بزوتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران و بەدەستەوە گرتنی ئەزموونی نوێ!… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
لە ٢٣ و ٢٤ مانگی شوباتدا، بەشێک لە مامۆستایان و موچەخۆران لەسەر ڕێگەی عەربەت-سلێمانی خێمەیان هەڵدا بۆ رێگری لە دزینی نەوتی خەڵکی کوردستان و ڕیگەیان لەو تانکەرە نەوتانە گرت کە بەشێوەی بەردەوام نەوت بە شیوەی نایاسایی و قاچاغ دەگوازنەوەو کۆمپانیاکان و سەرانی حزبی دەسەڵاتدار لە خێروبێرەکەی دەخۆن و هێزی سەرکوت و فریوکاریشی پێ قەڵەو دەکەن.
خەڵکی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتیش مامۆستایان و فەرمانبەران، لە درێژەی نارەزایەتی رەوایاندا بەدژی دزی و تاڵانی و هاوکات بۆ موچەو مافە زۆر سەرەتاییەکانیان وەکو دامەزراندن، پلە بەرزکردنەوە… زیاتر لە دەهەیەکە سیمای کۆمەڵگەیان گۆرێوە بە مەیدانێکی خەباتێکی نەبڕاوە. یاداشت نووسین، کۆبونەوە، بایکۆت، مانگرتن، خۆپیشاندان، چادر هەڵدان، یەخەگرتنی بەغدا و یوئێن… ئەو شێوازانەنە کە مامۆستایان و فەرمانبەران بە دەستیانەوە گرتوون. لە نارەزایەتییەکانی ئەم دوایەدا چادر هەڵدان لەبەردەم یوئین و “مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە” وەکو چەکێکی گوشار لەسەر دەسەلات لەلایەن بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستایان دەستی بۆ برا. ئەم مانگرتوانە نیشانیاندا ئامادەی مەرگن،!! لە پێناو کۆتاییهێنان بەو ستەم و غەدەری کە دەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی بە نەدانی موچەو دواخستن و بێبەشکردنیان لە دامەزراندن و راگرتنی پلە بەرزکردنەوە لێیان دەکات.. لەو نێوەدا توانیان پشتیوانییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی بەدەست بهێنن، کە لە بنەرەتدا ریشەی لە رەوایەتی نارەزایەتی و داخوازییەکانیاندا هەبوو.
یەکێک لەو شێوازی پشتیوانییە کۆمەڵایەتییە لە مامۆستایان و فەرمانبەران و خواستەکانیان، داخس4تنی دوکان وبازار بوو. داخستنی دوکان وبازار بۆ پشتیوانی لە بزوتنەوەی نارەزایەتی حەقخوازانەیان، تەنها پشتیوانیەک سادە نەبوو، بەڵکو هاوکات مانگرتنێکی جەماوەری کاسبکار و دوکاندارەکان بوو، بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو… ئەم مانگرتن و پشتیوانییە، ئەزمونێکی نوێ لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستان بوو. هاوکات ڕیگەگرتنی پارتی لەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە زۆنی زەرد نارەزایەتییەکانیان لە کۆبونەوە، یان مانگرتنیكدا نیشان بدەن و تا دەگاتە رێگری لەبەشیک لە مامۆستایان و فەرمانبەران تا نارەزایەتیەکانیان بگوازنەوە هەولێر و پەیامی خۆیان بگەیەنن، ئەزمونێکی تر بوو… ئەزموونێک کە ئەگەر ئەمجارە لە رێگای هیزو میلیشیاوە ڕیگەی لێ گیرا، بەڵام وەکو ئەلگۆیەکی نارەزایەتی خۆی نمایش کرد و هێندەی تر ناوەرۆکی پارتی و ترسی لە هیزی جەماوەری نیشاندا.
لە درێژەی هەر ئەم نارەزایەتی و مانگرتن و چادر هەڵدان و هەوڵ بۆ گواستنەوەی نارەزایەتییەکان بۆ زۆنی زەرد و داخستنی دوکان وبازار وەکو پشتیوانی… ئەمجارە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، خیمەیان بردە سەر رێگای عەربەت/ سلێمانی بۆ ریگەگرتن لە دزینی نەوت لە رێگای تانکەرەکانی حزب و کۆمپانیاکان… ئەم شێوازە لە خەبات، لە درێژەی شێوازەکانی تری تیکۆشاندا… ئەزمونێکی تر و پیشرەویەکی گەورەی لە هۆشیاری خەباتکارانەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری نیشاندا. نیشانیدا کە بۆ ناچار کردنی دەسەڵات دەبێت، دەست بۆ شێوازی تر ببرێت، شێوازیک کە دەسەڵات تەکان و ئازاری بدات و کۆسپ بخاتە بەردەم دزی و تاڵانی و دەماری ئابوری بگرێت.
ئەم هەنگاوە بەجێی و کاریگەرە بۆ رێگری کردن لە تانکەرە نەوت دزەکانی دەسەڵات و کۆمپانیاکان… خێرا دەسەلاتی سیاسی توشی راچەنین کرد و بەخێرایی کەوتە خۆی تا رێگەی پلانگێری و سەرکوتەوە ڕیگە لەوە بگرێت، ئەم ئەزموونی نارەزایەتییە گورزی کاریگەر بوەشێنێت و دەسەڵات ناچار بەوە بکات وەڵام بداتەوە. بۆیە زۆر بە خیرایی لەلایەکەوە بەپیلانی دوبەرەکی نانەوە لە نێوان مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی لەگەل شوفێرەکان و لەلایەکی تریش لە رێگای بەکارهێنانی هێزی ئاسایش و چەکدار و توندوتیژییەوە… نەخشەی پاشەکشەکردن بە نارەزایەتییەکانی دارشت و سەر ئەنجام توانی لە رێگای زەبر و زەنگ و سەرکوتەوە چادرەکە هەڵبگرێت و پاشەکشە بە مامۆستایان و فەرمانبەران، بکات. بەڵام ئەم توندوتیژی و ریگەگرتنە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی و مامۆستایان و فەرمانبەران، بووە ئەزموونێکی تری بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری.
ئەزموونێک کە بەرهەمی تیکۆشانێکی بەردەوامە بەڕووی نادادی و ستەمێک کە دەسەڵاتێکی تاڵانچی بێباک بەرامبەر بە فەرمانبەران و موچەخۆرانی دەکات و ئامادە نییە مافی زۆر سادەی خۆیان کە موچەیە دابەش بکات.
ئەم ئەزموونە لە خەبات کە بەرهەمی خۆ هوشیاری و پێشرەوی رۆژ بەرۆژی بزوتنەوەی نارەزایەتییە، حاسڵی ئەو راستیەیە کە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بە تەنها بەیاداشت نووسین، کۆبونەوە و مانگرتن و خۆپیشاندان و چادر هەڵدان و مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە… لەجێگایەک و یان چەقی شارەکان و کەشی کۆمەڵگەدا، مل نادات و ئاستی گوشارەکە یەکلاکەرەوە نییە، ئازاری زۆر بە جەستەی دەسەڵات ناگەیەنێت… بۆیە گواستنەوە و بەرەو پیش بردنی ئەم خەباتەو بەدەستەوە گرتنی ئەزموونی تر، کە راستەوخۆ دەسەڵات و شادەمارەکانی دزی و تاڵانی و سەرەوت کەڵەکردنی بگرێت، دەتوانێت دەسەڵات توشی شۆک بکات… ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی لە جێگایەک دەتوانێت ئەم شیوازە لە رێگای سەرکوت و فریوکارییەوە، خامۆش بکات، بەڵام مەحاڵە بتوانێت، کاریگەری ئەم ئەزموونەو گواستنەوەی بۆ جێگاکانی تر رابگرێت. خاڵە گومرگیەکانی و دەوازە سنوریەکان و رێگاکانی تری ڕێگای گواستنەوەی نەوت… تا دەگاتە گوێزانەوەی ئەم نارەزایەتیانە بۆ ناو گەرەک و کارگەو ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و راگرتنی کار تیایاندا و تەنانەت دەست بەسەرداگرتنی داهاتی ئەو کارگەو ناوەندانەی کە داهاتیان هەیە و دابەشکردنی لەکاتی خۆیدا لەلایەن کەسانی دڵسۆزی ئەو جێگایانە، ئەو ڕیگایەیە، کە دەسەڵات ناتوانێت خۆی لەبەرامبەریدا بگرێت… بەجیا لەوەی ئەم ئەلگۆیە دەستی دەسەڵات دەبەستێت، هاوکات ئیرادەی جەماوەری و توانای خودی جەماوەری ئەو شوێنانە نیشان دەدات.
دیارە لە هەر نارەزایەتیەکدا دەسەڵات نەخشە و پلان و کاردانەوەی هەیەو دەبێت. دەسەڵاتی سیاسی کۆمەڵگەی بێدەنگی دەوێت، کرێکار و کارمەندنی خامۆشی پێویستە، تا لە سایەییدا بەو جۆرەی دەیەوێت سەرمایە گوزاری بکات و قازانجی زۆرترو زۆتر، بخاتە باخەڵییەوە…
بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە بنەرەتدا، کاردانەوە و بەرگرییە لە ماف و داخوازی و ژیانێکی ئاسایی… مامۆستایان و فەرمانبەران وەکو بەشیکی بەرینی کۆمەڵگە، ناچار بەوە کراون کە دەنگ هەڵبڕن و نارەزایەتی دەرببرن تا مافە زۆر سادەو سەرەتاییەکانیان لە گەروی دەسەڵات، دەربکێشن. لەو چوارچیوەیەدا بیدەنگەی دەسەڵات و شانی خاڵی کردنەوەی لە بەرپرسیاریەتی، رێگەی کردۆتەوە کە مامۆستایان و فەرمانبەران هەر جارەی بەشیوازێک بێنە مەیدان و رێگای تر بگرنە بەر و ئەزمون سەر ئەزمون بخەن…
هەردوو ئەزموونی ئەم دوایە… راکیشانی پشتیوانی کۆمەڵگەو داخستنی دوکان و بازار و بردنی چادر بۆسەر رێگای تانکەرە نەوت هەڵگرەکان… دوو ئەزموونی نوێ و پر دەستکەوتی بزوتنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و نارەزایەتی جەماوەری لە کوردستانە، کە دەتوانێت لە درێژەی خۆیدا باڵانسی هیز بگۆرێت و ئەزموونی تر بەدەستەوە بگرێت و بگوازێتەوە بۆ جێگا و شوێنەکانی تر… سەرکوت و فریوکاری ئەگەر بتوانێت بەشێوەی کاتی پاشەکشە بە نارەزایەتیەکان بکات، بەڵام ناتوانێت ڕیگەی لێ بگرێت و رەوتی روو لەپیشی بەربەست بکات…
لە دڵی ئەم ئەزموون و پیشرەویانەی بزوتنەوەی نارەزایەتی لە کوردستان و کاردانەوەی دڵرەقانەی دەسەڵاتدا، دەستبردن بۆ رێکخراوبوون و پیکهێنانی ریکخراوەی مامۆستایان، بەشەکانی تر کە فەرمانبەران کاری تیدا دەکەن، تا پیکهێنانی رێکخراوەی پیشەیی و هاوئاهەنگی نێوان ئەو رێکخراوانە لەگەڵ یەکتری، بۆتە پێداویستییەکی لە دواخستن نەهاتوو، پیویستە هەڵسوراوان و رابەرانی ئەم جوڵانەوانە بەزووی دەست بۆ پێکهێنانی رێکخراوەی خۆیان ببەن لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، بێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای حزبی و سیاسی و دینی و…تاد.
سەرکەوتنی بزوتنەوەی نارەزایەتییە جەماوەریەکان لە کوردستان… بەر لەهەموو شت لە گرەوی رێکخراوبوون و هاوئاهەنگی و بەرچاو رۆشنی و زاڵبوونی ئاسۆیەکی شۆرشگێرانەیە بەسەر جوڵانەوە سیاسی و کۆمەلایەتیەکانیاندا.
کۆتایی شوباتی ٢٠٢٥