کوردستان و ژەهری زەرنیخ…. کۆسرەت دڵشاد محمد

0

نەبووە و ناشبێت لەو سیاسیانەی ئێمە ڕوو قایم تر و دووڕووتر. ئەوەتا ئەمرۆ مەسعود بارزانی دێت باسی پیرۆزی خاک و نیشتمان دەکات و دەڵێت مرۆڤ ئەگەر خاکی نەبوو سەرگەردانەو کەس ڕێزی لێناگرێت ئەمە لەکاتێکدا نیشتمان لەسەر دەستی ئەو و کوڕ و برازاکەی  بووە بە دۆزەخ. وەک شێخ ڕەزا دەڵێت ئا ئەمانە پێستی ڕوویان هێن قایمە شمشری میسری نایبڕێت.

محمد ماغوت زۆر جوان لەوەسفی نیشتیماندا دەڵێ:

“گەمژەیی ئەوەیە کە بەرگری لەنیشتیمانێک  بکەم خاوەنی  خانوویەک نەبم تێیدا.

گەمژەیی ئەوەیە قوربانی بەخۆم بدەم بۆ ئەوەی منداڵەکانم بە ئاوارەیی بژین .

گەمژیی ئەوەیە دایکم  جەرگ سووتاو بێت بەلەدەستدانی من نەشزانێ ئەو مردنە بۆچی بوو …..”

هەربۆیە ھەستی نیشتیمانی درۆیەکی شاخدار و داھێنراوی سیاسیەکانە بۆ مردنی ئێمە  لەپێناو ئەواندا. کوردستان ئێستا بووە بە گۆڕستان بەهۆی سیاسیەکانی وەک مەسعود بارزانی و کوڕەکەی، بەڵام ئەمرۆ زۆر بێ شەرمانە دێت باسی خاک و کوردایەتی دەکات بۆ ئێمە!

بۆیە هەرگیز باوەڕم بەمردن نییە لەپێناو نیشتیماندا، ھەرگیز نیشتیمان خەسارەت مەند نابێ، بەڵکو ئەوە ئێمەین دەبین بە قوربانی، چونکە ئێستا لە نیشتیمانی  مندا  سینگی پاڵەوانەکان پڕیەتی لەفیشەک  و ورگی خیانەتکارەکانیش پڕ لە پارەو سەروەت..

وە ئەوانەی دەمرن شایەنی مەرگ و مردن نین و بەهۆی کەسانێکیشەوە دەمرن کە ژیانیان لە ملیۆنان ئینسان سەندۆتەوە.

ژەهری زەرنیخ جۆرێکە لە ژەهر کە نە ڕەنگ نە بۆن نەتامی هەیە و بە ئاسانی لە شلەکاندا دەتوێتەوە و کەسەکە هێواش هێواش دەکوژێت. خاکی کوردستانیش ئێستا بەهۆی سیاسیە بێ بەهاکانی وەک مەسعود بارزانی و کوڕەکەی و هاوشێوەکانی، ڕێک بووە بە ژەهری زەرنیخ بۆ ڕۆڵەکانی. هەر بۆیە دەبینیت کوردستان تا زیاتر تێیدا بمێنیتەوە جگە لە  خەم و ناخۆشی ناتوانێ هیچی ترت پێبدات و لە کۆتایشدا دەبێتە هۆکارێک بۆ مەرگت.

من ڕقم لە نیشتمان نییە، نیشتیمان جوانە بەڵام ئەوەی ناشیرنی کردووە بەرپرسە گەندەڵ و دزو چاوچنۆکەکانمانن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.