دەمەتەقێی نێوان هونەرمەندان… ڕیبوار حەمە شەریف و کاوان قادر

0

ڕێبوار حەمە شەریف: ماوەیەکە سۆشیال میدیای ئەم نیشتیمانە هەڕاج کراوە بە بیریان هاتۆتەوە کە هەندێک کەسایەتی هونەرمەند وشاعیری  نەتەوەیی هەن وبەسەریان بکەنەوە خەڵاتیان بکەن، ئایا ئەم نرخ پێدان وبەسەرکردنەوەیە چی ئەگەیەنێت لای تۆ ؟ 

کاوان قادر: بەڕای من ئامانج لەوەی کە ئەمڕۆ دەگوزەرێت نرخ پێدانی هونەرمەندان وئەدیبان نی یە، بەڵکو یەکلاکردنەوەی نفوزی کوتلەبازی و سیاسی خۆیانە بەرامبەر بەیەکتری، لەلایەکی دیکە ڕزگارکردنی خۆیانە لەو ئەزمە و قەیرانە قوڵەی بەسەر بەسەریاندا هاتوە. هەربۆیە ئەمجارە ئیشیان بە قەلەم بەدەست وهونەرمەندەکان هەیە و دەزگا ڕۆشنبیرییەکان و سۆشیال میدیاکانیان ڕاکە ڕاکیانە لە ئیمتیاز بەخشینەوەو فووکردن بە هەگبەی هونەرمەندان وئەدیبەکاندا و خەریکی تحوفیات بەخشینەوەن. تا لەوڕێگەیەوە عومری نەگریسی خۆیان درێژ بکەنەوە و ئەو هەستی نەتەوەیی ونیشتیمانیەش کە لە شادەماری ئەم جوڵانەوەیەدا دەگەڕێت و خەریکە دەگەنێت ڕزگار بکەن، هەرکەس خەڵاتی ئەمانە قبوڵ ئەکات واژووی کۆیلەتی خۆی دەکات نەک ڕێزلێنان. ئەوانەش کەلە پێناو ئەمانەدا سەرو ماڵیان تیاچوو… ڕۆیشتن ئیترئەوانە بوون بەڕابردوو منەت و کارێکیان پێیان نەماوە، بەڵام ڕەنگە ئەوانەی لە ژیاندا ماون لەو پاشا گەردانی یە فریایان بکەون و ڕزگاریان بکەن.هەربۆیە خەڵاتیان دەکەن… 

ڕێبوار حەمە شەریف: ئایا بەلای تۆوە شیعری نیشتیمان پەروەری واتە بەرگری لە نیشتیمان چی دەورێکی هەبووە لە هێزبەخشین بەو بزوتنەوە کوردایەتییەی ئەمڕۆ کەلێنێکیان دروستکردوە لە نێوان حەقیقەت و واقیعیەتی کۆمەڵگەدا، ڕوونتر بپرسم ئایا خەڵکی ستەم لێکراو هیچ سودمەند بوون لەو شیعرە بەرگریانەی لەو دەورەیەدا کورەی شۆڕشیان پێ گەرم کردبوو؟

کاوان قادر: بەبۆچوونی من شیعری نیشتیمان پەروەری خۆی دەهۆڵێکی پڕوپاگەندە بووە بۆ گەرمکردنی بازاڕی ئەو بزوتنەوەیەی بە ناوی کوردایەتی یەوە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات. شیعری بەرگری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئامانجدارانە وەک داوێکی فیکری ئیشی لەسەر فەرهەنگ وکلتوری کۆمەڵگە کردوە بەمەبەستی هەوێنکردنی خەونی ئازادی نیشتیمانی لەوێوە بتوانن بەهۆی سۆزی نەتەوایەتییەوە پلەو پایەیەک بۆخۆیان بەدەستبێنن، سەرەنجام  ڕۆڵی هونەرمەندو شاعیرەکان  لەکوتانی ئەم دەهۆڵە بۆ زەماوەندی کوڕانی ئاغا  بە ئەرکێکی نیشتیمان پەروەری ئەژمارد دەکرا، سەرەنجام سرود وشیعرەکانیان ئەرکی بەدەسەڵات گەیاندنی نوخبەیەکەی کەمی ڕەنجبەرو سەرمایەداری کۆمەڵگە بوو، هەرکات لە شکست وداماویدا بوبێتن، هەرکات پێویستیان بە فریواندنی  خەڵکی بووبێت، هەرکات لەسەر بەرژەوەندی و بەشەکانیان ڕێک نەکەوتن ئەو دەهۆڵە قەومییەت بەرگوێ دەکەوێت. بەڵێ لەڕاستیدا شیعری بەرگری کورەی شۆڕشیان گەرم کرد، بەڵام ئەو کورەیە تەنها ڕۆڵەی هەژاری ئەم میللەتەی تیا گڕدا.

ڕێبوار حەمە شەریف: ئەی کەواتە  تۆ گەیشتویتە ئەو ئەنجامەی ئەوانەی ڕاستگۆیانە ژیانیان بۆ بەرگری تەرخان کرد لە کوێی کۆمەڵگەدا لەنگەریان گرتوە، ئایا تا ئێستا ئەم ڕێبازە بەردەوامە لە ناو شاعیرەکانماندا ؟

کاوان قادر: پرسیارەکەتان بە ناچاری ڕاکێشمان ئەکات بەرەو جەدەلێکی قوڵتر لەوەی لە چەند دێڕێکدا جێێی بێتەوە، ڕاستی یەکەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی قەرزاری ئەو شاعیرو قەڵەم بەدەستانەیە کە ناوی خۆیان ناوە شاعیری بەرگری – مقاوەمە، ئاخر فووی بڵیندگۆی نەتەوەچێتی ئەوان بوو کەهەزاران گەنجی کرد بەقوڕگی ئاگرەکەدا، شیعرو نەعرەتەکانی ئەوان بوو زەخیرەیان بۆ شەڕی نیشتیمان پەروەری دەناردە شاخ و کونجی زیندان و ژووری ئیعدامەکان، کە ئێستا حزبەکان شانازی بە و ژمارە زۆرەوە دەکەن، بە پێچەوانەی هەر حزبێکی پێشکەوتوو کە ئامانجیان کەمترین قوربانی و زیادترین دەستکەوتە، ئەوان قەڵەم بەدەستەکانی دەورەی ئیستیبدادی بوون کارەکەیان تا ئێرە بوو، پێیان وایە چەوساندنەوە نەماوە وەزیفەکەیان لەگەڵ بەدەسەڵات گەیشتنی بۆرژوازی میللی کۆتایی دێت، چەوساننەوەی نەتەوەیی بە بەشێک و هۆکارێک لە چەوساننەوەی چینایەتی نابینن، ئەوەی کە ڕەش پێستەکان لەلایەن بەریتانی یەکانەوە بەباوەشێک کتێبی ئاینی یەوە چووبوون داگیریان کردبوون پێیان دەووتن، ئێوە خوا ڕەنگی ڕەش کردوون بۆئەوەی خزمەتی سپی پێستەکان بکەن، چەوساننەوەی ڕەنگ، ئاینی، نەتەوەیی و جنسی یەک ڕەگ وڕیشەیان هەیە. شتێک نییە بەناوی بۆرژوازی نەتەوەیی وپێشکەوتووخواز، لەمێژووی چەوساندنەوەی نەتەوەیی کوردا هیچکات هێندەی وەک ئەمڕۆ ئینسانی کورد سوک بێ ئیرادە نەکراوە. هیچ حوکمڕانییەکیش نەیتوانیوە بیکات، بەمەرجێ هاوزمان و هاونەتەوەی خۆی حوکمی دەکات، پرسیارەکە ئەوەیە ئەوانەی ئەمڕۆیان دروست کرد لەکوێ لەنگەریان گرتوە بەڕای من بەشێکن لەو تاوانە، بەدڵنیاییەوە ئەو شاعیرو قەڵەم بەدەستانەی بوونە موستەشاری حزبەکان یان ئەوانەی ئەمڕۆ توحوفیاتی خەڵاتیان پێ دەدرێت وەک مۆکێتێک و لەشکرێکی خەوتوو هەرکاتێک بیانەوێت دەیانکەن بە قەڵغانی پاراستی دەسەڵاتەکەیان . 

Leave A Reply

Your email address will not be published.