ئەی کێ گەندەڵی مەسرور بارزانی و حیزبەکەی ڕابگرێت!؟… نەژاد عوسمان

0

لە چاوپێخشاندنەوە و بەدواداچون و سەردانیکردنی هەندێک ماڵپەر و سایت، هەواڵی وا سەیر و سەمەرە ئەبیستی و دێتە بەرچاوت، کورد واتەنی نازانی بگری یان پێبکەنیت .

بۆنمونە یەکێک لەو هەواڵانەی ماوەیەک لەمەوبەر کە بینینم، گوایە مەسرور بارزانی لەڕێوڕەسمێک دا بڕیاڕی ڕوبەڕووبونەوەی گەندەڵی داوە لە کەرتی گشتی و بە بەشداری نوێنەرانی دەرەوە و باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا !

من خۆم بە هەستێکی تێکەڵ لە توندی و گاڵتەجاریەوە بینەری ئەو ڕێ و ڕەسمەبووم، دەم و چاوێکی ڕەش و تۆن و دەرونێکی شڵەژاوم بەدی کرد لە سەرۆکێکی ماوەبەسەچووەوە. بەزمانی جەستەیدا دیاربوو ئەو لەگەڵ خودی ناخی خۆیشیدا ڕاست ناکات. وەک هەموو هەنگاو و قسە سواو و نەزۆکەکانی تریان. ئەو هەمیشە پڕە لە ڕقێکی شاراوە ناتوانێ لەکاتی فشار لەسەری ئەوە بشارێتەوە .

کە لافیتەکەی پشتی مەنەسەکەیم خوێندەوە نوسرابوو ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە کەرتی گشتیدا، زەردەیەک گرتمی و وتم باشە خۆ زۆرینەی کارەکانی حکومەت ئێستا کەرتی تایبەتی و ئەهلی بەڕێوەی ئەبات! بۆ هەر کەرتی گشتی؟! یان ئایە هەر کەرتی گشتی گەندەڵی تیایە لەکاتێکدا خودی خۆیان سەری ڕمی گەندەڵین ؟! ئاخر هەموو پنتە سەرەکیەکانی دەسەڵات لای بنەماڵە و حیزب و کەسایەتیەکانیانە! کەواتە ئەوە بنەماڵە و حیزبەکەی ئەوە بەرپرسی یەکەم و کۆتایین لەم وەزعە نالەبارە، ئیتر ئەم سیمینار و کات کوشتنەی بۆچییە؟! ئەو قسانەی ئەو ئێستا ئەیکات هەمووی گاڵتەجاڕیە!

باشە ئەی کەرتی تایبەت و شتەتایبەتیەکانی ترتان کە لە بنەڕەتدا هی گشتیە و ناوەکەیتان گۆڕیوە؟ لەوەشدا پشکی شێری گەندەڵیتان بەرناکەوێت؟! ئێستا ڕێکخراوی حیزبیتان هەیە یارمەتی حکومەت ئەدات، ئەوە گاڵتەجاڕی نییە؟! 

جا ئەو جۆرە بەناو بەرپرسانە کە قسە ئەکەن، خۆ زۆر باش هەست بەوە ئەکەن کە خەڵک و تەنانەت لایەنە دەستەمۆکانی بەرامبەریشیان ئێستا بەهەموو دوعایەکیان ناڵێن ئامین و بە هەموو ئاوازێکیان هەڵناپەڕن، بەڵام ناچاریشن کە هەر بیڕێسن و کاتەکەی پێ بەڕێبکەن .

لای هەمووان ئاشکرایە، مەسرور بارزانی ئێستا حکومەتێکی بێ ئیشی هەیە جگە لە ڕاگەیاندنی کاتی مووچە نەبێت بە دوو مانگ جارێک و بەمەکرەمەی بەغدا، هیچ دەسەڵاتێکی گشتگیری تری نەماوە. بۆیە هەر ئەبێت ئەم خۆدەرخستنە پڕ خەرجی و بێ ئەنجامانە ئەنجام بدات، تەنانەت ئەگەر بۆ ڕەسم گرتن و پێدانی پەیامیش بێت بۆ نەیارەکانی .

ئاخر ئەگەر کەسێک مێشکی ئیش بکات، کۆیلە و بندیوار نەبێت و چاوی کوێر نەبێت ئەو هەموو گەندەڵیەی خۆت و بنەماڵە و حیزبەکەت نابینێت کە ئێسک و مۆخی حکومەتی داڕزاندووە لەهەردوو کەرتی گشتی و تایبەت دا ؟! کەچی وا ئەدوێن بەس لە کەرتی گشتیدا دزی سەدە هەبێت؟! گەلی برادەرینە ئاخر ئەوە زۆر پێکەنیناویە، گوایە جەنابیان ئاڵای ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی بەرزکردۆتەوە! ئاخر شۆڕشی دژە گەندەڵی دژی کێ ئەکەیت ؟! ئەبوایە ئێستا تۆ و سەرانی حیزبەکەت و هاوبەش و هاوئاوازەکانت لە بەردەم دادگایەکی بێلایەندا بوەستێنرایتایە و سزای خۆتان وەربگرتایە لەهەمبەر سیاسەتی بە ساجی عەلی کردنی خەزێنەی گشتی و دەوڵەمەندکردنی حیزب و ڕێکخراو و بانکەکانی خۆتان و بنەماڵەکەتان. لە پای ئەو حوکمە شمولی و داپڵۆسێنەرەی پیادەی ئەکەیت بەرامبەر هاوڵاتیانی خۆت و ئەو خزمەتەی بە دوژمنانی ئەکەیت .نەک ئێستا تۆ سەرۆک بیت و خۆت بکەیت بەسەرمەشقی چاکسازی و پاکسازی. ئێ خۆ ئێمە ئەوە ئەزانین کە ماسی لەسەرەوە بۆگەن ئەکات و قادرمە ئەبێت لەسەرەوە بماڵرێت بۆخوارەوە! خۆ لەسەر هەسارەیەکی تر ناژین ئەزانین چیتان هەیە و چیتان دزیوە بەجۆرێک کە بەشی حەوت پشتتان بکات؟! کە ئەگەر قەراربێت بە مووچە و ئیش ئەو پارەیەتان کۆبکردایەتەوە بە هەزاران ساڵ نەتانئەتوانی ئەو بڕە بێ ئەندازەیەتان هەبێت. ئەگەر نەک سەرۆک خوای ئەکرد خاوەنی مایکرۆسۆفت و مێتا و ناساش بونایە ئەو دەستکەوتەتان نەئەبوو کە ئێستا هەتانە ؟!

خەڵکی نوخبە ئەوە ئەزانێت کە ئێوە خاوەنی هیچ بەهرەیەکیش نین تا بەهرەکەتان بوبێتەهۆکاری ئەو داهاتە خەیاڵیەتان !

کەواتە ئەوە مەعلومە، کۆشک و بانک و مەزرعەی ئەسپ و زانکۆ و تەیارەی تایبەت و پارە و ڕەتڵی سەیارەکانتان، دینار بەدیناری هی میللەتە .

بۆیە بەڕێوەچوونی ئەو جۆرە سیمینارە گاڵتەجارانە هێندەی ئیش دۆزینەوەیە بۆ خۆت و ستافەکەت و کردنی قسەی بێناوەڕۆک و ئاست لاوازیە، هیچ سەنگ و قورساییەکی لای خاوەن عەقڵەکان نییە .

کەواتە کە ئێمە ئەو ڕاستیانە بزانین، ئێمەش ئەرکمان ئەکەوێتە سەر، ئەبێت لێرەدا کار بۆ ڕاگرتنتان بکەین .

ڕێگە نەدەین چیتر کوردستان بەتاپۆی سوری ماڵە باوانیان بزانن و سەرخان و ژیرخانی تاڵان بکەن و لەسەرو هەمووشمانەوە دابنیشن و هەموو کەس بە دز و بکوژ و خائین و گەندەڵ و تیرۆ/ر/ست لەقەڵەم بدەن و خۆیشیان وەک خدری زیندە و ڕۆزیدەر و گەورە و سەرکردەی بێ هاوتا !

جا بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەو هاوکێشەیە ئەبێت لە هەنگاوی یەکەم دا هیچ کاتێک نابێت تەبەنی قسەکانیان بکرێت و سۆزمان بۆ درۆ و چەواشەکارەکانیان هەبێت، چونکە ئەوانە هیچ کات خۆیان بە بەرپرسیاری دۆخەکە نەزانیوە. ئەوان خۆیان و خراپترین بونەوەری بنەماڵەکانیان وەک فریادڕەس و پیاوی چاک لە قەڵەمداوە، لەبەرامبەردا هەموو کارە خراپەکانیان داوە بەسەر شانی بەرامبەردا وەک وابێت ئێمەی خەڵکی سادە دەسەڵاتمان هەبووبێت و حوکمەت لەژێردەستی ئێمە بوبێت.

ئینجا پاش ئەوە هەوڵ بدرێت بەردەوام مێژوو و کارە قێزەون و خیانەتە بەردەوامەکانیان لە جیهانی ئێستای سۆشیال میدیا دا بێ پسانەوە و هیلاک بوون پیشانی خەڵک و دونیای دەرەوە بدرێتەوە، تا ژمارەی خەڵکی هۆشیار زیادبکرێت و هێندە خەڵکیان لەلا ساویلکە نەبێت .

ئەبێت لە سۆشیال مێدیا زەبەلاحەکانیانەوە کۆمێنتمان هەبێت، پەیج و سەکۆی سەفارەتەکانیان لێ پڕبکەین بە ڕەخنە . ئەم کارانە لە ئێستادا، ئەزعەفولئیمانە کە بتوانرێت ڕێگە لەو پاوانخوازی و زیاتر بەهەدەردانی سەروەتی گشتی و دروشمی پەرێزپاکی درۆینەیان بگرێت.

تا زۆر باش ئەو ڕاستیە بچەسپێ کە ئێستا سەردەمی شاخ و ساڵە سەرەتاکانی ڕاپەڕین نییە خەڵک هەر چەپڵەتان بۆ بکوتێت و ڕوبەڕووی لێپرسینەوەتان نەکات و وەک جیلێکی پاک و بێتاوان بتان ناسێنن

Leave A Reply

Your email address will not be published.