پڕۆژەی ڕوناکی یان تاریککردنی ژیان و خاڵی کردنی زۆرتری سفرەکان…

0

لە هەڵمەتێکی نوێ و تازەی دەسەڵاتدا بۆ روتاندنەوەی زۆرتری ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی کوردستان، پرۆژەی روناکیان هێناوەتە ئارا. پرۆژەی روناکی، کە بەڵینی زامنکردنی ٢٤ سەعاتەی کارەبایە، لە جێگای ئەوەی ببێتە ئاسانکردن و ژیان و روناککردنەوەی ماڵ و فینککردن و گەرمکردنەوە و زۆر پیویستی تر کە بە بوونی کارەبا مەیسەر دەبن، هەر لەسەرەتاوە پرۆژەی روتاندنەوەی هاولاتیان و خاڵی کردنی زۆرتری گیرفانی جەماوەری بەش مەینەتی کوردستانە… ئاماژەکان باسی گرانی نرخی کارەبای ٢٤ سەعاتی دەکەن، کە بەهیچ شیوەیەک بەپێی داهاتی تاک و هاوڵاتیان نییە. جیا لەوانە بێ موچەیی و گرانی بازار و پێداویستیەکانی ژیان و تەندروستی و خوێندن و پەروەردە، دەستی ناوەتە بینەقاقای هاوڵاتیان… لەو نێوەدا دەسەڵات لە جیاتی ئەوەی کارەبای ٢٤ سەعاتی زامن بکات و نرخێکی رەمزی لەسەر دابنێت یان پشتیوانی بکات، خۆی بۆتە بەڵیندەرێک کە لەو پرۆژەی دابینکردنی کارەبایەش چاوچنۆکی و قازانج لە پێش هەموو شتیکەوەیە و هاوڵاتی و روناکی بەخشین بەژیان، جێگایەکی نییە. هیچ خێزانیکی کریکار و زەحمەتکیش یان بێکار و قوتابی توانای کرینی چەند سەعات کارەبای نابێت و ناتوانێت لێی بەهرەمەند بێت. کەواتە دووبارە ئارەزووی روناکی و کارەبا، دەبێتە ویستی زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە… زوربەی زۆری هاوڵاتیان کە بەدەست نەبوونی و گرانی و بیکاری و برسێتیەوە دەناڵێنن، یان ناتوانن لەم پرۆژەیە سود مەند بن یان دەبێت بەشی زۆری داهاتیان بۆ کارەبا تەرخان بکەن… ئەم پرۆژەیە بە هەموو پێوانەیەک، پرۆژەی تاڵانی و دزییەکی ئاشکرای ترو هێرشیکی ترە بۆسەر سفرەی جەماوەری بەش مەینەت و تاریکترکردنی ژیان لێیان… لەهەموو گۆشەو کەنارێکی دنیادا پرۆژە خزمەتگوازرییەکانی وەکو ئاو و کارەبا و پاککردنەوەو خەستەخانەو دەرمان و پێدوایستی پەروەردە و فێرکردن و هاتووچۆ… بەپیی داهاتی تاک و هاوڵاتیان، دادەرێژریت و دەوڵەت و دەسەڵاتی بەرپرس پشتیوانی دەکات، تا قورسایی زۆر لەسەر دانیشتوان دانەنێت، کەچی دەسەڵاتی نا بەرپرسی بۆرژوازی کورد وێرای دەیان و سەدان ڕیگا بۆ داتەکاندنی گیرفانی هاوڵاتیان، دیسان خەریکی بەدەستەوەگرتنی رێگای ترە بۆ تاڵانکردنیان و قازانجی زۆرتر بۆ خۆیان و کۆمپانیاکانیان. ئەم پرۆژە تاڵانکارییە دەبێ بکەوێتە بەردەم نارەزایەتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە. ئەگەر بریارە “پرۆژەی روناکی” کارەبای ٢٤ سەعاتی کە مافی سەرەتایی هاوڵاتیانە دەبێ و لێی بەهرەمەند بن، پێویستە نرخێ رەمزی بێت و لەتوانای زوربەی زۆری هاوڵاتیاندا بێت، کەڵکی لێوەربگرن، بۆ ئەوەش پێویستە لەلایەکەوە دەسەڵات کۆمەکی بکات و لەلایەکی تریشەوە دانانی نرخەکەی بەپێی داهاتی هاوڵاتیان بێت.

 هەر لە پەیوەند بە پرۆژەی روناکی و ستەم نادادیەک کە لەپشتی پرۆژەکەیە ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی ئەم هەنگاوە دەکەن و هوشدرای دەدەن بە دەسەڵات… لە بەشێکی راگەیاندندنەکەدا هاتووە:

“وەکو ئاگادارن زیاتر لە 30 ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم داهاتی سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتە بەتاڵان دەبەن و گەلی کوردستان بێ موچە و برسی دەکەن.

بەتایبەتی لەدوای ئابوری بەناو سەربەخۆوە وە لەو ڕوژەوە ئەم دەسەڵاتە نەزانە بڕیاریدا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێ، بێ موچەیی و هەژاری دواکەوتنی موچە دەستی پێکرد.

دەسەڵاتدارە بێ ویژدانەکە لەجیاتی قەرەبوکردنەوەی ئەو دۆخە سەختەی ژیانی هاوڵاتیان و موچەخۆران بەردەوام بە بڕیاری ستەمکارانە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان سەختر دەکەن و گرانی و نەبونی زیاتر دەکەن.

لەم چوارچێوەشدا بە بیانوی دابیکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەیانەوێ نرخی کارەبا بەشێوەیەکی زۆر خەیاڵی گران بکەن و تەواوی هاوڵاتیان بکەنە کرێچی کۆمپانیا حیزبی و بنەماڵەییەکانیان” لە بەشێکی تریدا هاتووە”..له کۆتاییدا ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە لە ئاست ئەم گیرفانبڕینەو هەر ستەمێکی تری بنەماڵە حکومڕانەکانی هەرێم بێدەنگ نابین، ئەگەر ڕانەگیرێن لە ئایندەدا بەهاوکاری سەرجەم چین و توێژەکانی تر هەڵوێستی بەرفراوانمان دەبێت” .

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.