چی لە تورکیا دەگوزەرێت؟… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

ماوەیەکە تورکیا بۆتە مەیدانی خرۆشانێکی فراوانی جەماوەری… دەستپێکی ئەم خرۆشانە جەماوەرییە بە دورخستنەوەی ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ لە شارەوانی ئەستەنبوڵ بە پاساوی گەندەڵی پشتیوانی لە تیرۆر!!، دەستی پێکرد، بەڵام پێناسەکردنی ئەم بزوتنەوە فراوانە جەماوەرییە، واوەتر لەوەیە تەنها دورخستنەوەی ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ، بەتەنها هۆکارەکەی بێت. راستی ئەوەیە کە دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانی ئەستەنبوڵ، بووە هۆی چەخماغەدانی تورەیەکی جەماوەری کە ریشەی لە دەسەڵاتی تاکڕەوانەو دیکتاتۆریانەی ئاک پارتی و ئەردوغان دایە.

رژێمی تورکیا، رژێمێکی نەتەوەپەرستی ئیخوانییە، ئەردۆغان و حزبەکەی رەمزی ئەم رژێمە تاسەر مۆغ دڕندەیەن. سەرکوتی سیاسی، گەندەڵی، بەرجەستەترین دیمەنی دەسەڵاتی ئاک پارتی و دەوڵەتی تورکیایە. سەرکوتی دەنگە نارازییەکان، ئازادیخوازن و سەندیکاو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە رادیکالەکان، نەیارانی دەوڵەتی تورکیا، بزوتنەوە سیاسیەکان، لەکەس شاراوە نییە. زیندانەکان گەواهی دەرەی ئەو راستیەن، کە ئەم دەسەڵاتە بە پلەی یەکەم بە هۆی سەرکوتی سیاسییەوە لەسەر قاچەکانی خۆی ماوە… هیرش بۆسەر هەر دەنگێکی نارەزایەتی، بۆسەر ئازادیخوازن، نەیارانی دەسەڵات لەناوخۆ و تەنانەت ریزەکانی ئاک پارتی، هیرشی بەردەوام بۆسەر چینی کرێکار و نارەزایەتییەکانیان، هیرش بۆسەر خەڵکی کور زمان… سەرکوتی سیاسی و میلیتاریزەکردنی کوردستان… گۆشە بەگۆشە لە کارنامەی ئەو دەوڵەت ودەسەڵاتەن. بەجیا لەوانە پاوانخوازی ئاک پارتی ئەردوغان و چرکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لەوانەش… دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری، دەسەڵاتی سەربازی و تەنانەت شۆرکردنەوەی ئەو دەسەڵاتە بۆ ناو کایەی خوێندن و پەروەردە و زانکۆکان، تادەگاتە بە پاوانی بەزۆر و بەدەستەوەگرتنی هەموو رێگاکانی سەرکوت و بڕیار و یاسا و چ بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێ ناوخۆیەکانی نێوان خانەوادەی بۆرژوازی تورک و چ بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێکانی لەگەڵ دەرەوەی تورکیا و لە ئاستی ناوچەکەدا. دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتی ئاک پارتی و ئەردۆغان هەموو جوڵانەوە سیاسیەکانی دژ بەدەسەڵاتەکەی و چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی دەرەوەدا تۆمەتبار بە “تیرۆر، پشتیوانی لە تیرۆر، گەندەڵی” دەکات… ئەوە لە کاتێکدایە هیچ جوڵانەوەو رەوتێکی تیرۆریستی نییە، دەوڵەتی تورکیا و ئەردوغان و ئاک پارتی لە پشتی نەبن یان هاوکاری نەکەن….وە خودی دەسەڵاتی ئاک پارتی  وئەردۆغان، نوقمی گەندەڵییەکی ئاشکرای حاشاهەڵنەگرن.

ئاک پارتی و ئەردۆغان… بەدوای روخانی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا و چوونە پشت بەرەی نوسرەو گروپە تیرۆریستەکان و لاواز بوونی پیگەی ئیران لە سوریا و ناوچەکە، ئاستی ملهوری و دەستێوردان و تەماحەکانی بە جێگایەک گەیشتووە، وەکو هیزێکی لاباک و دەسەڵاتی ناوچەیی مامەڵە لەگەڵ دۆخی ناوچەکە دەکات و بەتایبەتی تریش دەیەوێت جێگای پیشووی جمهوری ئیسلامی لەناوچەکەدا بگرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە هیرشەکانی بۆسەر نەیارە سیاسیەکانی لەناوخۆی تورکیا چر کردۆتەوە و خەونی هێشتنەوەی دەسەڵاتدارێتی خۆی و پارتەکەی بۆ چەندین دەهەی تر کردۆتە قیبلەنوومای راگەیەنراوی خۆی، بۆ ئەم مەبەستە هەم چاویان لە گۆرین و هەمواری دەستور وبەو جۆرەی خۆیان دەیانەوێت و هەم زامنکردنی پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووە کە بریارە هەڵبژاردنەکەی لە ساڵی ٢٠٢٨ بەڕیوە بچیت.

هەموو ئەو خەون تەماحانەی ئاک پارتی و ئەدوغان لە دۆخێکدا دەچێتە پێشەوە، کە هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکارو هاوڵاتیانی تورکیا، رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپی دەڕوات. گەندەڵی سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگەی تەنییوە. قڵشتی چینایەتی بەوپەڕی خۆی گەیشتووە. دارمانی بەهای لیرەی تورکی و ئەزمەی قوڵی ئابوریی، ئاڵنکارییە سیاسیەکان، تەریک بوونەوەی لە ئاستی دنیا، لێکەوتەکانی بۆسەر چینی کریکار و زوربەی خەڵکی تورکیا بە جێگایەک گەیشتووە، قابیلی بەرگەگرتن نییە. گرانی لە رادەبەدەر، بیکاری، سەختی بەڕیوچوونی ژیان…. یەخەگیری دەوڵەتی تورکیا و ئاک پارتییە. تورەیی و نەفرەتی جەماوەری بەدژی سیاسەتی برسی کردن و بێکارکردن و بەدژی سەرکوت و سەرکوتی سیاسی،بەدژی گەندەڵی و  بریارە دژە مەدەنیی و ئیخوانیەکان بەدژی پاوان خوازی ناوخۆیی و دەرەکی… و بەدژی تۆمەتبارکردنی هەموو بزوتنەوە و جوڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە “تیرۆر” واقعیەتیكی حاشاهەڵنەگری دۆخی تورکیایە.  

دورخستنەوەی ئەکرەم داود ئۆغڵۆ و پاشان بریاری دەستگیرکردنی، لە ململانێی ناوخۆی خێزانی بۆرژوازی تورکیدا، هۆکاری دەستپێکردنی ئەم جوڵانەوە و خرۆشانە جەماوەرییەی تورکیایە، بەڵام ئەمە بەتەنها هۆکاری هاتنە مەیدانی جەماوەری فراوانی تورکیا نییە، بەڵکو نەفرەت لە دەسەڵاتی ئەردۆغان و تاکڕەوی و سەرکوتگەرییەکەی و خواستی گۆرانکاری، هۆکارێکی بناغەیی ترە، بۆ ئەم هاتنە مەیدانە فراوان و هەمەگیرە.

دیارە جەهەپە، وەکو باڵێکی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا و بەوێنەی میراتگیری ئەتاتورک، بەجیا لە ململانێی خۆی لەسەر بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و بردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتوو، دەیەوێت تورەیی خەڵکی تورکیا لەدژی ئەردۆغان و ئاک پارتی بەدەستەوە بگرێت، جەماوەری ناڕازی تورکیاش، بەهەمان شیوە کەڵک لە ململانێی جەهەپەو ئاک پارتی وەردەگرن لە پێناو ئامانجەکانی خۆیان لە باش بژێوی و ئازادی و خواستە پایماڵ کراوەکانیان.

ئەم دۆخەی لە تورکیا هەیە، بەرەوە گۆرانکاری لە دەسەڵاتی سیاسیدا هەنگاو دەنێت و رەوەندی پاشەکشە بە دەسەڵاتی ئاک پارتی و ئەردۆغان، رەوەندێکی بێ گەڕانەوەیە… ئەوەی کە ئەم ئاڵوگۆرە چەندە دەتوانێت لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی تورکیا بێت، بەتەواوەتی گرێی خواردووە بە هاتنە مەیدانی چینی کرێکارو هیزو چەپ و رادیکاڵەکان وەکو بکەرێکی سیاسی و کاریگەرو سەربەخۆ لە دۆخی ئیستای تورکیاو ململانێی باڵەکانی بۆرژوازییدا. 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.