”پڕۆسەی ئاشتی” لە تورکیا و کێشەی کورد …. عەبدوڵا مەحمود
“دوای زنجیرەیەک کۆبونەوەو لێدوانی نیوان بەرپرسانی تورکیا و دەم پارتی، سەرئەنجام عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە، لە بەرواری ٢٧ شوبات، پەیامی چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی راگەیاند دەوڵەتی تورکیاو پەکەکەش پێشوازیان لەو پەیامە کرد. بەڵام ئەوەی تا چەندە ئەم پرۆسەیە بە ئاکام دەگات، ناڕۆشنە، بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا زۆتر بەدوای ئامانجەکانی خۆیەوەیەتی تا پابەندبوون بە هیچ ڕێکەوتنێک و دانی هیچ ئیمتیازێکی بەرجەستە بەلایەنی بەرامبەر.
دیارە پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندان و لەدۆخی گۆشەگیرییەوە، ناتوانرێت وەکو پەیامیێکی ئازاد و سەربەخۆ و ئیرادەیەکی ئازاد لێی بڕوانرێت… کەسی زیندانی و گۆشەگیرکراو ناکرێت گوشار لەسەر لێدوان پەیامەکانی نەبێت… هەر ئەوەش هۆکارێکە بۆ هیشتنەوەی ئۆجەلان لە زینداندا، بۆ چارەکە سەدەیەک.
لێدوانی ئۆجەلان بۆ چەک دانانی پەکەکەو هەڵوەشاندنەوەی… لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە وەکو راگرتنی تیرۆر و کۆتاییهێنان بە تیرۆر وێنادەکرێت و بۆ پەکەکەو هیڵی ئۆجەلانیش لە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورددا، بۆ گۆڕانی سەردەم و گوێزانەوەی خەبات بۆ مەیدانی سیاسی و یاسایی و دیموکراسی! دەخوێندرێتەوە.
دیارە شیوازی چەکداری لە جوڵانەوەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورددا، دەمێکە بە بنبەست گەیشتووەو ڕیگایەک نییە بۆ گۆرانی هاوسەنگی و گوشار دروستکردن لەسەر دەوڵەتە ناوەندییەکان. بۆیە دەستبەرداربوونی چەک و چەک دانانی پەکەکە، نەک هیچ زیانێک بە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و پەکەکە ناگەیەنێت، بەڵکو بەکردەوە لەژێر زەبری قوربانیدان و زەربەخواردن دەیپارێزێت و بە سودی بزوتنەوەی جوڵانەوەی نەتەوەپەرستی کوردە و هاوکات بەسودی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و جوڵانەوە رادیکال و شاری و پیشکەوتنخوازەکانە.
تا ئەو جێگایەش بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەگەرێتەوە، ڕیگەگرتن لەوەی پەکەکە لە مەیدانی سیاسی و یاسایی و دیموکراسیدا!! هەڵسوڕان بکات، پیچەوانەوەی بانگەشەکانی دەوڵەتی تورکیا و پێچەوانەی ویستی ئۆجەلانیشە بۆ رەخساندنی زەمینەی سیاسی و یاسایی.
دەوڵەتی تورکیا، لە گۆشەنیگای کۆتاییهێنان بە پەکەکە، دەیەوێت پرسی نەتەوایەتی لە تورکیادا، کۆتایی پێ بهێنێت، لە کاتێکدا کۆتاییهێنان بەپەکەکەو هەر هیزێکی تر کە بەبۆنەی پرسی کوردەوە لە گۆرەپانەکەدا هەیە، بە کۆتاییهێنان بەزولمی نەتەوەیی و ستەم لەسەر خەڵکی کوردستان کۆتایی پێدێت.
دەوڵەتی تورکیا، لەدوای لاوازبوونی” بەرەی بەرگری” و رۆڵی ئیران لە ئاستی ناوچەکەو روخاندنی دەسەڵاتی ئەسەددا، دەیەوێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە و جێگای ئیران لە ئاستی ناوچەکەدا بگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە لەلایەکەوە دەیەوێت هەژموونی خۆی بەسەر دەوڵەتی سوریای دوای ئەسەد بسەپێنێت و لەو رێگایەوە کۆتایی بەدەسەڵاتی هەسەدە و هیزەکانی لە رۆژئاو بهێنێت و پرسی کورد خامۆش بکاتەوە، کە بەشێوەیەکی بەرجەستە هاتۆتەوە ئارا. لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت بە کۆتاییهێنان بە پەکەکەو هەڵوەشاندنەوەی پرسی کورد لە توکیادا کۆتایی پێ بهێنێت.
بۆ دەوڵەتی تورکیا، کۆتاییهێنان بە پەکەکە کۆتاییهێنانە بەو هیڵەی ئۆجەلان لە جوڵانەوەی ناسیونالیستی کورد لە ناوچەکەدا… هێڵی سیاسی ئۆجەلان و پەکەکە لە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورددا، ئامادەیەکی ناوچەیی هەیە، بە جیا لەتورکیا، لە عێراق و ئیران و سوریادا حزبی هاوشێوو هاوخەتی خۆی هەیە… هەژموونی سیاسی ئۆجەلانیش بەسەر هەموو ئەو هێزانەدا زاڵ و تەنانەت بڕیاردەرە. جیا لەوانە پەکەکە و هیڵی ئۆجەلان، کێبەرکیی سەرەکی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەکەن، لە پێناو هەژموونی بەسەر بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا. کێبەرکێی و ململانێی بەردەوامی پارتی و پەکەکە لە بنەرەتدا دەگەرێتەوە بۆ شەری دەسەڵات و هەژموونی بەسەر بزوتنەوەی ناسیونالیستی لە “کوردستانی گەورە” و هەر چوار بەشی کوردستاندا.
بۆیە ئەگەر بریاری چەک دانانی پەکەکە ئاکامی بن بەستی شیوە خەباتی چەکداری و پارتیزانی و بەسودی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و هەموو بزوتنەوەیەکی پیشکەوتنخوازانەیە، بەڵام بریاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە وێنەی هێزێکی سیاسی، گورزێکی گەورەیە لە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لەناوچەکەو هەر چوار بەشی کوردستاندا. دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت و ڕیگەی هەڵسوڕانی ئازادانەی سیاسی و یاسایی بە هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی لە چوارچیوەی بەرگری لە هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسی نادات، ئەمە کیشەی سەرەکی دەوڵەتی تورکیا و سەرچاوەی پشیوی سیاسی ناوخۆی تورکیا و لە داهاتوشدا ئەو پشێوییە سیاسییە زیاتر دەکات.
هەر ئیستا کە باسی چەکدانانی پەکەکەو خۆهەڵوەشاندنەوەی هەیە، دەم پارتی لەناوخۆ تورکیادا و ئەندام پەرلەمانە کوردەکان و سەرۆکی شارەوانییەکان، بەبەردەوامی لەبەردەم هەرەشەو لادان و دورخستنەوەو دۆسیە بۆدروستکردن و زیندانی کردندان… وە بەدەیان هەزار ئینسان بە هۆکاری سیاسی لە زیندانەکانی توندکراون… بەشی زۆری ناوچە کوردنشینەکان، پەراوێز و میلیتاریزە کراون، بەڵام نەک ئاسۆیەک بۆ چارەسەری پرسی نەتەوایەتی لە تورکیادا نییە، بەڵکو ئامادەنین بەشی ناسیونالیزمی کورد، لەدەسەڵاتدا بە فەرمی بناسن و بەشداریان پێ بکەن.
جەنگ و ململانێی نێوان بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد دەوڵەتی تورکیا و ناسیونالیزمەکەی، لەسەر دەسەڵات و بەشی ئەو دەسەڵاتەیە، نەک لەسەر چارەسەری پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوایەتی بەسەر خەڵکی کورد زماندا. تەنانەت نە لەپەیامەکەی ئۆجەلان و نە لە زمانی بەرپرسانی تورکیادا باسێک لە بوونی زوڵمی نەتەوایەتی و کۆتاییهێنان بەو مەسەلەیە لە ئارادا نییە…
ئەوەی کە تازەیە لە دەولەتی تورکیادا، حاشاکردن لە بوونی کورد کۆتایی هاتووەو دان بەبوونی کورددا دەنێن، بەڵام هێشتا ئامادەنین دان بەبوونی ستەم و بیمافی خەڵکی کورد زمان لە تورکیادا بنێن. خودی دان نان بە بوونی کورددا، بەبێ داننان بە بوونی ستەمی نەتەوایەتی بەسەر خەڵکی کوردستاندا، کیشەی خەڵکی کوردستان بەهیزی خۆیەوە دەهێڵێتەوە. تەنانەت بەشداری پیکردنی ناسیونالیزمی کورد لە دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیادا، ناتوانێت وەڵام بە کیشەی خەڵکی کوردستان بێت… هەڵاواردن و قڵشتی سیاسی لەسەر بنەمای قەومی لە بنەرەتدا دەرهاویشتەی سیاسەتی قەومپەرستانەی توکیایەو ناسیونالیزمی کوردیش دنەدەر و پەرەپێدەری ئەو قڵشت و درزەیە لە پێناو بەشداربوونی لە دەسەڵاتی سیاسی و چنگگیربوون لە داهات و بەرگری لە چینی بۆرژوازی کورد. ناسیونالیزمی کورد و لەوانەش پەکەکەو خەتی سیاسی و دنیا بینی ئۆجەلان، لە پێناو بەرگری کردن و نوێنەرایەتی کردنی بەرژەوەندی بۆرژوازی کوردە. بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، بەخۆ بەستنەوە بە بزوتنەوەو ستەمی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستانەو و زاڵکردنی هەژموونی خۆیان بەسەریدا، لەپێناو بەشدارییە لە دەسەڵاتدا… ئەم ئەزموونە لە عێراقدا زیاتر لە ٣ دەهەیە ئامادەیی هەیە… زیاتر لە ٣ دەهەیەیە ناسیونالیزمی کورد لە دەسەڵاتی مەرکەزی عێراقدا ئامادەیی هەیە، بێ ئەوەی کیشەی کورد وەڵامی وەرگرتبێتەوە.
بەشداری ناسیونالیزمی کورد لە دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیادا، بەهیچ جۆرێک وەڵام بە چارەسەری کیشەی کورد نییە، بەڵكو ریگری کردن لە چارەسەرەکەیەتی. ناسیونالیزمی کورد لەهیچ برگەیەکدا نەبۆتە بەشیک لە بزوتنەوەی نارەزایەتی شاری و پشتیوانی لە بزوتنەوە رادیکال و شۆرشگێرە جەماوەرییەکان لە ئاستی سەراسەریدا. لە وڵاتێکی وەکو تورکیادا، کە لێوان لێوە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە پێناو ماف و داخوازییەکانیاندا، بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد نەک بەشداری لەو جموجۆڵە کۆمەڵایەتی و سیاسیانە نەکردووە، تەنانەت ئامادەنەبووە پشتیوانی خۆیشی بۆ رابگەیەنێت.
چارەسەری کیشەی کورد چ لە تورکیاو چ لە بەشەکانی تری کوردستاندا، بەجیا لە شۆرشی سۆشیالیستی و کرێکاریی، لە گرەوی گۆرانی دەسەڵاتی ناوەندی بەدەسەڵاتێکی مەدەنی ناقەومی گرێی خواردووە کە هاوڵاتیان لەبەرامبەر بە یاسادا یەکسان بن، یانیش لە ئاڵوگۆرەکاندا هاوسەنگی هیز دەسەڵاتیان لاواز و گۆشەگیر بکات و وەکو ئەمری واقع ئەم کیشەیە بخەوێنرێت. تا دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتانەدا لەسەر بنەمای قەومی و دینی و مەزهەبی بێت، باسی مافی یەکسانی هاوڵاتیان وەهمە. هیچ هیزێکی ناسیونالیستیش ناتوانێت هەڵگری رێگا چارەیەکی کارسازو شۆرشگێرانەو پیشکەوتخوازانە بێت بۆ چارەسەری پرسی کورد، ڕیگەدان بە بە هیزی سیاسی بەوەی هەلسورانی سیاسی و یاسایی بکات لە تورکیادا، بەمانای کۆتاییهێنان بە پرسی کورد نییە و چارەسەری ئەم پرسە ئەرکی چینی کریکار و هیزی مۆدێرن و پێشکەوتنخوازە.