دانوستاندنی هەولێرو بەغدا، بۆ دوبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات و داهاتە…! نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
دانوستاندنی هەولێرو بەغدا، بۆ دوبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات و داهاتە…!
نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە پرسی دوبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نیوانیان و ئاسیکردنەوەی ئەو هەلومەرجە، سەرەکیترین پرسی ئەم رۆژانەیە. هات و هاوارو تامەزرۆی بۆرژوازی کورد و راگەیاندنی ئامادەیی هەموو رۆژەیان بۆ دەسپێکردنەوەی دانوستاندنەکان و بێدەنگی و گوێنەدانی بەغدا بۆ داواکانی بۆرژوازی کورد بۆ دەسپێکردنەوەی گفتۆگۆکان، بەشێکە لە ململانێیەکی ئاشکرا، وەکو پێشمەرجی دانوستاندنەکان.
ناسیونال-ئیسلامی شیعی، مەستی سەرکەوتنی بەسەر داعش و گورز وەشاندن لە رەوتی بزوتنەوەی ناسیونال- عەرەبی سونی و گەڕانەوەی سوپا و قەڵەمرەی دەسەڵاتی بۆ بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ لە کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان… بەشوینێک گەیشتوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکان و رەوتە سیاسیەکان تەنها لە گۆشەنیگای ئەمری واقعی تازەدا دەبینێ. هەر لەو روانگەیەشەوەیە کە ئامادە نییە بە سانایی هەڵوێستی ئەرێنی لەبەرامبەر بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردا بۆ دانوستاندن نیشان بدات.
دیارە دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لە نیوان بەغداو هەرێمدا، حەتمی و چاوەروانکراوە، و دەستی پیکردووە، بەڵام وەکو پێشتر و پێش چەند مانگ مانگێک ئاماژەم پێداوە، بەغدا کە خۆی بە براوەو سەرکەوتوو دەزانێت لەبەرامبەر بەهەولێردا، بەخێرایی نایەتە پای گفتوگۆی جدی و دەیەوێت لە هاوسەنگیەکی تەواو نا باڵانسدا، کەخۆی بەهێزو بزوتنەوەی ناسیونالیستی لاواز و موحتاجتر لە ئێستا، بچیتە گفتوگۆی کراوەو جدی لەگەڵیدا… بەڵی بەغدا دەیەوێت بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد بەگشتی حزبەکانی دەسەڵات بەدەست لە کوردستاندا رووبەرووی گوشاری فراوانی جەماوەری زۆرتر بکاتەوە لە پەیوەند بە ناتواناییان لە دابینکردنی ئەو نیوە موچەو چارەکە موچەیەی پێشتر بەچەند مانگ جارێک دەیاندا… دەیەوێت شکستی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی لەبەرامبەر ناتوانیان لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستیەکانی هاوڵاتیاندا بەدەستەوە بگرێت، هاوکات بەغدا لەو رێگایەدا دەیەوێت حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش لە دەسەڵات هان بدات و ململانێی نیوانیان قوڵتر بکاتەوە. بەغدا چەندە لەگرتنەبەری ئەو سیاسەتەیدا سەرکەوتوبێت بەهەمان ئەندازەش لە بەخشینی بەشی ناسیونالیزمی کورد لەدەسەڵات و داهاتی دەورەی داهاتوودا دەستی نوقاوتر و رەزیلتر دەبێ. دیارە چەندە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، بێ تواناتر بێت، بەهەمان ئەندازە سەپاندنی مەرجەکان بەسەریدا ئاسانتر دەبێت.
گومانیش لەوەدا نییە، کە دانوستاندنی نێوان بەغداو هەولێر، نە لەسەر پرسی جێبەجێکردنی ئاکامی ریفراندۆمەو نەلەسەر گێرانەوەی دۆخی دوای ١٦ ئۆکتۆبەرە بۆ پێش ئەو بەروارە… بەڵکو لە بنەرەتدا گفتوگۆیە بۆ دوبارە دابەشکردنەوەی بەشی دەسەڵات و داهات، بە گوێرەی پێشهاتە تازەکان و هاوسەنگی هێزی دەورەی دوای کۆتاییهاتنی جەنگی داعش و بەر لەدەسپێکردنی پرۆسەی دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان.
دیارە بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کورد، بەتایبەت دەسەڵات لە ئێستادا هەم دەیانەوێت هەموو دۆخی کوردستان بگێرنەوە بۆ خەتای عەبادی و حکومەتەکەی تا شانی خۆیان لە شکستی چارەکە سەدەی دەسەڵاتیان خاڵی بکەنەوەو هەم نارەزایەتی خەڵکی کوردستان لەسەر خۆیان بگوازنەوەو بەرەو رووی بەغدای بکەنەوە… هاوکات دەیانەوێت حکومەت و دەسەڵاتیان لەکوردستان نۆژەن بکەنەوە، و ئامادەکاریش بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بکەن.
ئەوەی لە ململانیی نێوان بەغداو هەولێر، لە کێبەرکێی نێوان لێکترازانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد و کێشمەکێشی نێوانیاندا، کەرەستەی کایە پێکردن و بەکارهێنانە، خەڵکی نەدارو بێبەشی کوردستانە… هەموویان لە ژێر ناوی بەرژەوەندی خەڵک و مافەکانی خەڵکی کوردستاندا، جەنگ و ململانێی خۆیان دەبەنە پێشەوە.
چ عەبادی و حکومەتە کرێگرتەکەی و چ دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، ئەگەر تا بەر لە ئاوابوونی خەونی داعش لە عێراقدا، خەڵکی عێراق و کوردستانیان بە پاساوی خەتەری دەرەکی و جەنگ لەگەڵ داعش، پاشەکشە پێکردبوو، شانی خۆیان لە وەڵامدانەوە بە ویست و خواستەکانی خەڵکی عێراق و کوردستان خاڵی کردبۆوە، لە ئیستادا هەریەکەیان دەیانەوێ بە دۆسیەی دوای کەوتنی سەربازی داعشەوە، دوبارە گوێ لە خواست و داواکاریەکانی هاوڵاتیان بخەوێنن.
پێداگری عەبادی لەسەر یەکپارچەیی و گێرانەوەی سەروەری بۆ عێراق، لەکاتێکدا کەخۆیان بەتەواوەتی عێراقیان رادەستی ئاخوندەکان و دەسەڵاتی ئێران کردووە، بەجیا لە ململانێ لەگەڵ رەوتی ناسیونالیستی-عەرەبی سونە، هاوکات بۆ کورتکردنەوەی دەستی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردو کەمکردنەوەی بەشی دەسەڵات و داهاتی ئەو بزوتنەوەیەیە.
بۆ بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کوردیش پێداگری بەردەوام لەسەر دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ عەبادی بۆ ئەوەیە تا هەرچی زووە خۆی لە قەیرانی تەریک کەوتنەوە، خۆی لە ئەزمە و بن بەستی هەمەلایەنەی ناوخۆیی بزوتنەوەکەی، رزگار بکات. وە بۆئەوەیە ببێتەوە بە بەشێک لە دەسەڵاتی فیدرالی و فەرمی و لەو چوارچێوەیەشدا بەشی دەسەڵات و هاوبەشی سیاسی و هاوکات بری بودجەو داهات لەچوارچیوەی هەلومەرجی تازەدا بپچڕێت. دیارە بزوتنەوەی کوردایەتی لە ئێستادا بەرادەیەکی زۆر سەربەخۆیی ئابوری و مامەڵەی بە داهاتەکانەوە لێکهەڵوەشاوەتەوەو لەدەستی دەرهاتووە، بۆیە ئامادەیە هەموو سەرچاوەکانی داهات لە چوارچیوەی ریکەوتننامەی داهاتودا رادەستی بەغدا بکات…بەمەرجی ئەوەی بەغدا بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات.
دیارە ئەوە واقعیەتە لەهەرکام لەجۆرەکانی ململانێی نیوان هەریم و بەغداددا، خەڵکی کوردستان هەم زەخیرەن و هەمیش زیان بەرکەوتوو… هەم کەرەستەن و هەم قوربانی… بۆیە ئەوەی دەتوانێت ئەم هاوکێشەیە لە ململانێی نیوان بەغدا و هەولێردا تێک بدات… هاتن و روڵگێرانی خەڵکە لە ململانێی بەغداو هەولێردا… بەهەر ئەندازە خەڵکی کوردستان ئەکتیف و کاراو لەمەیداندابن بۆ خواستەکانیان، هەم دەتوانن بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لە مەنگەنە بدەن و هەمیش دەتوانن ببنەگوشاری بەهێز بەسەر بەغداو تەماحە بی بنەماو بێ پایەکانی لە کوردستاندا. هەنگاوی یەکەمیش ئەوەیە خەڵکی کوردستان بەهیچ جۆرێک فریوی فریوکاری دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی نەخۆن، ململانێی و بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ بەغدا پەیوەندی بە ویست و ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە، بزوتنەوەی کوردایەتی دەیەوێت دوبارە و دوای شکستێکی ئابروبەرانە، ببێتە بە هاوبەش لەبەغدا و زامنی درێژەدان بەدەسەڵاتدارێتی بەسەر خەڵکی کوردستاندا بکات و بەردەوامیش بێت لە قۆرغکردنی داهاتی خەڵکی کوردستان لەدەستی خۆیاندا. خودی ئەو ئامانجانەی ناسیونالیستی کورد، میحوەری ململانییەتی لەگەڵ بزوتنەوەی جەماوەری خەڵکی کوردستاندا بۆ ماف و خواست و داواکارییە رەواکانی… بزوتنەوەی کوردایەتی بەو هۆیەوە لەکوردستاندا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە بۆیە بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە لەبەغدا داوای بەش و داهات دەکات… بەهەر ئەندازە دەسەڵاتی بزوتنەوەی لەکوردستان کەم بکرێتەوە و لەدەست دەربهێنرێت، بەهەمان شیوەش لەبەغدا، بەشی دەسەلاتی لێ دەسەنرێتەوەو مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت. بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و پیشکەوتنخوازانە ئەرکیەتی ڕێو شوینەکان و ئامرازەکانی کۆتاییهینان بەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بخاتە دەستوری خۆیەوە و خۆ ببێتە بەرگریکەر لە ویست و خواستەکانی خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر بەغداو هەر هیزو لایەنێکی تری دەرەکی و ناوخۆیی. دانوستاندنی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ عەبادی و رەوتە قەومی و مەزهەبیەکانی بەغداو هاوشیوەکانی لە عێراقدا، هیچ دەروازەیەکی باشتر بەرووی خەڵکی کوردستاندا ناکاتەوەو لە بنەرەتدا پەیوەندی بە ویست و خواست و مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە.