دەبێ سەرچاوەی هۆکارەکانی تاوان رابگیرێن، تا هەواڵەکانیان لە راگەیاندنەکان پەخش نەکرێت..
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە سلێمانی، لە راگەیاندنێکدا داوا لە کەناڵە میدیاییەکان دەکات روماڵی هەواڵەکانی تاوانی کوشتن رابگرن و دەڵێت “هەر لایەنێک سەرپێچی ئەو بڕیارە بکات رێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر”
تاوان و تاوانکاری، لەهەموو کۆمەڵگەیەکدا بەرادەی جیاواز بوونی هەیە… ئاستی زۆری و کەمی تاوان راستەخۆ بەندە بە دۆخی سیاسی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کەلتوری و تەنانەت یاسایی. لە کۆمەڵگەیەکدا کە دەسەڵات تا رادەیەک خۆی بە بەرپرس لە ژیان و ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان دەزانێت و ژیان و گوزەرانێکی ستانداردی ئینسانی و پەراوێزیکی دیاریکراو لە ئازادی و مافە فەردی و مەدەنییەکان، هەیە و زامن کراون، یاسا رۆڵی خۆی دەگێرێت و هەموو هاوڵاتیان لەبەرامبەر بە یاسادا یەکسانن. لەو دۆخەدا رادەی تاوان و تاوانکاری سنوردار و کەمە. بە پێچەوانەشەوە لە کۆمەڵگەیەکدا کە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، خراپ و بیکاری و هەژاری و گرانی دەستی ناوەتە بینەقاقای زوربەی زۆری دانیشتوان و یاسا لە بنەرەتدا گۆپاڵێکە بەدەستی دەسەڵات و نوخبەیەکی دیاریکرا و نایەکسان لەبەرامبەر هاوڵاتیاندا مامەڵە دەکات…رادەی تاوان و تاوانکاری زۆرتر و لێپرسینەوەی یاساییش پر مەرج و هەلاوردن ئامێزە. دیارە ناوەرۆکی یاساکانیش کە رەنگدانەوەی جۆری سیستەمی فەرمانڕەواییە، لایەنێکی گرنگە لە پەیوەند بە تاوان و تاوانکارییەکانەوە… سیستەمێکی سیاسی ئەگەر لەسەر بنەمای دینی، قەومی، رەگەزی، تایفی، میلیشیایی… دامەزرابێت، ئەوە خودی سیستەمەکە، ناکۆکە بە مافی هاوڵاتی بوون و یاساکانیشی بەرگری لەو سیستەمە جیاکارییە لە نێوان هاوڵاتیەکانی دەکات و خودی یاساکان، دەکەونە بەردەم لێپریسنەوە بۆ گۆرانکاری…
ئەو دەسەڵات و سیستەمەی لە کوردستان هەیە، دەسەڵات و سیستەمێکە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی حزبی و میلیشییایی دامەزراوە… دەسەڵاتێکە هێندەی کار لەسەر بە حزبی بوونی هاوڵاتیان دەکات، هێندە مافی هاوڵاتی بوون بۆ دانیشتوانی بە فەرمی ناناسێت… مۆری حزبی بوون بە ناوچەوانی هاوڵاتیانەوە لە زۆنەکاندا، لەسەروی هەموو یاساو رێسایەکەوەیە… لەزۆنی زەرد هاوڵاتی بەهۆی بیروباوەری سیاسی ناتەبای لەگەڵ پارتی ناتوانێت دەستی لە کارێک گیر بێت و مافی هاوڵاتی بۆ فەرمی بناسرێت، لە زۆنی سەوز بەهەمان شیوە، کەسێکی پارتی ناتوانێت بە ئاسانی کارێکی دەست بکەوێت… ئەوە لە مەیدان و قەڵەمرەوی سیاسیدا خراپتریشە و دەسەڵات لە زۆنەکان بۆ پاوانی دەسەڵاتی سیاسی زۆنەکەیە… لە دۆخێکی ئاوادا کە دەسەڵاتی سیاسی خۆی خوڵقێنەر و پایەی مانەوەشیەتی، دژ بەیاسای مافی هاوڵاتی بوونە… واتە لێرەوە هەڵاواردنێکی یاسایی لەسەر بنەمای بیروباوەر و سیاسی ئامادەیە… جیا لەوانە دەسەڵاتی زۆنەکانی هەرێم بۆ یاساکانیان لەجیاتی پشت بەستن بە یاسای مەدەنی و هاوڵاتی، دین و شەرعیان کردۆتە مەبنای یاساکانیان، و هەلاوردن و بیمافیان کردۆتە یاسایی و مافی تاک و هاوڵاتی لە کۆمەڵیک پیرۆزی دینی ومەزهەبی پێچراوە… لە پاڵ ئەو راستیانەدا، ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان سەخت و بێ موچەیی و بیکاری، بی ئەوەی لەبەرامبەردا بیمەی بێکاری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی هەبێت، وای کردووە هاوڵاتیان لە ژێر گوشارێکی زۆر سەختی بەڕیوەچوونی ژیاندا بن… هەموو ئەوانە ژینگەیان بۆ تاوان و تاوانکاری خوڵقاندووە… زۆری تاوانە زۆر و زەبەندەکانی کۆمەڵگەیەکی ٦ ملیۆنی لە کوردستاندا، ریشەی لەو واقعیەتەدایە.
هاوڵاتیان ئەگەر ژیانێکی گونجاو و شیاویان نەبێت، نان و لانی کەمی خۆش گوزەرانیان نەبێت، مافە زۆر سەرەتاییەکانیان زامن نەبێت، مافی فەردیان نەبێت، بیکار و بێ موچەو خزمەتگوزاری بن، ژن و پیاو لە بەرامبەر یاسادا یەکسان نەبن، سادەترین شت ئەوەیە رادەی تاوان و تاوانکاری زۆر بێت… لەوەها حاڵەتێکدا کە تاوان ژینگەکەی بۆ ئامادەکراوەو تادێت ئاستی تاوان و تاوانکاری زیاد دەبێت و یاساش هەم کۆنەپەرست و هەم نابەرابەر و جیاخواز بێت… ناکرێت روو لە میدیا و راگەیاندنەکان بکەیت، هەواڵەکانی تاوان و تاوانکاری نەگوازنەوە و روماڵی نەکەن… دیارە بەشیوەی مۆدێردن و پرۆڤیشناڵ… روماڵکردنی تاوان و تاوانکارییەکان خۆیان تاوان نین و بەشیکن لە کاری ئازادی رۆژنامەگەری، بەڵکو چۆنیەتی روماڵکردن و گواستنەوەی لایەنی سەرەکییە، رۆماڵکردنی هەر هەواڵێکی تاوان و کوشتن، دەبێ ئینسان و بەهای ئینسانی بپارێزێت، خۆی لە بریاری پیش وەختەی تۆمەت و سوکایەتی و تۆمەتبارکردن بەدوور بگرێت….
لە هەموو ئەوانە گرنگتر ئەوەیە، لایەنی بەرپرس بەر لەوەی تەنها چاوی لەوە بێت سنور و رێ وشوێن بۆ دەزگا راگەیاندن و میدیاکاران و سزاو پاداشت، ببەخشێتەوە، و سانسۆر بخاتە روماڵکردنی تاوان و تاوانکارییەکان، کە خۆی بەرپرسیاریەتی سەرەکی بەر دەکەوێت، ئەرکیەتی پەنجە بۆ هۆکارەکان و سەرچاوەکانیان رابکێشێت و هەوڵی لەبەین بردنیان بدات.. دزی هۆکارەکەی نەبوونی و ناچارییە… خۆ کوشتن رەنگدانەوەی داکوژانی هەموو ئومێدێکە… کوشتار و کوشتن، بەجیا لەهەر پاساوێک نەبوونی یاساییە بۆ سەندنەوەی ماف یان بەرگری لێکردنی.
کۆمەڵگەی تەندروست و خاڵی لە تاوان و تاوانکاری، تەنها دەتوانرێت رەنگدانەوەی دەسەڵات و سیستەمێکی سۆشیالیستی و خاڵی لە ستەمی چینایەتی و یان لانی کەم تەندروست و مۆدێرن و ئینسانی بێت، کە ئینسان بێ گوێدانە قەوم و دین و رەگەز و تایفە و بیروباوەر و…تاد، بەهای تەواوەتی خۆی هەبێت و یاساش بەرگری لە بەها جیهان داگرەکانی بکات.
عەبدوڵا مەحمود