کۆتایی سازشی چینایەتی، کۆتایی دنیای کۆن!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

لە دوای ڕاگەیاندنی سزا بازرگانیەکانی ترامپ یان باشتر بڵێین باجگیری ترامپ بەسەر ئابوری و بازرگانی بەشی زۆری وڵاتانی دنیا لە ئەوروپاوە تا چین، كەیر ستارمەر سەرۆک وەزیری بەریتانی لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی تەلەگراف نوسیویەتی  کە چیتر ئێمە لەو دنیایەی پێشوودا ناژین کە دەمانناسی و وتی ئیتر دەبینێ خۆیان بۆ ئەوە ئامادە بکەن کە بتوانن لەگەڵ ئەو سەردەمەدا هەڵبکەن یان وەک ستارمەر ئاماژەی پێدەدا خۆیان بۆ دەورەیەکی نوێی گەشەی ئابوری ئامادە بکەن.  لەلای خۆیەوە ترامپ ڕایگەیاند کە ڕۆژانێکی سەخت دەژین و هاوکاتی ئەوە لەشارەکانی ئەمریکادا چەندین میلیۆن لە ناڕەزایەتی بەم هەلومەرجە و تڕامپ و سیاسەتەکانی هاتنە مەیدان.

لەو دیوی دیمەنی جەنگ و کوشتار و وێرانیەک کە لە دڵی یەکێک لەپێشرەوترین کانونەکانی دنیای سەرمایەداری لە ئەوروپا ڕوو دەدا، دیمەنی جەنگێکی تری گەورە دەبینین کە بە ناچار مۆری خۆی لە سیمای دنیای داهاتودەدا. جەنگی ڕێکخستنەوەی دنیا و تەواوی  سەرمایەداری لەسەر بنەمای ئابوری کاری هەرزان. لە پشتی هەموو جەنگ و و کوشتار و وێرانی و ڕاستڕەویەکی بێپەردە و هەوسارپچڕاوی دەوڵەت و کەمپە بۆرژواییەکان ئەم حەقیقەتە خۆی حەشارداوە ئەم دنیایە و ئابوری سیاسی کاری بەکرێ پێویستی بەوەیە هەموو دنیا، هەموو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و تەنانەت هۆش و شعوری مرۆڤایەتیش لەسەربنەمای ناچاری و پێویستی ئابوری کاری هەرزان ڕێکبخەنەوە. وە ئەمەش پێویستی بە جەنگە، پێویستی بە ترس و دڵڕەقیەکی گەورەی ئەوتۆ هەیە  کە مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێش ناچار بە قبوڵکردنی بەشێکی زۆر کەمتر لە ژیان و لە ئیمکاناتی کۆمەڵگا بکات لەوەی کە تائێستا هەبوە. ئەمە واتە چوونەسەری خەیاڵی نرخی  کاڵا و پێداویستییەکانی ژیانی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش. واتە داخستنی دایەنگەکان و دەرماڵەی خوێندن و نەهێشتنی بیمەی بێکاری و لە یەک وشەدا دابەزاندنی ئاستی ژیانی چینی کرێکار و هاوڵاتیان تا خوارترین ئاست کە لە ئیمکاندایە. واتە  بێکاری و فڕێدانی ژمارەیەکی هەرچی زۆرتری کرێکاران بۆ دەرەوەی پڕۆسەی کار و گەورەکردنی لەشکری بێکاران، واتە لێگرتنەوە و تێهەڵدانی بیمە دەرمانی و تەندروستی و ڕیفاهیەکان، واتە بە کورتی پێچانەوەی تەواوەتی ئیتیلتیزامی دەوڵەت و کۆمەڵگە لە بەرامبەر چارەنوسی مرۆڤ بە هەموو مانایەک.

 ئیتر هەموو موشاهدەکان پێمان دەڵێن کە دەورانی ئارامی و سازشی چینایەتی کۆتایی پێهاتوە و مەنتیقی ئەم هەلومەرجە پێماندەڵێ کە ئیتر دوو لایەنی ئەم شەڕ و کێشمەکێشە چینایەتیە لەسەری ناچاری دەبێ دەستبەرداری ئەو ئیلتتیزامە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فکریانە دەبن کە هەردوو لایەنی ئەم کێشمەکێشەی لە سازشێکی چینایەتی درێژماوەدا ڕاگرتبوو. ئیتر ئەگەرلەسەرێکیەوە سەرمایە ناچارە ناچارە هەربەرگ وپۆشاکێکی چاکەکاری و دڵنەرمی و وتەحممولی ستاندردەکانی ژیانی تائێستا لە خۆی داکەنێ و  بە بێ هیچ پەردەیەک ڕێک و ڕەوان قسە بکا، ئەوا لەوسەرەکەی تری ئەم جەنگ و کێشمەکێشەدا چینی کرێکار ناچارە ڕادیکاڵتر و بێپەردەتر لەو جەنگە واقیعی و سەختە دا، پێ بنێتە مەیدانەوە ئەگەرنا بە کردەوە دنیا دەگۆڕێ بە بەربەریەتێک لە زەورەقی تەکنۆلۆژیادا.

ئایدیۆلۆژیای باو، بە ئەوانەی کە کەدەسەڵاتی سەرمایە و بازاڕ و پارە یان وەک دوا شێوەی ژیان وباڵاترین مۆدێلی گونجاوی ژیانی مرۆڤ دەناساند، نوقڵانەی کۆتایی خەباتی چینایەتیان لێدەدا، دەیانگوت خەباتی چینایەتی خوڵقاوی مارکس وکۆمۆنیزمە و ئایدیۆلۆژیە. دەیانگوت ژیان چینایەتی نییە، بێمافی و هەژاری و چەوسانەوە چینایەتی نییە و لە مەنتیقی چینایەتی بوونی ئەم کۆمەڵگەیەوە سەرچاوە ناگرێ. هەژاری و هێزی کارفرۆشی بژاردەی مرۆڤ خۆیەتی وهەرکەس ئازادە تا دەتوانێ کار بکا و دەست و پێ بکوتێ بۆ ئەوەی بژی. بۆ ئەوەی خانو وسەرپەنا و بیمەیەکی هەبێ.

دەیانگوت ڕاستی وحەقیقەت نیسبی یە، هیچ معیارێک لە ئارادانییە مرۆڤ بتوانێ بزانێ ڕاستی چییە؟ دەیانگوت هەوڵوتەقەلای مرۆڤ بۆ ئازادی و خۆشبەختی لێرە دا کۆتایی هاتوە و هیچ پێشڕەویەکی تر، ئیمکانی هەر گەشەیەکی زۆرتری مەدەنیەت لە مێژوو دا ڕاوەستاوە.

ئەم وەهمانەی سەردەمی جەنگی سارد و سەردەمی سەرکەوتنی بازاڕ بەسەر سەرمایەداری دەوڵەتی ئیتر کۆتاییان پێهاتوە. بەنجی ئایدیۆلۆژی سەرکەوتنی بازاڕ و دەسپێکردنی سەردەمی ئاشتی و ئارامی دوای سەرکەوتنی بازاڕ ئیتر بە هەوا دا چوون و ئێستا ژان و ژواری ئەم بەربەریەتەی سەرمایە ڕووی لەوەیە بە ناچاری ویژدانی زیندوی چینی کرێکار و چینەبێبەشەکان خەبەر بکاتەوە و جەنگی چینایەتی بێ ئەمان جێگەی سازشی چینایەتی دنیای کۆن، دنیای دوای شکستی بەلشەفیزم بگرێتەوە. هاتنە مەیدانە میلیۆنیەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر تڕامپیسم کە خەریکە ئەمریکا دەگۆڕێ بە کۆمپانیایەکی زەبەلاح کە بە هیچ یاسایەک پابەند نییە جگە لە یاسای دڵڕەقانەی سود سەرەتاکانی دەرکەوتنی پێکدادانێکی چینایەتییە گەورەترەکانی داهاتوو.

پێکدادان وجەنگێکی چینایەتی کە بۆ چینی کرێکار و جەماوەری چینە بێبەشەکان لەسەر  ئایدیۆلۆژیا وباوەڕەکان نییە، بەڵکو لە سەر ژیانە، لەسەرنان و لەسەر شانس و دەرفەتی مرۆڤە بۆ ئەزمونکردنی ژیانێکی باشتر و ئازادتر. لەسەر ئەوەیە چینی کرێکار ومرۆڤایەتی بڕیار نییە ئەم قەدەرە وەک چارەنوسی خۆی قبوڵ بکا، بڕیار نییە چەوسانەوە قبوڵ بکا، بڕیار نییە کە وا بەئاسانی چارەنوسی خۆی ڕادەست بکا و بە کورتی لەسەر ڕەتکردنەوەی چەوساندنەوەیە.  وەڵامی سەرمایە و سەرمایەداری لەم سەردەمە و لە دڵی ئەم پێکدادانە چینایەتی دا  جگە لە ڕێکخستنەوەیەکی ڕاستڕەوانەتری هەلومەرجی ئێستا، جگە لە ڕێکخستنەوەیەکی ڕاستڕەوانەتری کۆیلایەتی کاری کرێگرتە و چەوسانەوە شتێکی تر نییە.

ئیترئەگەر قبوڵی کەین  ئەمە واقیعیەتی دنیای تازەیە ئیتر خەباتی چینایەتی، بە هەمان تێگەیشتنی مارکس، بە هەمان تێگەیشتنی مانیفێست جارێکی تر دەگۆڕێ بە  تایتڵ و مەسەلە و کابوسی گەورەی کومەڵگەی بۆرژوایی.

بەم مانایە قسە وگوتاری مارکس وکۆمۆنیزمی پڕۆلیتێری، گوتاری ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی کاری کرێگرتە وەک مەرجی ڕزگارییەکی بنەڕەتی سۆسیالیستی لە هەرکاتێکی تر زیاتر پەیوەندی بەم سەردەمەوه هەیەو  لە هەر کاتێکی تر دەتوانێ هی ئەم سەردەمە بێت، لە هەر کاتێکی زیاتر پەیوەندی بە مەسەلەی پرسی ئازادی مرۆڤەوە هەیە.

ئەمە حوکمێکی ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵکو ڕیشەی لە واقیعیاتی دنیای ئەمڕۆ، لە سیستەمی چینایەتی ئەمڕۆ، لە سیستەمی کۆلایەتی کاری کرێگرتەدایە. سەدو پەنجا ساڵ پێش ئێستا مارکس وئەنگڵس وکۆمۆنیزمی پڕۆلێتێری کە هێشتا پیشەسازی و تەکنیک و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی هەزار بەرابەر لەخوارتر بوون، وتیان بۆ ڕزگاری دەبێ پڕۆلیتاریا دەست بۆ ڕیشەی هەلومەرجی ئێستا بەرێ، ناچارە سەرمایه و کاری کرێگرتە و موڵکایەتی تایبەتی بۆرژوایی هەڵوشێنێتەوە و بۆ ئەو کارەش ناچارە دەسەڵات و کۆمەڵگە بەدستەوە بگرێ و بە شێوەی سیاسی و لە ڕێگەی شۆڕشەوە سەر بکەوێ. ئەمڕۆ لەدڵی سەروەتێکی ئەفسانەیی و لە دڵی داهێنانی گەورە و سەرسوڕهێنەری پیشەسازی و تەکنیکی کە نەوەکانی پێشوتر نەیاندەتوانی به خەیاڵیشیاندا بێت و هەروەها لە دڵی بنبەست ودەستەپاچەیی بێوەڵامی قوڵی کۆمەڵگەی بۆرژوایی بە هەر ئەندازەیەک ئازادی زۆرتر و هەر ئەندازەیەک ژیانێکی باشتر و به هەر ئەندازەیەک پێشڕەوی زۆرتر لە ژیانی مرۆڤدا، ئەم گوتارەی مارکس و کومۆنیزمی پڕۆلیتێری سەبارەت بە مەسەلەی ئازادی و ڕزگاری مرۆڤ لە چەوسانەوە و دەسەڵاتی سەرمایە و ئەم شێوە چینایەتیەی ئەمڕۆی ژیان، هی ئەم سەردەمەیە و مەسەلە و پرسی سەرەکی کۆمەڵگەی ئەمڕۆیە.

خەباتی چینایەتی ئەمڕۆ، خەباتی پڕۆلیتریای فەڕانسە و ئەوروپا و ئەمریکا و ئەو ناڕەزایەتیەی کە دنیای متمدن لە بەرامبەر ئەو بەربەریەیەتە لە خۆی نیشان دەدات بەم مانایە گۆشەیەکە لە قودرەت و هێزی کۆمۆنیزمی پڕۆلیتێری لەدیاریکردنی چارەنوسی ئاڵوگۆڕەکانی دنیای داهاتو، لە دیاریکردنی چارەنوسی نەبەردی چینایەتی بۆ هەڵپێچانی چەوسانەوەی کاری کرێگرتەو و دەسەڵاتی سەرمایە وەک تەنیا پێشمەرج بۆ ژیانێکی ئازاد و خۆشگوزەران و ڕزگار بوون لە چەوسانەوە.

ئەمە پەیامی واقیعی کۆمۆنیزمی چینێکە کە بۆ ڕزگاری خۆی ناچارە دەست بۆ شۆڕش لە بنیاد و ڕیشەی چەوسانەوە، بۆ هەڵوشانەوەی موڵکایەتی تایبەتی بۆرژوایی بەرێ کە خۆی سەرچاوەی ئەم ژیانە نائازادەی ئەمڕۆی تەواوی مرۆڤایەتیە و هەر بەم مانایەش هەلومەرجی ڕزگاری ئەو دەبێتە ڕزگاری هەموان لەچەوسانەوە و سیستەمی چینایەتی.

٧.٤.٢٠٢٥

Leave A Reply

Your email address will not be published.