ئەم تاوانە ناکرێ لە بیر بکرێ! لە پەراوێزی قەسابخانەکەی گوندی گرێزە!…نووسینی: ئیبراهیم حسێن
دوێنێ گەنجێکی تری پەروەردە بووی تیرۆریزمی ئیسلامی ئەندامانی خێزانەکەی لە گوندی گرێزە، قەسابی کرد. بێڕەحم و دڵڕەقانە باوکی نەخۆش و خوشکی ورد و ئەوەی کە کەوتە بەردەستی لە خوێندا گەوزاند. گوایە هۆکاری ئەم هەموو ڕق ئەستوریە دڵڕەقانەیە ئەوە بووە کە باوکی نەخۆش و خزم و کەسی نیگەران بوون لەوەی کە کوڕی موجاهید و موتەددەین ئەوەندە بە ژیان نامۆ و دورە پەرێزبووە لە ژیانێکی ئاسایی و هەوڵیانداوە کە وای لێ بکەن کەمێک لەگەڵ ڕێوڕەوشتی ژیانی ئاسایی نزیکی بکەنەوە.
بەڵام پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە ئەم هەموو ڕقە، ئەم هەموو دڵڕەقی و بێبەزەییە، ئەم هەموو بێباکیە لە پیادەکردنی توندوتیژی و کەراهیەتە لە کوێوە هەڵدەقوڵێ؟ کام جوڵاوە، کام بیروباوەڕ ژینگەی ئەم دڵڕەقی و ڕق ئەستوریە دڕندانەیەی ڕەخساندوە؟
بەهانەکان بۆ پیادەکردنی ئەم دڵڕەقی و ڕق ئەستوریە کوێرانەیە لە ژمارە نایەت. دەکرێ ژن بوون بێت، دەکرێ ئازاد ئەندێشی و بیرکردنەوەی ئازاد بێت، دەکرێ عەشق و عەلاقەی مرۆڤەکان بێت بە یەکتر، دەکرێ مافی گوزارشت لە خۆکردنی ئازاد و نەچوونەژێرباری ئەحکام و عورفی ئەخلاقی نا مرۆڤانەی دینی و ئیسلامی بێت، دەکرێ ڕەخنەکردنی ئەم یان ئەو لایەنی بیروباوەڕی ئەم جوڵانەوە دینی و ئیسلامیە کۆنەپەرەستە و کەللەشەقە بێت. دەکرێ زنجیرەیەکی دورودرێژی بەهانە بۆ ئەو تاوانکاری و دڵڕەقی و کەللەشەقیە هەبێ کە بە ئەندازەی بەرینایی و جۆراوجۆری بوارەکانی ژیانی مرۆڤی هاوچەرخ دەبێت.
بەهانەکان هەر چیەک بن، ئەم کەراهیەت و ڕق ئەستوری و نەفرەت و تاوانکاریە، تەنیا هەڵچونێکی کاتی و لەپڕی ڕقێکی شەخسی گەنجێک نییە کە نەیتوانیبێ کۆنترۆڵی بکا، بەڵکو بەرهەمی ڕق و نەفرەتێکە کە دینی سیاسی و ئیسلامی سیاسی ڕۆژانە باوەشێنی دەکا و هانی دەدا، بەرهەمی خیتاب و گوتاری تەکفیرکردنی هەموو جووانیەکانی ژیانی مرۆڤایەتیە کە رۆژانە لە هەزار مینبەر و ڕێگەوە بانگخواز و ئاخوندی بێکەڵک و هەڵسوڕاوانی موجاهیدی جوڵانەوەی کەللەشەقی ئیسلامی بڵاوی دەکەنەوە، ڕقێکی سیاسی و عەقیدەتی و بنەڕەتی و بە سیستەمکراوی کوێرانەیە و لە داوێنی جوڵانەوەیەکی کەللەشەقی دینی و ئیسلامی و ئایدیۆلۆژیایەکەوە دەکەوێتە خوارەوە کە ڕۆژانە خەریکە تاوان و دەستبردن بۆ تاوانکاری هان دەدا، ژیان و خۆشی دەکاتە کوفر، ئازادی و ئازادانە بیرکردنەوە، عەشق و عەلاقەی مرۆڤەکان بە یەکتر بە تاوان پێناسە دەکا. ئەم ڕق و کەڕاهیەتە کوێرانەیە شەخسی نییە، بە ڵکو لە یەک وشەدا گۆشەیەکی هەمان دڵڕەقی و ڕقێکی کوێرانەیە کە دوێنێ عەلەوێیەکانی کوشتار کرد، پێرێ موسڵی خوڵقاند و هەزاران ئێزیدی ئەنفال و ژن و منداڵی ئەو خەڵکەی کردە کۆیلە و سەبایە و جیهادی نیکاحی داهێنا و هەرچەند مانگ لەمەوبەر لە عێراق یاسای دەستدرێژی جنسی دینی و ئیسلامی بۆ سەر کچانی منداڵی لە عێراقی هێنایە پێشەوە. ئەفغانستانی گۆڕی بە مەملەکەتی بازرگانی حەشیش و تریاک و ژن بوونی کردوە بە عار و شەرم و مەدەنیەتی داماو کردوە. هەمان ئەو ڕق و کەراهیەتیەتە کوێرانەیە کە لە کوردستاندا گۆڕستانی چەندین هەژاری ژنانی بێناونیشانی خەڵق کردوە. بەرهەمی ئەو جوڵانەوە و ئایدیۆلۆژیایەکی کەللەشەقی دینیە کە لە هەر شوێنێک دەرفەتی هەبێ تۆڕی فساد و دوڕویی و بێبەند دوباری و ئەخلاقیاتی نامۆ بە مرۆڤایەتی بڵاو دەکاتەوە.
ئەم کۆنەپەرەستیە ئیسلامی و دینیە لە لەندەنەوە تا سلێمانی خەریکی نیهادینەکردنی ڕق و کەڕاهیەت و گۆڕینی تاوانکاریە بە بەشێکی دانەبڕاوی ژیانی خەڵک.
جوڵانەوەی کوردایەتی و دەسەڵاتەکەی تا ئەوەی هێز و دەسەڵاتێک بن کە بتوانێ و بیەوێ کە بەربەستێکی سیاسی و فکری و مەعنەوی لە بەرامبەر ئەم بزوتنەوە و ئایدیۆلۆژیای ڕق و نەفرەتە کوێرە ئیسلامیە پێکبهێنێ و بەرگری لە مەدەنیەت و بەهاکانی پێکەوە ژیان و یەکتر قبوڵکردن بکا، وەک لاشەیەکی گەندەڵ و بۆگەنیوی لێهاتوە کە ئەم جوڵانەوە کەللەشەقە ئیسلامیە لەسەری دەلەوەڕێ و قەڵەوی دەکا. بە جۆرێک کە کوردستانی گۆڕیوە بە ژینگەیەکی ئازاد بۆ مەلا و ئاخوند و بانگخوازی جوڵانەوەی کەللەشەقی ئیسلامی بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و نەفرەتێکی کوێرانە لە دژی ژن و ئازادئەندێشی و مەدەنیەت.
کوردستان و مەدەنیەتی ئەو کۆمەڵگەیە، ئەگەر بیەوێ بەرگری لە خۆی بکا، ئەگەر بیەوێ دەست بە ژیان دۆستی خۆیەوە بگرێ ناچارە لەبەرامبەر ئەم جوڵانەوە دینی و ئیسلامیە کەللەشەقە و ئەو ڕق و کەڕاهیەتە کوێرانەیەی تۆڕەکانی بانگخواز و ئاخوند و موجاهیدینی موسڵمان دەیانەوێ بەسەر ژیان و شعوری خەڵک و گەنجانی وڵاتدا بسەپێنن ڕاوەستێ و بەرگری لە خۆی بکا. هەر دایکێک و هەر باوکێکی شەریف کە خێری کۆمەڵگە و چارەنووسێکی باشتر و مرۆڤانەتری بۆ ڕۆڵەکەی لا گرنگە، ئەرکیەتی کە ئەوەندەی بۆی دەکرێ ڕۆڵەکەی لە کانون و ناوەندەکانی ئەم جوڵانەوەیە کە کانگەی ئەم ڕق و نەفرەتە کوێرانە سیاسیە دینی و ئیسلامیەن دور بخەنەوە. لە پشتی ڕوخساری هەر موجاهید و بانخوازێکی ڕەنگ زەرد و ڕیشن، دنیایەک دوژمنایەتی ژن، دنیایەک نەفرەت و ڕق لە جوانیەکانی ژیان، دنیایەک تەکفیر و جیهادی قێزەون خۆی حەشارداوە بە جۆرێک ئەو جێگە و گەڕەک و کوچەیەی کە ئەوانە تیادا چالاکن ناکرێ بە شوێن و دەوروبەر و ژینگەیەکی ئارام تەماشا بکرێن.
تا ئەو ڕۆژەی کە ئازادیخوازی سۆسیالیستی و مەدەنیەتی کۆمەڵگە ئەوەندە هێز پەیدا دەکا کە بتوانێ لە دەوڵەتێکی ئازاد ژیانی ئازادی هەموان، کەرامەتی هەموان و مافی هەموان بۆ ژیانێکی ئازاد و خەلاق و پێکەوەژیانێکی سۆشیالیستی هەموان بکاتە یاسایەکی پەیڕەکراوی بێگەرانەوە، ڕاوەستان وموقاوەمەت لە بەرامبەر ئەم کەراهیتە کوێرانە ئیسلامی و دینیە ئەرکێکی لە چار نەهاتوی هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز، هەر دایک و باوک و برا و ژنێکی شەریف و ئازادیخوازە.