردستان و عێراقدا، نەک لە سوریاو تورکیا و ئیران… ئەوە دوز خورماتوو، ئەوە کەرکوک، ئەوە زوربەی ناوچە کیشەلەسەرەکان… هەر ئیستا داگیرکراون… و کەس دەستی حزبەکانی نەگرتووە بچین بە هانای خەڵکی ئەو ناوچانەوەو پشتیوانیان بکەن… دەسەڵات و حزب گەلیک نەتوانن پشتوانی خەڵکی خۆیان بکەن، هەرگیز ناتوانن ببنە هیزو پشت و پەنای خەڵکی تر… لەهەموو ئەوانەش واوەتر دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی ئەگەر ریگەیان بوایەو بۆیان بلوایە، دوور نەبوو حزبێک یان باڵ و لاباڵیکی حزبێک، لە سات و سەودایەکدا، بەرەیەک لەعەفرین ویان عەفرین وەکو کەرکوک نە فرۆشن و سات و سەودای پێوە نەکەن…
حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستانی عێراقدا، ئیمتیحانی خۆیان داوە، نەیان توانییوە بەرگری لە خەڵکی خۆیان بکەن و لەوەش واوەتر سات وسەوداو مامەڵەیان بە داواو ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستانەوە کردووە، دەستیان لەگەڵ دوژمنە هەرە سەرسەختەکانی خەڵکی کوردستان تیکەڵ کردووە، بەرەی جەنگ و شارو شارۆچکەیان رادەستکردووە، بۆیە نابێ هیچ کەسێک چاوەروانی ئەوە لەو حزبانە بکات، ببنە پشتیوانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان… بەکردەوە پێچەوانەی ئەوەیان نیشانداوە، جەنگ دژی پەکەکە لەسەرەتای دروسبوونی حکومەتی هەریمی کوردستاندا، دەست تیکەڵ کردنی ئاشکرا لەگەڵ تورکیاو ئاخوندەکانی ئیران… باشترین بەڵگەی ئەو راستیەن، کە بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستانی عێراقدا، بزوتنەوەیەکی بێ کۆتا کرێگرتە و خۆشخزمەت بە وڵاتانی کۆنەپەرست و دیکتاتۆری ناوچەکەن… ناتوانن ببنە پشتیوانی خەڵکی لە هیچ شوینێکی ئەم دنیایە…