سانسۆر و سپانسۆری تاوان!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

کەشوهەوایەکی پانوپۆڕی ڕق و نەفرەت کە کوردایەتی و دینی سیاسی و ئیسلامیەکان باوەشێنی دەکەن و گەورەی دەکەن، خەریکە هەر ڕۆژە تاوان و تاوانکاریەکی تازە دەخوڵقێنێ. قەسابخانەی گرێزە و هەولێر و روداوەکانی تری جەرگبر و ویژدانهەژێنی هاوشێوە، دەرکەوتنی سوچێکی ئەم نەفرەت و کینە کوێرانەیە بوون کە ئیسلامی سیاسی و تۆڕەکانی لە سایەی دەسەڵاتی کوردایەتی بەو پەڕی ئازادی و دەستکراوەییەوە بانگەشەی بۆ دەکەن.

بۆ کەسانێک کە لەم کەوکەبە داماو کراوەی کوردستانی ژێر سایەی کوردایەتی و دینی سیاسیدا ناژیت و هەموو ڕۆژێک ئەم قیامەتی ڕق و نەفرەتە کوێرانەیەی بەرگوێ ناکەوێ  کە  هەر ڕۆژ و لە دەیان و سەدان مینبەرەوە  ژن و ژیان و جوانی و مەدەنیەتی ئەو مرۆڤایەتیە حی علی الصلاة  سەرکۆنە و تەکفیر دەکا،  بۆیان قورس بێ  راددەی کۆنەپەرەستی کوردایەتی دەسەڵاتدار و ئیسلامی سیاسی هاوجمکی دەرک بکا، رەنگە وا خەیاڵ بکا کە ئەم دەسەڵاتە سەرەنجام  کارێک دەکا. دوکان و بازاڕی ئەم ڕق و کینە دینیە کوێرانەیە کە دەڵاڵانی دین لە جوڵانەوەی کەللەشەقی ئیسلامی سیاسی کۆنتڕۆڵ دەکا و ئەرکێک بۆ بەرگری لە حورمەت و کەرامەتی ئەو خەڵکە و بۆ بەرگریکردن لە ئاسایش و سەلامەتی ئەو کۆمەڵگەیە و مەدەنیەتەکەی بۆ خۆی لەبەرچاو دەگرێ.

وەک هەمیشە بە پێچەوانەی ئەم چاوەڕوانیەوە دەسەڵات ئەرکی سانسۆرکردنی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی پەیوەست بە تاوان و تاوانکاری لە جیاتی بەرەنگاربوونەوەی هەڵبژارد. میدیاکانی خۆی بۆ شاردنەوە و دیزەبەدەرخۆنەکردنی ئەم کوشتار و تاوان و تاوانکاریە ڕاسپارد. ئەمە لە یەک وشەدا واتای ئەوەیە کە دەسەڵاتی کوردایەتی خەریکە سپانسۆری تاوانکاری و کوشتن و بانگەشەکەران و پیادەکەرانی دەکا. واتا خەریکە ناوچەیەکی تاریک و زۆنێکی ئارام دروست دەکا بۆ ئەوەی بانگەشەکەرانی ئەم  ڕق و نەفرەت و دەمارگیریە لە تۆڕەکانی ئیسلامی سیاسی، لە بانگخوازی موجاهید و ئاخوندی بێبەندوباری دژە ژن و دژە مەدەنیەت و دەڵاڵ و بازرگانانی دین لە سایەی ئەو سانسۆرە میدیاییەدا بێ ترس لەوەی کە بکەونە بەرچاوی کۆمەڵگە، هەر ژەهرێک بڕێژن لە دژی ژن و مەدەنیەت، لە دژی پێکەوەژیان و شتە جوانەکانی ژیانی ئەو خەڵکە.

ئەمە دیسانەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی خەریکن لەسەر ڕق و نەفرەت و کینە دینی و کۆنەپەرەستانەیە دەلەوەڕێن. سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەم دوو جوڵانەوەیەی چینی دەسەڵاتدار لەوە نان دەخۆن کە کۆمەڵگە و بەشەرییەت لە جیاتی دڵبەستن بە ژیان و جوانیەکانی ژیان و مەدەنیەت و بەیەکەوە هەڵکردن، هەرچی زیاتر گیرۆدەی نەفرەت و کینە و ڕق لەیەکهەڵگرتن بێت.

هەرچی بکەن و هەرچەند بکۆشن بەڵام ئێمە و ئینسانیەتی ئازادیخواز لێناگەڕێین دەڵاڵانی دین لە جوڵانەوەی  کوردایەتی و بازرگانانی دین و مەلا و ئاخوند و بانگخوازی ڕەنگزەردی دژە ژیان، بخزێنە تارکیەوە  و لەو پشتەوە  بە کۆمەکی ئەم بێدەنگیە میدیاییەی دەسەڵاتی کوردایەتی خەریکی بڵاوکردنەوەی تۆڕی  بیروباوەڕ و ئەخلاقیاتی  سیخناخ بە تاوان و  تاوانکاری و ڕق و نەفرەتی کوێرانەی خۆیان بن کە هەر ڕۆژێک تاوانێک لە داوێنی دەکەوێتە خوارەوە. ئێمە لایەنە جوان و ڕووناکەکانی مرۆڤ لە جوانیپەرستی و یەکتر خۆشویستن و بەیەکەوە ژیان کە ڕیشەی لە شەرافەتی پاکی مرۆڤدایە بە گژیاندا دەکەین. ئەگەر ئەو کۆنەپەرەستیە دەست دەبا بۆ تاریکترین لایەنەکانی وجودی مرۆڤ، پەنا دەبەنە بەر ڕق و دەمارگیری، ئێمە پەنا دەستدەبەین بۆ میهرەبانی و یەکتر خۆشویستن و یەکسانیخواز و ئەخلاقیاتی باڵای مرۆڤانە. ئێمە لێناگەڕێین کە ئەم کۆنەپەرەستیە دوسەرەیەی کوردایەتی و دینی و سیاسیە ئیسلامیە پیسی و بۆگەنیوی خۆیان بشارنەوە. لە هەر قوژبنێک تاوان و پیسیەکانی خۆیان بشارنەوە ئێمە دەیانخەینە ژێر بلاجکتۆرەوە و دەیانخەینەوە  ژێر ڕوناکیەوە.

ئەمە جەدەلێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی گەورەیە کە سەرێکی تاریکپەرەستی و مردنپەرەستی و ڕق و نەفرەت و دژایەتی مەدەنیەت و دوژمنایەتی ژن و هەموو جوانیەکانی ژیانە. سەرەکەی تری، سۆسیالیزم، ئازادیخوازی و ئازادئەندێشی و خۆشویستنی جوانیەکانی ژیان و خواست و ویستی شەریفانەی مرۆڤە لە پێناو چارەنووسێکی باشتر و لە پێناو ژیانێکی ئازاد و یەکسان بۆ هەموان.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.